لەتورکیا چی دەگوزەرێت؟

48 خولەک پێش ئێستا

هیوا سەید سەلیم

دوای ئەوەی بابەتی چوونی کۆمسیۆنە پەرلەمانیەکەی تورکیا بۆ ئیمرالی و دیدار لەگەڵ ئۆجالان بە دەنگدان لەناو کۆمسیۆنەکە یەکلایکرایەوە. رۆژی 24ی تشرینی دوووەم شاندێکی سێ کەسی لە کۆمسیۆنەکە کە نوێنەرایەتی پارتەکانی ( ئەکەپە، مەهەپە، دەم پارتی) یان دەکرد بۆ  دیدار لەگەڵ ئۆجالان چوونە دورگەی ئیمرالی، بە هۆی بڕیاری کۆمسیۆنەکە شاندەکە هیچ کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیان ئەنجام نەدا، بەڵام دواتر لە زاری دوو کەس لە شاندەکە زانیاری دیدارەکە بۆ ڕای گشتی دزەیان کرد . 

شایانی باسە، چاوەڕواندەکرا دوای دیداری لیژنەی کۆمسیۆنەکەو ئۆجالان هەنگاوی دووەم لەپڕۆسەی چارەسەری لەتورکیا دەستپێبکات‌و هەمووان لەچاوەڕوانی دەوڵەت بوون بەمکارە هەڵبستێت، لەدەرکردنی یاساکانی پەیوەندار بەو پڕۆسەیە، بەڵام تائێستا هیج هەنگاوێک نەنراوە، هەربۆیە قەندیل لەزاری زیاتر لەبەرپرسێک ڕایگەیاند، "ئەوان هیچ هەنگاوێکی دیکە نانێن بگرە چاوەڕوانی دەوڵەت دەکەن".

پێنج رۆژ دوای دیدارەکەی ئیمراڵی مەسعود بارزانی بۆ بەشداریی لەدیداری مەلای جزیری بانگهێشتی پارێزگای شرناخ کرا، کە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆو والی شرناخ کارئاسانی بۆ سەردانەکەی کرابوو، هەر ئەوانیش پێشوازیان لێکرد، بارزانی لەکۆتایی وتارەکەی کە لەو بۆنەیە پێشکەشیکرد پشتیوانی لەپڕۆسەی ئاشتی دەربڕی‌و سوپاسی هەریەک لە(ئەردۆگان‌و ئۆجالان)ی کرد لەبەرامبەر ڕۆڵیان لەو پرۆسەیە بەبێئەوەی ناوی (دەوڵەت باخچەلی) بهێنێت کە لەو پرۆسەیە لەتورکیا بەئەندازیاری پڕۆسەی ئاشتی ناوی دێت.

ناونەهێنانی سەرۆکی پارتی نەتەوەپەرستی تورکیا لەوتارەکەی (بارزانی)دا باخچەلی نیگەرانکرد، ئەو نیگەرانیەکەی بەوە دەربڕی کە بۆچی ڕێگا بەبارزانی دراوە هێزێکی زۆری پێشمەرگە بەچەکەوە لەناو خاکی وڵاتەکی هاوڕێیەتی بارزانی بکەن؟ پرسیارەکەشی ئاڕاستەی بەرپرسانی وڵاتەکەی کردبوو.

شایانی باسە، وروژاندنی ئەو بابەتە لەلایەن دەوڵەت باخچەلی کە دواتر بووە مژاری ڕای گشتیی‌و میدیاکانی تورکیا، کارێکی ناوخۆیی تورکیا بوو دەبوو بەرپرسانی تورکیا وەڵامی پرسیارەکەی باخچەلی بدەنەوە، بەڵام ئەوەی دۆخەکەی زیاتر ئاڵۆزترکرد وەڵامی بارەگای بارزانی بوو بۆ ئەم پرسیارە کە بەشێوەیەک بوو کە شۆڤینیەکان‌و نەیارانی پڕۆسەی ئاشتی لەنموونەی بەرپرسانی ئی پارتی دۆخەکە بقۆزنەوەو پڕۆسەکەش بکەنە ئامانچ.

دواتریش دەوڵەت لەسەر ئاستی وەزارەتی ناوخۆو دەسەڵاتیش لەسەر ئاستی قسەکەری پارتی دادو گەشەپێدان (ئاکپارتی) داوای ڕوونکردنەوە لەپارتی دیموکراتی کوردستان بکەن سەبارەت بەتۆمەتبارکردنی (دەوڵەت باخچەلی) بە"شۆڤێنی‌و گورگە لەپێستی مەڕدا".

ئێستا لەتورکیا قەیرانێک  درووست بووە، بۆیە وا باشە ئەم قەیرانە بەشێوازی دبلۆماسی یەکلابکرێتەوە تا کاریگەریی لەسەر پڕۆسەی ئاشتی نەبێت‌و نەشکرێتە بیانوو بۆ نەیارانی پڕۆسەکە تا دژی بوەستنەوە.

گومانەکان زۆرن‌و پێشتریش (ئۆجالان)و تەنانەت (ئەردۆگان)یش هۆشداریان لەوه‌ داوە کە دەستێک هەبێت هەوڵی تێکدانی پڕۆسەکە بدات.

100 ساڵە لەو دەوڵەتە خەڵک بەوە ڕاهێندراوە کە تورکیا دەوڵەتی تورکە جگە لەتورک کەسی دیکە خاوەنی ئەو وڵاتە نییە، تێپەڕاندنی ئەو دۆخە ئاسان نییەو دەبێت بەهەستیاریی مامەڵەی لەگەڵ بکرێت.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە