مەراسیمەکەی
زانکۆی شەرناخ و تەدارەکی پێشوازیکردن لە"مەسعود بارزانی"، تورکەکانی دڕدۆنگ
و کوردەکانی شادمانکرد. "دەوڵەت باخچەلی"، وەک دەم سپی ئەوان، ئاخ و داخەکەی
بەتیمی پرۆتۆکۆڵی میوانداریەکە ڕشت، رەخنەیەکی بەجێشی جێهێشت کەهەموان تێگەیشتین. زانیشمان ئەو لەهوتافات و سرود و ناو و ئاڵاکەی
سەر شانی پێشمەرگە دەهری ببوو بەڵام لەبەر خوڵکی میوانداری و خاترگرتنی هەلومەرجی
سیاسی و دڵڕاگرتنی لایەنەکانی ناوخۆی تورکیا تەنیا باسی لەتفەنگی لولەداری دەستەی
پارێزگاری میوانەکە کرد.
هەرچەندە وەڵامەکەی
"مەسعود بارزانی" بەناوی بارەگا و وتەبێژەوە بوو بەڵام هیچ گومانی تێدانیە
جگە لەخودی "بارزانی" هیچ کەس لەناو پارتی و خانەوادەی بارزانیدا،
ناتوانێ بەو زمانە و بەو دەستەواژە توندانە وەڵامی "باخچەلی" بداتەوە! هەر
خۆیشی پێشتر، بەو هەڵچون شێوازە توندە لەنوسین، لێدوان و رونکردنەوە، ناسراوە. ئەوەش
زانراوە کەلاپەڕەکەی دایە دەست دەستەودایەرەکەی ئیتر کەسێک بۆی نیە فاریزە و خاڵێکی
لێبگۆڕێت و وەک خۆی بڵاو دەکرێتەوە.
ساڵانی پێشوو،
جارێک بۆ راستکردنەوەی زمانەوانی و ناحاڵیبونی مەسەلەیەک لای بەرپرسی کەناڵێکی راگەیاندنی
پارتی رەخنەم لەپەیام و رونکردنەوەیەک گرت و پێم وت :
ناکرێت بەو
زمانە و ئەو هەموو هەڵە و پەڵەیەوە بەناوی نوسینگەی سەرۆکایەتی هەرێمەوە رونکردنەوە
بنوسرێت و بڵاو بکرێتەوە ! لەوەڵامدا وتی :
- بەخودێ منیش دەزانم
بەڵام سەرۆک خۆی نوسیویەتی و رێنماییەکان بۆ ئێمەیش وایە کەهیچ کەس ناتوانێ دەستکاری
یەک وشەی نوسینەکانی سەرۆک بکات.
ئێستا، کێشەکەمان
ئەوەنیە "مەسعود بارزانی" توڕەیە یان راوێژکار و هەڵەچنی بۆ نوسینەکانی
نیە.
قەیرانێکی جدی
دروستکراوە! کاریگەری لەسەر پرۆسەی ئاشتی دەبێت. چرای ئەو ئومێدەی کوردەکان بەدیداری
(بارزانی و ئاپۆ) هەیانبوو، کوژایەوە، کای کۆنە قینێک لای تورکەکان ئاگری گرتوە، تەنیا
بەپۆزشێکی "بارزانی" دائەمرکێتەوە.
ئەویش هەرگیز
ناینوسێت و نایڵێت ..!
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی