چەمچەماڵ، دوای لافاوەکە

4 کاتژمێر پێش ئێستا

عەزیز ڕەئووف


یەکەم: دڵسۆزی خەڵکی کوردستان و بەتەنگەوەهاتنی شارەکانمان، پێمان دەڵێت ئەم کۆمەڵگەیە هێشتا هەناسەی ئەوەی تێدایە قوربانی  بۆ بدەین. چەمچەماڵ سەلماندی کە کؤڵانەکانی ئێمە، دنیای ئێمە، پرە لە مرۆڤی جوان و کارەکتەری نەجیب.
دووەم: دوای لافاوەکە زیاتر دەرکەوت کە چ بۆشاییەکی گەورە لەنێوان چینەکانی کۆمەڵگەدا هەیە، مرۆڤگەلێک تا نزمترین ئاستی هەژاری و سەرمایەداران و پەرپرسانێکیش تا ئاستی باڵا دەوڵەمەند و جیاواز لە خەڵکی ئاسایی.
سێیەم: بە سزاگەیاندنی بەرپرسانی چەمچەماڵ بەس نییە  و ئەسڵەن بەرپرسانی حکومی بە گشتی و لەم ناوچەیەش یەکێتی و دەسەڵاتی خۆجێی سلێمانی و پارێزگار و دەسەڵاتە باڵاکانی سەروو چەمچەماڵ بەرپرسن. تۆڕەکەی ئەمجارەش ماسییە بچوکەکانی پێوە بوو لەکاتێکدا، ماسییە گەورەکان وەک هەر جارێکی تر خۆیان لە قەیران و بەرپرسیارێتی ڕزگارکرد.
چوارەم: ململانێی حزبەکان و شۆی زیاد لە پیویستی بەرپرسان و ململانێی ناشەریفانەی هێزەکان لەڕێگەی میدیاوە، ناشرینترین کردەی دوای لافاوەکە بوو.
پێنجەم: بێسەروبەرەی لە کۆکردنەوەی کۆمەک و زیاد لە دەخیلەیەک، هەرکەس بۆخۆیی و نەبوونی داتایەکی ڕاست و ڕەوان لەبارەی زیانلێکەوتووانەوە، دیمەنە ناشرینەکەی دوای لافاوەکەیە.
شەشەم: پیشاندانی خەڵک وەک جۆرێک لە مرۆڤی لاواز و کروزانەوە و گواستنەوەی وێنەی چەمچەماڵ وەک بێدەسەڵاتێک کە چاویان لەدەستی ئەوانی ترە، سیمایەکی دیاری دوای لافاوەکەیە. شاری ئەنفال و شەهیدان، پیشاندانی وەک شارێکی لاواز و بێهێز لەئاست ڕووداوە سروشتییەکان، لە  وزە و گیانی بەرەنگاری ئەم شارە کەم دەکاتەوە.
حەوتەم: پارە و داهاتی سەرمایەدارەکان بەر لە هەرشت پیویستە لە پرۆژەی گەورەدا سەرف بکرێت و لانی کەم بۆ ئەم هاوینەی داهاتوو چەمچەماڵ کێشەیەکی نەمێنێت بەناوی کێشەی بێ ئاوی و پرۆژەی گەورە بکرێت بۆ چارەسەرکردنی بێکاری گەنجان لەو شارەدا.
هەشتەم: دەبێت ئەم ڕووداوە وا بکات کە سنورێک بۆ دەسەڵات و بەرپرسان دابنرێت و گیانی کروزانەوە بگۆڕێت بە گیانی یاخیبوون و قبوڵنەکردنی ئەو هەموو بێ حورمەتییەی کە چەندین ساڵە بەو شارە دەکرێت. فشاری گەورە بۆ سەرفکردنی داهاتی غازی سروشتی بۆ چەمچەماڵ دەبێت لە ئەولەویەتی دڵسۆزان و کۆی چین و توێژەکانی ناوجەکەدابێت.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی