پارتی و یەكێتی و كۆمەڵگەی كوردی

3 کاتژمێر پێش ئێستا

لەتیف فاتیح فەرەج


سیاسەت و دۆخی سیاسی كوردستان و پەیوەندی حزبایەتی پاشەكشەیەكی مەترسیداری كردوە
جاران ئەگەر كێشەیەك ڕویبدایە خەڵكانی خەمخۆر ، لایەنە سیاسیەكانی دەرەوەی كێشەكە، مامۆستایانی ئاینی ، كەسایەتی كۆمەڵایەتی ، نوسەرو ڕۆشنبیر قسەی خۆیان دەكرد ، خوا هەڵناگرێت كێشەدارەكانیش گوێیان دەگرت و ئەهوەن دەبونەوە،سیاسی پێشتر ، مام جەلال ، كاك نەوشیروان ، بەرهەم ساڵح ، كاك مەسعود و نێچیرڤان بارزانی و هی دیكەش هەبوون بۆ گوێ‌ گرتن ، من بە سەعات لە گەڵ كاك فەلەكەدین گفت و گۆم كردوەو ڕەخنەم لە وەزارەتەكەی و حزبەكەشی گرتوە، لێ‌ ئەو گوێی گرتوە،ئەرێ‌ ئێستا كەس هەیە بۆ گوێگرتن .
گریمان  هەندێك هەبون بۆ گوێگرتن ، ئەرێ‌ كەس هەیە بۆ قسە كردن ، قسەیەك حسابی بۆ بكرێت ، ئەرێ‌ گەلۆ پارتی و یەكێتی بۆوا یان بەسەر هاتوە ، بۆ ناتوانن بە لۆژیك و ئاوەز دوو كێشە چارەسەر بكەن ، ئەوە بۆ ئەوەی بە دڵی لایە لەو دوولایەنەبێت ئاژاوە گێڕەو فیتنەیەو جاشی ئەم و ئەوە ، تۆ بڕوانەپارێزگاری پایتەخت بیت لە بری چارەسەری كێشەو دوو قسەی خێر بۆ بنەبڕكردنی كێشەكە جارێ‌ پەلاماری لایەكی تر بدەیت و بكەویتە تانەو تەشەر لێدان ، تۆ بڵێی ئەو خەڵكە بەو كارانە خۆیان خۆشەویست بكەن ، یان لە بنچینەدا ئامانجەكە خۆ لادانە لە چارەسەری كێشەكە.
دیمەنەكانی لالەزارو لاجان و كۆڕەوی ژن و مناڵی هەركی لە زێدی خۆیان ناشرینی دەسەڵات نیشان دەدات و نەبووننی ئاوەزی چارەسەری كێشە دەردەخات ، جا قوربان هەموو ناشرینە ئیتر ئێمە بەراورد بكەین یان نا ئەم جۆرە كارانە دەسەڵات لە مەرگ نزیكدەكاتەوە نەك ژیان ، دەردی ئازیزێك گوتی ئەمە بكەن و نەیكەن نیشانەی نەمانیانە، ئیتر با هەر خەنی بن بەوەی "پەح دەنگی زۆرهاتوە"، دەنگ كەمبێنەو درز مەخە پەیوەندی كۆمەڵایەتی كۆمەڵگەوە.
پارتی و یەكێتی پێویستیان بە كۆمەڵێك كەسی ئاوەزدارە لە شوێنێكا بیانوەستێنێ‌ ، دڵنیام لە ناو ئەو دوو حزبەدا ئاوەزدار زۆرن بۆ قسە ناكەن ، جێی سەرسامیە ، ئەدی بەرپرسانی ئۆپۆزسیۆن لە دۆخی لەم جۆرەدا لە كوێن ، ئەبو كاروان و سەلاحەدین محەمەد بەهادین و عەلی باپیرو عەلی حەمە ساڵح خۆ خوا نەخواستە ئەوانیش نەبراونەتە زیندانێكی دیكەی وڵات ، كەسایەتیە كۆمەڵایەتیەكان بۆ دەنگیان نیە ، ئەوە كەس نیە بچێ‌ لە دەرگای بارزانی باوك بدات و بڵێت " ئەزبەنی فریای نیشتمان سازی بكەوە هەموو پاڵاوگەی دنیا خوێنی مرۆڤێك ناهێنێت، دواتر ئەرێ‌ كەس نیە بپرسێت ئەم هەموو ملیار دۆلارە هی كێیە دراوە بە پاڵاوگە، باشە ناكرا ئەو كێشەیە بە لۆژیك چارەسەر بكرێت .
پارتی و یەكێتی حزب نەماون ، خۆ ئەگەر حزب مابان دەبوو ئێستا دەیان كادیری ئەو حزبانە ڕەخنەی حزبەكەی خۆیان بكردایە ، كەچی ئەوەندەی گوێ‌ بیستی پانكردنەوەی ماستاچی حزبین ، ئەوەندە گوێ‌ بیستی ڕەخنەنین، لە گەڵ ئەوەشدا میدیایەكی سێبەری مەترسی دار كە لەوە دەچێت هەندێكیان خەڵكی دەرەوەی كوردستانیش هەڵیان سوڕێنێ‌ دەیانەوێت هەر سبەی وڵات خوێن بیبا ، پەیتا پەیتا ئاگری شەڕ خۆش دەكەن ، یانی یەكێك لە هۆیەكانی ئەوەی ئێمە هێشتا لە دەرەوەی دیرۆكداین هەر ئەم خۆ خۆری و لەئاست یەكتر دڕیەیە.
من داوا لە بارزانی باوك و سەرۆكی حكومەت و سەرۆكی یەكێتی دەكەم لانی كەم با یەك ڕۆژ ئەوان لە بری ئەوەی هەر قسە بكەن و خەڵك ناچاری گوێگرتن بكەن ، خۆیان گوێ‌ بگرن ، با وێنەڕاستیەكە ببینن، وێنەی ئەوەی ئەوان ئێستا لای گشتە خەڵك چۆن دەبینرێن، من ئامادەم لە بەرچاوی كامێرا یان پشتەوەی كامێرا راستی وێنەكەیان نیشانبدەم ، هەر من نا خەڵكی تریش ، ئەرێ‌ گەلۆ سەرۆكی هەرێم لە هەموو ئەو ڕوداوانەلە كوێ‌ ئەوە هیچ جێگرەكانی بە میكرۆسكۆبیش نابینرێن .
تەقە كردن لە بەر پرسی كۆمیتەیەك و گرتنی بە برینداری، وەك ئەوە وایە بە لایەكەی تر بڵێی تۆش بەرپرسی ناوچەیەك تاقیبكەرەوە ، ئاخر چۆن حزب ئەوە دەكات .

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی