ئەو خەونانەی بە ئاواتەوەبووین بێتەدی !!

4 کاتژمێر پێش ئێستا

محەمەد خۆشناو



بەداخەوە وا هەنگاو هەنگاو خەونەکانمانیان وەک سەڕاب لێکرد ، خەون بە یەکڕیزی و ڕێخستنەوەی نێو ماڵی کورد و خەون بەوەی کە ئینتیمای کوردبوون لە سەرووی هەموو ئیعتیبارێکەوە بێت ، کە تێیدا برایەتی کورد ببێتە ڕاستیەکی کلتووری جێگیر و ، خەون بەوەی کە ناحەزی کورد بەرانبەر کورد نەبێتە شتێکی ڕەسەن و ،  وایلێبێت کە بەیعەتدان بە دوژمن  بە ئەرک و لۆژیک دابنرێت لەپێناو لە زەویدانی برایەکەت وەکو ئەوەی ئێستا لەگەڵ یەکتری دەیکەین و ، ناحەزیەکی وا دروستبووە کە زۆر قوڕسە چارەسەر بکرێت یان تەجاوز بکرێت ، تەنها لەمیانی نەشتەرگەریەکی قوڕس بە ئامرازی پەروەردە و ڕۆشنبیریی و تەعلیم و هۆشیاری سیاسی و ئایینی و ئەخلاقی  ئەنجامبدرێت و ، ڕاگەیاندنیش بتوانێت بەهاکانی ڕەفتار و کۆمەڵایەتی و مەعریفی و ئابووری و سیاسی بڵاوبکاتەوە ، بۆئەوەی ببێتە بنکەیەکی تووند بۆ سەرلەنوێ بونیاتنانەوەی کەسایەتی کوردستانی لەڕێگەی هاوکێشەی ووردی نێوان ئازادی ڕادەربڕین و پاراستنی بەرژەوەندیە باڵاکانی نیشتیمان و پاڵپشتیکردنی ئازادیە گشتیەکان ، ئەوەتا وا دەبینین کە خەونی کورد ووردە ووردە وا کاڵ دەبێتەوە و ، کێشە و قەیرانەکان جێگەی تموح و دەستکەوتەکانی گرتۆتەوە و ، خەونەکان بۆتە بەرپرسیارێتیەکی شەخسی ، ئێمە ئێستا وەک کوێرێکین  بەڵام هەستی پێناکەین ، هەموومان کوێرین و بەکوێرێتی کوردستان بەڕێوەدەبەین ، ڕۆماننوسە ساحێرەکەی پورتوگال « سارامانگۆ » لە ڕۆمانی « کوێربوون »دا دەڵێت : ( خەراپترین جۆری کوێربوون ، ئەوەیە کە تۆ نەزانیت کوێری ) سارامانگۆ بێزارمان دەکات لەو خەونە و خەوە قوڵ و دەڵنەوای ساختە و ، ئەو قڵیشەی توێکڵە ناسکەی کە بانگەشەی بۆ دەکەین ئاشکرا دەکات ، سیستەم و قانون و ڕەوشتی دروستکراو و فەزیلەی ساختە ، بۆئەوەی پەردە لەسەر ئەخلاقی مێگەل لادەین کە ئەگەر ئەو توێکلە ناسکەمان شکاند سەرهەڵدەدات و بەمە ناوگەڵی هەمووان بەو گۆڕە وەردەبیت ، لێرەوە دیسان ئەو خەونە نامێنێت کە دەبینی وا ڕاستیت لێدیارە کەچی دەیشاریتەوە و  چاوپۆشێکی ڕەشی بەسەدادەدەیت ، خەون بەهێنانەدی دەستورێکی مەدەنی و پەرلەمانێکی کارا و حکومەتێکی یەکگرتوو و بەهێزی هەرێمی کوردستان دەبینم ، من بەچاوێکی سیاسی سەیری هەرێمی کوردستان ناکەم بەڵکە بە چاوی ئەزموون و تاقیکردنەوە ، وایدەبینم نیشتیمانەکەم پێویستی بە هەڵبژاردنی کەسانی کارامە و لێهاتوو بێموجامەلەکردن هەیە ، پێویستی بە چاودێریەکی تووند بێ ترسان لە نفوز هەیە و ، ئەنجا شەفافیەتێک کە ڕێز لە هاوڵاتی بگرێت وەک ئەو ڕێزەی کە وەبەرهێن لە سامانەکەی دەگرێت ، خەون بەوە دەبینم کە پەرلەمانی نیشتیمانەکەم بە کردەیی دەنگی گەل بێت ، بۆئەوەی بە ئامانجەکانی بگات ، لەهەمووشی گرنگتر هەڵبژاردنەکە بە دەنگی ڕاستەقینە بێت ، نەک لەژێر گوشار یان پارە و دەم چەورکردن ، بەئاواتم پڕۆسەی هەڵبژاردن بۆ کەسە باشەکان بێت نەک بۆ هەڵبژێردراوەکان و دووربێت لە پارەی سیاسی و پەرلەمان نەبێتە شوێنی کۆمەڵێک لە ( پشیلەی قەڵەو ) هەروەکو ئێستا دیبینین کە هەست بە ئێش و ئازاری گەل نەکرێت ، خەون بە پەرلەمانێک دەبینم کە بە خەڵک بچێت ، ئەو دەنگانەی تێدا بەرزبێت کە ڕێگای بازاڕەکان و کارگەکان و قوتابخانەکان و نەخۆشخانەکان دەزانن ، نەک دەنگی ئەو مەسئولانەی کە لە بورجی عاجیدا دەژین و ، ئەوانەی گەرمای شەقام ، شێلدراو بە قەلەباڵغی و فەوزا و ئازار و مەینەتی نازانن ، ئاواتەخوازم کەسانی لێهاتوو بۆ پۆستەکانی دەسەڵات دابنرێن نەک ئەوانەی پەیوەندی و سامانیان هەیە ، ئەگەر دەسەڵات دەیەوێت کارێکی سەرکەوتوو بۆ خزمەت ئەو گەلە ئەنجام بدات ، دەبێت ئەو کارە تەسلیمی ئەو کەسە بکات کە  پسپۆرە لە کارەکە و ئەرکەکە سەردەخات ، ئەندازیار دەبێت ئەندازیاری ڕاستەقینە بێت نەک « هاوڕێی تەمەن » ، هەر وڵاتێک بە خەڵکانی کارا نەک مەحسوبیەت و خزمایەتی هەڵدەستێتەوە ، ئا لەو خوێندنگایە کردەییە فەلسەفیە خەون بۆ کوردستان دەبینم هەروەک خەون بۆ پڕۆژە و ئایندەی خۆم دەبینم ، بەوەی کە دەست درێژ بکرێت بۆ ئەهلی پسپۆر و زانست و کارایی نەک ئەهلی متمانە ، بەوەی کە پیاوی شیاو لە شوێنی شیاو دابنرێت ، نەک بەو ڕووخسارانەی لەژێر گلۆپ باقوبریقیانە و لەیەک تاقیکردنەوەدا دەبنە هەڵم ،  خەون ئیتر تەنها قسەی تیۆری نیە ، بەڵکە کۆمەڵێک لە سیاسەتە کە تێیدا ژینگەیەک ئامادەدەکرێت بۆ هەموو مرۆڤ تا بتوانێت باشترینی ئەوەی هەیەتی پێشکەشی بکات ، بەڵام ئێستا هەندێک خەونەکانیان لەمیانی دەوڵەمەندی خێرا بەدیدەهێنن و ، ئەو پارەیان بە شوازێک پەیداکردووە کە کەس پێی ڕازی نیە ، ئەو خەونەی دەمانەوێت ئەوەیە کە تاکەکەس و وڵات تێیدا شەریکن ، خەونێک کە تاکەکەس لە ڕووی کۆمەڵایەتی و ئابووریەوە بەرەو پێش دەبات و ، وا لە نیشتیمانیش دەکات کە هەنگاوەکانی بەرەو پێشکەوتن و بووژانەوە ببات .

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی