نەدۆڕاو (ئینڤیکتوس)ناونیشانی ئەو فیلمە ئەمریکییە بوو لەکانوونی دووەمی ساڵی 2009 لەساڵەکانی سینەمای ئەمریکی نمایشکرا، سیناریۆی فیلمە کە لەلایەن ئەنتۆنی پێکهام نووسەری ئەفریقای باشوورەوە نووسراوە، سەرچاوەی ئیلهامی فیلمەکەش ڕۆمانی (یاریکردن لەگەڵ دوژمن)ی جۆن کارلینە، ڕۆمانەکە لەبنەمادا دیوێکی ژیانی ماندێلا باسدەکات، نەدۆڕان، Invictus فیلمی ئینڤیکتوس کە ئەکتەری ناوداری ئەمریکی فریمان ڕۆڵی سەرەکی تێدا گێڕاوە.
باس لەئازادبوونی ماندێلا دەکات لەزیندانو هەڵبژاردنی وەک یەکەم سەرۆکی ڕەشپێستی ئەفریقای باشوور لە 10ی ئایاری 1994، دوای ئەوەی پارتەکەی، کۆنگرەی نیشتمانی ئەفریقا (ANC) سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەست هێنا لە یەکەم هەڵبژاردنی فرە ڕەگەزی وڵاتەکەدا. بابەتی سەرهکیو باڵکێش لەفیلمەکەدا بەکارهێنانو دروستکردنی ڕووداوێکە بۆ دەستپێکی سەردەمێکی نوێو جیاواز، ڕەگبیو وەرزش ئەو ڕووداوە بوو بەکارهێنران، وەک زمانێکی گشتگیر لەدژی جیاکاری ڕەگەزییو توندوتیژی لەوڵاتێکدا کە تازە لەئازارەکانی ئاپارتایدەوە بەرەو یەکسانی هەنگاو دەنا.
لەچانسو بەختی ئەفریقای باشوور ساڵی 1995 وەک وڵاتی میوانداری مۆندیالی ڕۆگبی هەڵبژێردرا، ڕووداوەکانی ناو فیلمەکە باسی هەوڵەکانی ماندێلا دەکات لەهەوڵێکدا بۆ کۆکردنەوەی سپیپێستەکانو ڕەشپێستەکان لەڕێگەی ڕووداوێکی وەرزشییەوە دوای ئاپارتاید، فیلمەکە نیشانیدەدات کە چۆن ماندێلا ئەز ڕووداوەی لەپڕۆژەی دژە ڕەگەزپەرستیدا بەکارهێناوە.
نمایشکردنی فیلمەکە لەکاتو ساتی خۆیداو تا ئەم ڕۆژگارە، لەگەڵ ڕوانگەیەکی سینەمایی بۆ ساتەوەختە سەرەکییەکانی ژیانی ئەو خەباتگێڕە ئازایەی ئەفریقاو جیهان دەنگدانەوەیەکی ئیجگار گەورەی بەدوای خۆیداهێناوە.
بابەتی ئێمە گێڕانەوەی ژیانی ماندێلا و ڕۆمانی یاریکردن لەگەڵ دوژمن نییە، بەقەد ئەوەی خستنەڕووی چەکی نەدۆڕانو لێبوردەییە، کە توانیی ببێتە ئەفسانەو قەڵای ئاپارتایدو توندوتیژی برۆخێنێ، لەزیندان نەدۆڕاو کە ئازادیش بوو نەدۆڕا بەسەر قینەو تۆڵەدا سەرکەوت، سەرکەوت بەمانای چینینەوەی ئازارەکانی سیاسەتی ئاپارتایدو پەرینەوە بۆ لێبوردەیی و دروست کردنی نیشتمانێک بۆ هەمووان.
بێگومان نووسەری سیناریۆکە ساتە وەختێکی مێژووی هەڵبژاردوە، ماندێلا بووەتە سەرۆکی ئەفریقای باشوور، وڵات لەبەردەم دەیان تەنگەژەوە بەربەست و بارودۆخی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و جیاکاریدا بووە، ئەوە سەرباری ئەوەی ئەفریقای باشوو وەک خانە خۆی میوانداری یاری ڕۆگبی نیو دەوڵەتی دەست نیشان کراوە.
ئا لێرەدا ماندێلا بڕیاری نەدۆڕانو لێبوردەیی دەدات، ماندێلا یاری ڕۆگبی دەکاتە خالی دەستپێکی یەکخستنی (ڕەشو سپی)، لەلایەک هەوڵی بەدەست هێنای سەرکەوتن و بردنەوەی یارییەکە دەدات، لە لایەکی تر دەیەوێت سەرنجی جیهان بۆ وڵاتەکەی کەمەندکێش بکات، لە لایەکی تریشەوە ماندێلا تیپی ڕۆگبی کە تیپی سپیپێستەکان بوو دەکاتە تیپی هەموو ئەفریقایی باشوو، زۆر دیمەنی جوان و هەست بزوێن لە فیلمەکەدا بەرجەستە کراون، ماندێلا دەڵێت لە زیندان شیعری (دانتی هێنلی بە ناوی( Invictus)سەرچاوەی ئیلهام و خۆڕاگریم بوو، نەک هەر ئەوە بەڵکوو بوو بە قیبلە نمام، بەڵێ (من کاپتنی ڕۆحی خۆمم، من وەستای (مایسترۆیی)چارەنووسی خۆمم).ناوی فیلمەکەش لە شیعرەکەی (شاعیری بەریتانی ویلیام ئێرنست هێنلی)وەرگیراوە.
بۆ ئێمەی کورد فیلمکە زۆر کاریگەرە، منیش زیاتر لە جارێک سەیری ئەو شاکارەم کردووە و هیوای من و هەموو کوردێک ئەوەیە لەناو گەلەکەی ئێمەش ماندیلاێک دەربکەوێت و ئیلهامەکەی شیعرە ناودارەکەی ئەحمەدی خانی، ڕۆمانی ژانی گەل ی مامۆستا ئیبرایم ئەحمەد، ڕۆمانی پێشمەرگەی ڕەحیمی قازی و ئاپێ موسا عەنتەرو ڕۆمانی داگیرکردنی تاریکی بەختیار عەلی و ڕۆمانی (دوا شەوی دابەزینی حەزرەتی عیسا)ی مامۆستا شێرزاد حەسەن و چیرۆکی بەرخودانی سەید عوبەیدوڵڵا نەھری، شێخ سەعیدی پیران، سەید رەزاو، چیرۆکی بەرخودانی کۆبانێ و رزگاربوانی چەکی کیمایی هەڵەبجە و ئەنفال، چیرۆکی ڕزگاربوان و بێ سەروشوێنانی شەنگال و دەیان و هەزارانی شیعر و ڕۆمان بەسەرهاتی تر بێت، بۆیە سەیرکردنەوەی فیلمی(Invictus) هەر سەیرکردنێکی ئاسایی نییە، بەڵکو گرنگەو چێژ بەخشە، چونکە پڕیەتی لەوانەو پەندو خۆدۆزینەوە، بردنەوە نەدۆڕانی ماندێلا زاڵبوونی بوو بەسەر خۆیداو خۆی نەدایە دەست ڕقو تۆڵە، بەلێبوردەیی بەباوەڕبوون بەدواڕۆژێکی گەشتر نەتەوەیەکی بێ جیاوازی دروستکرد، ئەو ئازادیخوازە خەڵاتی وڵاتە داگیرکەرەکانی ڕەتکردەوەو ساڵی 1993دا خەڵاتی نۆبێلی لەئاشتیدا پێبەخشرا، دوای 27 ساڵ زیندانی سەرکەوتو نەدۆڕا، بەو هیوایەی ئێمەش ئیتر نەدۆڕێنو بمان بێت ماندێلاو وڵاتو ئیتفاقو ئینقیاد.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی