دوو دێوەكە

4 کاتژمێر پێش ئێستا

نەبەز گۆران

هەر كارەساتێك ڕوودەدات لە باشووری كوردستان، پرسی بەخشین وەك ئاكارێكی كوردانە سەر هەڵدەدات. بەخشین و یارمەتیدان لەناو كورددا ڕیشەیەكی قوڵی هەیە و هەمیشە لە شوێنی خۆی دەمێنێتەوە.

بە پێچەوانەی دیدگاكانەوە، كارەسات و بە پیرەوە چوون سەرلەنوێ‌ مرۆڤی كورد پێكەوە گرێدەدات. چۆن جەژن دەبێت بەخوانێك بۆ كۆكردنەوەی گەل، بە هەمان شێوە كارەساتەكانیش دەبن بە خوانێك سۆزی پێكەوەبوون دروست دەكەن و، هەر كەسەو لای خۆیەوە دەیەوێت خەمی ماڵی ئەویتر بخوات. 

ئەوەی ئەمجارە ڕوویدا لە ناوچەكانی چەمچەماڵ و تەكیە، جارێكی تر هاوخەمی دروست كردەوە و لەسەرجەم شار و ناوچەكانەوە، پرسی بەخشین و هاوكاری دەستی پێكردەوە. (بەتایبەت هەولێر وەك هێزی بەخشین.) بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە، لەناو كۆی سەرمایەدارە گەورەكانی باشووردا، دوو دێو هەن، ئەم دوو دێوە، ژمارەی بەخشینەكەیان سەرسوڕهێنەرە، ئەمە واتای ئەوە نییە، جگە لەم دوو دێوە، دێوی نووستووی دیكەمان نییە، بە پێی داتاكانی ژووری بازرگانی شارەكان، زیاد لە سەد دێوی سەرمایەدار هەیە، بەڵام هەمیشە ئەم دووانە دێنە پێشەوە و ژمارەی گەورە دەبەخشن! وەك مرۆڤێك پرسیارێكی سادە دێت بە هزرتدا و دەڵێیت: بۆچی ئەوانیتر وەك ئەم دوو كارەكتەرە هێزی بەخشینەكانیان ژمارەی گەورە نین؟ هەر ئەوەندە...

هەرچۆنێك بێت كەسمان نیگەران نین لە كەم بەخشین، چونكە هەركەسە و بە دیدگای خۆی هێزی بەخشینەكەی دەخاتە ڕوو. ئەمما جێگای دڵخۆشی دەبوو، سەرمایەدارە گەورەكانی دیكە، وەك _كاك فاخیر و كاك فاروق_ بە گوژمەیەك بهاتنایەتە پێشەوە، كە ئیتر ئەو دیدگایە دروست ببووایە، دێوەكانی باشوور دەتوانن درزی كارەساتەكان پڕ بكەنەوە.

(لەكاتێكدا ئەركی حكومەتە ئەو كارانە بكات، ئەمما كە حكومەت كەوتە پەراوێزەوە، هێزی بەخشینی خەڵك و سەرمایەدارەكان، كەلێنەكە پڕ دەكەنەوە.)
_وشەی دێو: واتە: كەڵەگەت و بەهەیبەت.

 

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی