نەمانی متمانە

1 کاتژمێر پێش ئێستا

شادمان مەلا حەسەن

ئەو بزووتنەوە سیاسیە چەکداریەی کوردستانی عێراق لەساڵی ١٩٦٤ کاتێ کەرت بوو، لەو ڕۆژەوە ئەوەندی کار لەسەر یەکتر تەخوین کردن و ناشیرین کردن کراوە، هەرگیز کار لەسەر یەکتر قبولکردن و هیچ نەبێ ناشیرین نەکردن نەکراوە، ئەدەبیاتێکی یەکجار دەوڵەمەند لە ڕۆژنامە و گۆڤار و کتێب هەیە لەم بارەیەوە. هەروەها خوێنی زۆریشی تێدا ڕژاوە. ساڵی ١٩٧٠ بەهەردوو بالەکەوە هەنگاوێکی باشیان نا کاتێ تێکەل بوونەوە. بەلام پێناچێ ئەوکاتیش متمانەی تەواو لەنێوان هەردوولایان دروست بوبێتەوە، چونکە کاتێ  ئەم بزووتنەوە سیاسی و چەکداریە لەدوای ساڵی ١٩٧٦بە  فۆڕمێکی تازە خۆی ڕێکخستەوە، زۆر بەتوندی کەوتنەوە گیانی یەکتر، ئەمەش نیشانەی ئەوەیەکە متمانەی تەواو دروست نەبووبۆوە. بۆیە یەکسەرکەوتنەوە ململانێ و شەڕی زۆر خوێناوی لەگەل یەکتر، ئەوە لەکاتێکدا پرسی چارەنووسی سیاسی کورد لە دۆخێکی خراپدا بوو، شەڕ و  پێکدا هەڵپژان یەک چرکەش نەوەستاوە، جگە  لەو یەک دوو مانگەی ڕاپەڕین و کۆڕەو د ووبارە گەڕانەوە. لە ئێستادا کە دۆخی ناوچەکە لەناو کورەی گۆڕاندایە و فۆڕمێکی تازە لەسیستەمی سیاسی دێتە کایەوە، ئەم دوو بالەی بزووتنەوە سیاسیەکە لەو پەڕی دڕدۆنگی و پێکدا هەڵپژانن. .متمانە لە ئاستی سفرە، خراپی ئێستا هەمووی ئەوەیە  تۆمەت و یەکتر ئازاردان بەناوی دامەزراوەی پێشمەرگە و ئاسایش و دادگا بەیەکی دەکەن. ئەمەش تابلێی خراپە بۆ هەرێم و دۆزی سیاسی و چارەنووسی کورد. هیوادارین دۆخەکە لەوە زیاتر تێنەپەڕێ، بوەستێ.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی