ڕۆژئاوای کوردستان لەبەردەم ئەگەری شەڕێکی چارەنووس سازدا

2 کاتژمێر پێش ئێستا

حەمەدەمین سلێمان

بەدرێژایی نزیکەی پازدە ساڵی ڕابردوو هەر لەگەڵ دروست بوونی کانتۆنەکانی ڕۆژ ئاوای کوردستان و هێزەکانی سوریای دیموکرات لەگەرمەی خۆپێشاندان و ڕاپەڕینی گەلانی سوریادا، دەوڵەتی تورکیا وەک مۆتەکەیێک لەو دەستکەوتەی ئەو بەشەی کوردستانی ڕوانیووە و بەبیانوی جۆراوجۆر و مەترسی بۆسەر ئاسایشی وڵاتەکەی کەوتووەتە دژایەتیێکی توند و شێلگیر بۆ لەناوبردنی ئەو ئەزموونەی ڕۆژ ئاوای کوردستان .

نەخشەو پیلانەکانی تورک هەر لە تیرۆر کردنی کادیر و سەرکردەکان لەڕێی هێرشە درۆنییەکانەوە بگرە تا تۆپباران و بۆردومانی شار و شارۆچکە و دامەزراوەکان، بە ئامانج گرتنی ژێرخانی ئابووریی، هاوکات دنەدانی گروپە تیرۆرستییەکان بۆ هێرشکردن و پشێوی نانەوە، هەروەها ناوزەدکردنی "هەسەدە" وەک ڕێکخراوێکی تیرۆرستیی و سەیرکردنی وەک بەشێک لە "پەکەکە" کە ئامانج لێی ناساندن و خزاندنی ئەو هێزە بووە بۆ نێو بازنەی ڕێکخراوە تیرۆرستییەکان، تا ئەو پشتیوانییەی لێداماڵێت کە لە ئەمریکا و هێندێ وڵاتی دی هاوپەیمان بەدەستی هێناوە، هەموو ئەوانەو زۆر زێتریش سیاسەت گەلێکی بێ ئاکام بوون بۆ خەفە کردنی پشکۆی تازە گەشاوەی نێو ژیلەمۆی بەرخودانی کوردانی ڕۆژئاوا ! 

لە ئێستادا کە کەیسی ڕۆژ ئاوای کوردستان بووەتە بابەتێکی گەرم و هەستیاری نێو هاوکێشەی ململانێ و کێشە ئاڵۆزەکانی ناوچەکە؛ سەرباری هەموو هەڕەشە و پیلانەکانی تورکیا تادێ"هەسەدە" وەک هێزێکی چالاک و بزێوی نێو هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی شەڕ لەدژی داعش و جێی متمانەی ئەمریکا کاریگەرتر و گەشەکردووتر دەردەکەوێت و پڕجەکتر دەکرێت، ئەوەش تورکیای تەنگەتاو و هەراسانتر کردووە و هەر لەبەر ئەوەش ئێستا پرسی چەکدانانی هەسەدەی گرێداوەتەوە بە پڕۆسەی ئاشتی نێوخۆی وڵاتەکەی و بە لاواندنەوە و ورووژاندنی هەست و سۆزی کورد دەیەوێت لەڕێی بەڕێز "ئۆجەلان"ەوە ئەو کێشەیە هەڵببڕێت . بەڵام وەک چاوەڕوان دەکراو و هەستی پێدەکرێت تێڕوانینی"ئۆجەلان" یش بۆ ئەو بابەتە ئاو بەدڵی گەرمی تورکیادا ناکات، بۆیە لە ئێستادا لە قسەی بەرپرسانی تورکیا جۆرێک لە تۆنی هەڕەشە و جیاوازییێک لە ڕیتمی نەرمی پێشتر هەستی پێدەکرێت، کە ئەوەش تا ئاستێکی زۆر بێهیوا بوونی تورکیا لە هەموو ئەو پیلان و سیناریۆیانە پێشاندەدات کە لە ویستگە جیاوازەکانی ڕابردوودا دژ بەو بەشەی کوردستان دەسبەتاڵ لێی دەرچووە. دیارە ئەو بێهیوا بوونەش لێی چاوەڕوان دەکرێت تورکیا جارێکی دی هانی گروپە چەکدارەکانی سوریا بدات بۆ نانەوەی ئاژاوە و هەڵگیرساندنی شەڕێکی دژوار لە دژی ڕۆژ ئاوای کوردستان،  لە ئەگەری وەها ڕووداوێکدا بێگومان هاوشێوەی شەڕەکانی پێشتر و بۆردومانە چڕ و هێرش و پەلامارە بەردەوامەکانی سەر بەنداوی تشرين و پردی قەرەقۆزاق لە ڕابردوودا، ئەو پیلانەش شکست دێنێ و بە ئەگەری زۆرەوە وەها شەڕێک فۆڕمێکی نوێ لە گۆڕەپانی سیاسیی سوریادا بەدوای خۆیدا دێنێ و ڕۆژ ئاوای کوردستان ڕووە و ئاستێکی باڵاتر لەوەی ئێستا دەبات، کە دەرگای ئیمڕاڵی و دیمەشق بەڕووی کوردا کراوەتەوە .

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی