مەلیك و مام عەوڵا

9 کاتژمێر پێش ئێستا

زیرەک کەمال

لـە دەڤەر و کەونارای ئێمەدا، پیاوێك هەبوو ناوی مام عەوڵا بوو، ئەو پیاوە جگە لەوەی تابڵێی پیاوێکی ئاوەدان و قسەخۆش بوو، بەردەوامیش خۆی وا نیشاندەدا کەوا لە سەردەمی گەنجێتیدا و لە بەشی هەرەزۆری وێستگەکانی تەمەنیدا دۆست و هاوڕێی گیانی بەگیانی زۆربەی کار بەدەست و دەست ڕۆیشتوو و پیاوە دەسەڵات دارەکانی وڵات بووە.
بەردەوام واشی نیشاندەدا کەوا جاران زۆربەی هەر زۆری بەرپرسەکانی وڵا ت بۆ ڕایکردن و بەڕێوەبردنی ئیشوکاری سیاسی و ئیداری و حکومی و حزبی خۆیان، بە بەردەوامی پرس و ڕاوێژیان بەو کردووە. بۆ نموونە کە ناوی مەلیکی عێڕاق دەهات، ڕووی لە ئامادەبووان دەکرد و دەیگوت بڕوا بکەن خەڵکینە، دانیشتن قسە و مەجلیس و چاخواردنەوە بەس لەگەل مەلیك خۆش بوو.
 هەڵبەت ئەو قسەیەش  مانای ئەوەی دەدا، یان مەبەستی ئەوبوو کە لەگەڵ مەلیك برادەربووە و چاشی خواردۆتەوە.
ڕۆژێکیان مام عەوڵا قسەوباسی هێنایەوە سەر مەلیك و گوتی، مەلیك تا بڵێی پیاوێکی قسە خۆش و زمان پاراوو بوو، زۆر حەزی لە نوکتە بوو،
 گوێگرێکی باش بوو، بڕوا بکەن جاری واهەبووە بە سعات قسەم بۆ کردووە و بەسەرهاتم بۆ گێڕاوەتەوە.
مەلیك گوێیی لێدەگرتم و هەرگیز قسەی پێ نەدەبڕیم.
 ئەوەی لە هەمووی سەیرتر بوو ئەوەبوو کە هەموومان دەمانزانی مام عەوڵا عەرەبی نەدەزانی و قەتیش بەغدای نەدیتبوو. ڕۆژێك پێم گوت مام عەوڵا
خۆ تۆ عەرەبی نازانی و بە چ شێوەیەك و چۆن
قسەت لەگەڵ مەلیك دەکرد؟
یەکسەر لە خەت لایدا و مەوزوعەکەی گۆڕی و گوتی: بەڵێ بەڵێ تا بڵێی پیاوی باش بوو مەلیك، خۆی بە بابی میللەت دەزانی.
 منیش پێداگریم لەسەر پرسیارەکەی خۆم کرد و پێم گوتەوە ئاخر تۆ عەرەبی نازانی چۆن ئاوا بە گەرمی مەجلیست لەگەڵ مەلیك دادەنا؟ کەچی ئەو جارەش مام عەوڵا گێڕی گۆڕی و گوتی: بەڵێ بەڵێ هەر مەلیك نا بەڵکو حەمە قەدۆی موسڵیش تا بڵێی پیاوی باش بوو.
ڕۆژێکیان لەسەر تاتی مزگەوتی ئاوایی دانیشتبووین، مام عەوڵا گوتی: هەتا ئێستاش من زۆر
لە کاربەدەستانی وڵات دەناسم و هەرچی پێیان بڵێم بە قسەم دەکەن، عەلۆی هاوڕێشم پێی گوت دەباشە ئیشێکم کەوتۆتە فەرمانگەی نفوسی ڕانیە، نامەیەکم بۆ بەرپرسی ئەو فەرمانگەیە بۆ
بنووسە و بۆی دەبەم، بەڵکوو ئەمە خوایە و ئیشەکەم بۆ ڕایی بکا؟ کەچی مام عەوڵا گوتی: بە سەری تۆ نایناسم، بەس لەگەڵ بەڕێوەبەری نفوسی بەغداێی ڕوح بەڕوح برادەرم.
 ئەوەی لە هەمووی سەیرتر بوو ئەوە بوو: ئێمە هەموومان بە قسەکانی پێدەکەنین و وەکو درۆ لێمان وەردەگرت، کەچی ئەو وەك و ڕاستییەکی ڕەها قسەکانی دەکرد.
من کە ئێستا بە قووڵی لە واقیعی ئێستا ڕادەمێنم، لای من مام عەوڵا پەپولەیە لەچاو ئەو چەواشەکاری و پڕوپاگەندە جۆراوجۆرانەی ڕۆژانە لە میدیا جۆراوجۆرەکانەوە وەك هەقیقەت دەبەشرێنەوە بە بیسەر و بینەران. مام عەوڵا جاران درۆی بەس لۆ گروپ و گوندەکی دەکردن
 ئێستا درۆ بۆ میللەت و وڵاتێك دەکرێ.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی