یەکێک لەخەسڵەتەکانی حکومەتە داگیرکەرەکانی کوردستان لە هەر چوار پارچەدا ، بوونی کەسانێکن بە ناوی کوردو پشکی کورد لە حکومەت و ۆڵی کوردستان لەبەڕێوەبردنی وڵاتو چیو چیدا، وەلی چۆن رۆڵێک و چۆن کەسانێک.
لەساڵی 1930 کاتێک لە سەرای شاری سلێمانی کە ناوەندی شارە ، بۆ یەکەمین جار لە هەموو عێراق کوردو سلێمانی ، بە پێشرەوی منەوەرانی ئەو شارە ، هەستان بە رێکخستنی خۆپیشاندانێکی عەسری و ، بۆ یەکەم جار خەڵکی عێراق لەوکاتەوە و لە سلێمانیەوە فێر بوون ، بە بەرزکردنەوەی لافیتە ، خواست و دروشمەکانی، شیوازی نارەزایەتی بەرامبەر دەسەڵات بەرز بکەنەوە ، لە ئەنجامدا پێکدادان لە نێوان خەڵکی ڕاپەریوی شار بە نوێنەرایەتی مافی کوردستان و دەسەڵاتی ئینگلیز بە ناوی حکومەتی عیراق ڕودەدات ، چیرۆکەکەی زانراوەو ئاشکرایە، بە کارەساتی شەشی رەشی ئەیلول لە مێژودا تۆمار کراوە ، شاعیرەکان و نوسەران شیعری کاریگەریان بۆ نوسیوە و دەیان چیرۆک و رۆمانیش بە هەوێنی ئەو کارەساتە لەدایک بوون ، لە ناویاندا گۆرانی شاعیر دەڵێ ( ئەی حکومەت تا نەکەی تەسبیت ، حقوقی کوردەواری نایەوێ کورد ئینتخاباتت ، ئەوانەی بانگ کراون ، تۆ بە قوەت دەوریان دەگریت ، دەنی و قازانچ پەرستن ، هیچ نەبێ پێێان موبالاتت).
ئەمەیە کرۆکی بابەتەکە ، دەنی و قازانچ پەرست ، حکومەتەکانی بەغداو ئەنکەرەو تاران و دیمەشق ، هەمیشە لە ڕێگەی ئەو کەسایەتیە دەنی و قازانچ پەرست و خۆفرۆش و میلەت فرۆشانەوە ، ویستویانە ، پیشانی دنیای دەرەوەی خۆیان بدەن ، کە فەرموو ئەوەتا کورد لە بەرزترین پلەی دەوڵەتداری حکومەتدایە ، ئەوانەی نارازین و داویانەتە شاخ ،لە رێگرو جاش و چی و چی زیاتر نین ، بەڵام بۆ داماوی درۆی خۆیان، هەمیشە لەگەڵ ئەو هەڵگەراوانە دەکەونە یان کەوتونەتە گفتوگۆ ،بۆ چارەکردنی کێشەی مافی کورد.
نەوشیروان مستەفا لە یاداشتەکانی خۆیداو لە کتێبی خولانەوە لە بازنەدا ، لەبەشی گفتوگۆ لە نێوان یەکێتی و حکومەتی صدام دەڵێ ، (سەرەتای گفتوگۆ صدام مەلەفی گفتوگۆی دابوو بە گارق عزیز ، وەزیری دەرەوە بوو ، جارێک پێێ وتین دەبێت ببورن من کۆبونەوەیەکی گرنگم هەیە لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەبی دەبێت بەشدار بم ، ئەم ماوەیە ئێوە فرسەتە لە بەغدا دەتوانن بگەرێن و سەردانی کەسایەتی حیزبی و حکومی و خەڵکی تر بکەن ، یان دەگەرێنەوە بۆلای خۆتان و دوایی دێنەوە خۆتان ئازادن ، دەڵێ بە فرسەتمان زانی کە سەردانی هەندێ شوێن و کەسایەتی بکەین ، لەناویاندا گە یاسین رەمەزان لە هەمویان بێ مروەت ترو ، ساردو میوان ناپەروەر بوو ، ڕەنگە ئەمەش کێشەکەی بگەرێتەوە بۆ کورد بوونی ، گە کوردو جەزراوی بوو ، باوکو دایکی تا مردن نەیان توانی فێری زمانی عەرەبی ببن ، رەنگە هۆکار ئەوەبێت بیەوێت بیسەلمێنیت ، کە ئەو لەوانی تر عەرەبترو بەعسی ترە.
لە سوریاو ئێرانیش هەمان ئەم چیرۆکانە دووبارە بونەتەوە ، خەڵکانی گۆران واتەنی دەنی و قازانج پەرست ، خۆیان کردوە یان کراون بە نوێنەری میلەت ، ئەمما هەرگیز نەبوون و ناشبن ، لە رسوایەتی هیچی تریان بۆ تۆمار نەکراوە. لێرەوە با خاکەنازێک لە گۆڕی رژێمی صدام بدەین و بزانین دوای ئەو سەرۆک کۆمار چۆن سەرۆک کۆمارێکە وا پشکی کوردە.
دوای روخانی رژێمی بەعسی صدام ، عێراق دەستورێکی نوێی نوسیەوە ، بە دانپێدانانی هەموو کەسانی شارەزاو پسپۆڕ لەو بوارەدا ، باشترین دەستورە کە نوسرابێتەوە ، بە پێی ئەو دەستورە عیراق کراوە بە سێ کەرتەوە ، دەسەڵاتی حوکمکردن ، سەرۆک وەزیران دەیکات و پشکی شیعەیە چونکە زۆرینەی ، دەسەڵاتی یاسادانان ، سەرۆکی پەرلەمان ، پشکی سونەیە ، سەرۆک کۆمار پشکی کوردە ، وەلی سالم واتەنی ( بەختی صیدی ئێمە صەیادی فەلەک کارێکی کرد ) ئەم سەرۆک کۆمارە کە پۆستێکی تەشریفایەتیە ، هەندێ دەسەڵاتی دەستوری هەیە ، بەڵام نە دەسەڵاتەکانی بە یاسا لە پەرلەمان کارا و هەموار کراوە ، وە نە کوردیش بەهۆی دوو ئیدارەیی یەکێتی و پارتی توانیویەتی ،ئەو پۆستە بخاتە خزمەتی دۆزی کوردەوە ، ئەمەش جارێکی تر بە دیوێکی تردا ، بوە بەو پۆستەی کە تەنها سەرۆک کۆمارەکەو چواردەورەکەی و ئەعوانەکانی لە موچەی قەبەو ئیمتیازاتی ماڵی و خۆدەوڵەمەند کردن لێی سودمەند دەبن ، واتە دەسەڵاتی سەرۆک کۆمار کراوە بە دەسەڵاتەکانی گە محێدین مەعروف کە ٤٠ ساڵ جێگری سەرۆک کۆمار بوو ،وەلی بۆ بیبینی سەرۆک کۆمار سێ هەفتە وەختی دەویست تا بیبینێت بە ئیعترافی خۆی . ئیتر درێژدادڕی نەکەم پێێم وابێ ، هەرکەسێ نادان نەبێت خۆی تالبی مەنا دەکات .
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی