دوێنێ کەسێکی دیاری ناو باندەکانی جۆلانی هێرشێکی چەکداری کردە سەر شاندێکی
سوپای ئەمریکا لە بنکەی تەدمر.
شاندە ئەمریکییەکە بۆ هەماهەنگی کردن لە شەڕی دژی تیرۆر و داعش لەگەڵ
هاوتاکانیان لە باندەکانی ناو وەزارەتی بەرگری جۆلانی هاتبوون بۆ تەدمر.
ئەمریکییەکان بێ خەیاڵ لەوەی، جیاوازی نێوان جۆلانی و داعش وەک جیاوازی
نێوان توتە و برای توتەیە و سەرەنجام لەلایەن کەسێکی نزیک لە ئەنەس خەتاب، وەزیری ناوخۆی
باندەکەی جۆلانی خەڵتانی خوێن کران.
١٠ساڵ زیاترە و بە سەدان و هەزاران کەس لە سوپای ئەمریکی لە شار و دێهات
و گوندەوارەکانی رۆژاڤا شان بەشانی شەڕڤانان دەسوڕێنەوە.
ئەمریکییەکان بۆ دە ساڵ دەچێت بە شەو و بە رۆژ هەر لە شەڕی دەستەویەخە
و سەنگەر و گۆڕەپانەکانی راهێنانەوە تا هۆڵی کۆبوونەوە و ئاهەنگەکان و لە سەر جادە
و شەقام و کۆڵانەکان سەریان تەسلیمی شەڕڤانانی کورد کردووە.
لەم دە ساڵەدا تاکە سەربازێکی ئەمریکی نەک پەنجەیەک، نینۆکێکیشی بە خوێندا
نەهاتووە.
بەڵام لەگەڵ یەکەم ئەزموونی مەیدانیان لەگەڵ باندەکانی جۆلانی خیانەتیان
لێکرا و حیزفرسەتانە خەڵتانی خوێن کران.
سەرەڕای ئەوەش، هەموو کۆمەڵگای نێو دەوڵەتی هەر لە ترەمپ و ئەردۆغان و
بن سەلمانەوە تا دوا سەرۆک و پادشای دەغەڵی ئەم سەردەمە… هەر لە نەتەوە یەکگرتووەکانەوە
تا فاشیسترین و خوێناوی ترین رێخراوی عاڕەبی و تورکەکان، داوا دەکەن شەڕڤانان چارەنوسی خۆیان بە تاک یان
بەکۆ بدەنە دەست جۆلانی و بچنە ژێر فەرمانی خۆی و باندەکانیەوە.
هەر ئەوە نا…
باندەکانی جۆلانی، دە ساڵ زیاترە دەبڕن، دەکوژن و تیرۆر لە هەرە دیوە
وەحشیانەکەیەوە ئەنجام دەدەن.
لەم بڕین و کوشتنەدا جیاوازیان لە نێوان چەکدار و بێچەک، سەرباز و مەدەنی،
ژن و پیاو، مناڵ و پیر نەکردووە، هەر کەسێک سەر بە فیرقە خوێناویەکەی جۆلانی نەبووبێ
بێڕەحمانە قەتڵ و عام و تیرۆر کراوە.
قەتڵ و عام و تیرۆرێکی هێندە بەرفراوان کە کۆمەڵگای نێودەوڵەی ناچار کرد
تا زۆربەیان، بە خودی جۆلانیشەوە بخەنە ناو
لیستی تیرۆرەوە.
تا ئێستاش زۆربەی باندەکانی جۆلانی لەلیستی تیرۆر دان، لەوانەش ئەبو عەمشە
و ئەبوو شەقرا، کە دوو لە چەتەکانی سەر بە ئەردۆغان کە ئێستا فەرماندەی فیرقەن لای
جۆلانی.
تەنانەت هێشتا خەڵاتی ١٠ ملیۆن دۆلار بەرامبەر کەللەی خودی جۆلانی هەر
لەسەر ماڵپەڕی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکیەکانە.
لەبەرامبەردا…
شەڕڤانانی کورد، بەسەرکردایەتی ژەنەڕاڵ مزڵوم عەبدی و بە ١٥ هەزار شەهیدەوە
بۆ پاراستنی گەلەکەیان و ئینجا مرۆڤایەتی، رووبەڕووی وەیشومەی داعش بوونەوە و کۆتاییان
بەو ئەفسانە دۆزەخیەی سەدەی ٢١ هێنا.
بەر لە کۆتایی هێنانی لەسەر دەستی شەڕڤانان، داعش ئەو وەیشومەیە بوو کە
سوپای هەردوو کیانە فاشی و دەسکردەکەی سوریا و عێڕاقی وەک لێمشتی باران رادەماڵی و
گەییشتبووە کەنار شارەکانی دیمەشق و بەغدا.
کەچی وڵاتان و نەتەوەکان و سەرۆکەکانی ئەم سیستەمە ناڕەوا و بەراواژووە
جیهانییە، مەزڵوم عەبدیان لەبیر کرد و جۆلانیش خەڵات دەکەن.
ئەوەی ژەنەڕاڵ مەزڵوم و جۆلانی تیرۆریست لێک جیا دەکاتەوە ئەو قاوغەیە
کە پێی دەڵێن دەوڵەت.
مەزڵوم کوڕی نەتەوەیەکی ژێردەستە و بێدەوڵەتە و جۆلانیش تاکێکی دەوڵەتیە،
با ئەو دەوڵەتە کیانێکی دەسکرد و فاشی و فاشیلی وەک سوریاش بێت.
لێرەدا مەزڵوم عەبدی لە دۆخێکدا نوێنەرایەتی نەتەوەیەکی سی تا چل ملیۆنی
دەکات، کە دەکرێت بە دۆخی نەفرەتی، روونتر بڵێم “نەفرەتی کوردبوون” پێناسە بکرێت.
کورد لەم دۆخە نەفرەتییەیدا لە رەشپێستە ئەفریقیەکان لە ناو میتۆلۆژیای
ئایینە ئیبڕاهیمییەکان دەچێت.
بەگوێرەی ئەو میتۆلۆژیایە، حەزرەتی نوح نەفرەتی لە نەوەکانی هام و کەنعان
کردووە کە نەوە و وەچەکانیان گوایە رەشپێستە ئەفریقیەکانن.
ئەم نەفرەت کردنە بووە سەرەتایەک بۆ هەزاران ساڵ کۆیلەکردنی رەشپێستە
ئەفریقیەکان و کڕین و فرۆشتن پێیان.
رەشپێستە ئەفریقیەکان لەسەدەی بیستەمدا دۆخی نەفرەتیان تێپەڕاند. بەتایبەتی
دوای جاڕنامەی مافی مرۆڤ و مافی نەتەوەکان بۆ دیاریکردنی چارەنوس، ئەوان بوونە خاوەنی
دەوڵەت.
هەرچەند کاریگەری هەزاران ساڵەی کۆیلەبوونیان هێشتا لەدەست و پێوەندا
ماوەتەوە، بەڵام ئەوان چیتر نەوەی هام و کەنعانی نەفرەت لێکراو نین، ئیتر ئەوان کۆمەڵێک
نەتەوە و وڵاتی ئازادن…
ئەوەی لەو سەردەمەدا وەک تاکە نەتەوەی نەفرەت لێکراو ماوەتەوە کوردە،
مەزڵوم عەبدی و شەڕڤانانی رۆژاڤاش باجی ئەو نەفرەتە دەدەن، نەفرەتی کورد بوون.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی