هاتنە دەرەوە لەئەشكەوتەكە!

2 کاتژمێر پێش ئێستا

هەندرێن شێخ ڕاغب

دەوڵەتی چین ئێستا یەكێك لە شارستانییە گەورەكانی مێژووە، خەریكە دەبێتە هێزی یەكەمی نێودەوڵەتی، لەسنوری دەوڵەت دەرچووەو بۆتە شارستانیەت, ئینجا بەم هەموو هێزەیەوە هەمیشە وشەیەك دەڵێنەوە: كە سەرۆكە بەهێزەكەیان لە ئەشكەوت ژیاوەو لەوێ هاتۆتە دەرەوەو گەیشتۆتە لوتكەی دەسەڵات. قوڵایی ئەم قسەیەی چینیەكان زۆرە دەگونجێ لە دەرفەتێكی تر قسەی لێوەبكەین، لانی كەم سەیری تەمەنی پەنجا ساڵی رابردووی دەوڵەتەكەیان بكەن ئینجا دەزانن چۆن لە ئەشكەوتەكە هاتنە دەر؟؟.

بۆ كوردیش ئێستا دۆخەكە وایە، داگیركەران و نەیارانی كورد بەردەوام كاریان لەسەر تێكوپێكدانی كەسێتی كورد كردووە، شەڕی تایبەتیان لەگەڵ كردووین، كە گوایە ئێمە نەتەوە نین و چەند خێڵ و بەرەباب وناوچەیەكی داخراوی دواكەوتووی كێوی و شاخاوین، لەدەرەوەی مێژووین، لەدەرەوەی شارستانیەتین، لەدەرەوەی دامودەزگاین و ناتوانین بە دامودەزگا بین و هەمیشە سەرشێت و یاخین، ئامادەین لەسەر جۆگە ئاوێك سێ برا و ریزێك ئامۆزا بكوژین، بۆیە ئەم كوردە خێڵەكییە هەمیشە خەریكی رق و كینەو تۆڵەی بەرەباب و خێڵەكین، ناتوانن بێنە دەرەوەی ئەشكەوتەكە، وەك ئەفلاتون لەكتێبی( كۆمار )بەجوانی باسی دەرەوەی ئەشكەوتەكەمان بۆ دەكات!. لەشەڕی تایبەتی داگیركەران ئێمەیان وا شوبهاندووە كە دەتوانین كوێخایەتی و ئیدارەی محەلی چەند ناوچەیەكی داخراوی بچوك بكەین بەهاوكاری دەزگای دەوڵەتی ئەوان.!!

لێرەوە با زیاتر رۆنەچم بەم زەمەنە مێژوییەو بێمە سەر كرۆكی نیەتم لەم وتارە، ئەویش : (دكتۆر بەرهەم صاڵح و یانەی زاخۆ)ن. لەم یەك دوو مانگەدا دوو روداوی گرنگ روویاندا، یەكێكیان لەسەر ئاستی جیهان هاندەرانی یانەی زاخۆ بوونە براوەی خەڵاتی باشترین هاندەر، ئەمە قوڵایی زۆری هەیەو تێكشكاندنی وێنە ناشیرین و پیسەكەیە لەسەر كورد. ئەمە مانای ئەوەیە پێمان خستۆتە سەر نەخشەی ئەم جیهانەو ئیدی ئێمە لە ئەشكەوتەكە نین!. 

بەهەمان شێوە بوونی دكتۆر بەرهەمە بە كەسی دووەمی رێكخراوی نەتەوەیەكگرتوەكان، ئەمەش بە جیهانی بوونی كەسێتی كوردە، تێگەیشتنە لەوەی ئیدی ئێمە یاخی و سەرشێتەكەی ناو ئەشكەوتەكە نین، ئەم پۆستەی دكتۆر بەرهەم شانازیەكی ناسیۆنالیستی و مێژوویی گرنگە، سەركەوتنی ئیرادەیە، گەشەكردنە، مانای ئەوەیە دەتوانین رابەرایەتی نەك خۆمان بەڵكو ئەوانی دیكەو شارستانیەت بكەین؟. بەرهەم صاڵح سەلماندی بەتەنیاش بیت و بێ بنەماڵەو حزب و چەك و پارەش بیت بەڵام دەتوانیت جێگای خۆت بكەیتەوەو ببیتە مۆدێلێكی جیاواز. بەرهەم صاڵح لەناوخۆش بێ توانا نەبووە، بەڵكو قوربانی بووە. ئەم كەسایەتیە قوربانی رق و حەسودی و بێ توانایی ناوخۆییە، پیاوی دەوڵەت بوو، لێیان دا، توشیان كرد بە تەكەتول و حزب و گروپبەندی، بەڵام دواجار هاتەوە سەر بنەڕەتی خۆی. سەردەمی ئەو ئاڵتونی بوو بۆ بژێوی خەڵك، هەمو جۆرە پێشینیەك هەبوو(هاوسەرگیری، عەقارات، تواناسازی، تەعینات، قەرزی بچوك و كشتوكاڵی و پیشەسازی و موچەش لە كاتی خۆی)، كە ئەو نەما پارەو بژێویش نەما. پێش ئەوو دوای ئەو پڕۆژەیەكی ئابوری و داراییمان نەدیوە لەو پیاوە زیاتری كردبێت، بەڵام بەرهەممان بە پێوەری حیزبی و وەلائی شەخسی و تەكەتول و گروپبەندی پێوا، لەسەر بنەمای بیركردنەوەیەكی محەلی سەیرمان كرد، تەنانەت كە بووە سەرۆك كۆماریش دەستیان نەكردەوە، چونكە دڵنیام لە كوردستان كۆمەكیان كردبوایە دەیتوانی قەیرانی موچە بە لایەكدا بخات، نەیكرد، چونكە نەیانویست بیكات!. بەرهەم كوردەو دووەم كەسی رێكخراوی نەتەوەیەكگرتوەكانە، كورسیەكەی بۆ ئەوە نیە كوردایەتی بكات، بۆ ئەوەیە خزمەتی مرۆڤایەتی بكات، بۆیە نابێت وەك كوردێك ئەوەندە فشاری نەتەوەیی لێ بكرێت، ئەم پۆستە پڕۆڤیشناڵەو سەختەو جیهانیەو فرە نەتەوەو فرە كولتورە، بۆیە ناشێت بە پێوەری ئینتمای شارێك و حیزبێك و خێڵ و بەرەبابێك بیپێوین. دەبێت لەو شوێنەی دەتوانێت خزمەتێك بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جوگرافیای بەش مەینەتی كورد بكات كۆمەكی بكەین، هاوكاری بكەین. بەرهەم صاڵح كەسێك نیە بێ رەخنە بێت، مرۆڤەو پیرۆز نیەو لەسەروی رەخنەش نیە، بەڵام دەشێ وەك كوردێك لە پۆستێكی جیهانیدا بیكەینە سومبولێك بە جیهان بڵێین دەتوانین لە ئەشكەوتەكە بێینە دەرەوەو نەك هەر ئەوە دەشتوانین خاوەنی دەوڵەت بین!.

تكایەك لە دكتۆر بەرهەم دەكەم چەندە دەتوانیت لە پاڵ ئەم پۆستە جیهانییە كە دەرگای جیهانت بۆ كراوەتەوە، چەندە دەتوانیت كار بكە بۆ دیموكراسی و ئازادی لە هەرێمی كوردستان، كار بكە بۆ گەشەكردنی ئازادی رادەربڕین و رای جیاواز، كاربكە بۆ پرسی ئاشتی كورد لەتوركیا، كار بكە بۆ مافەكانی مرۆڤ لە ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان و، كار بكە بۆ ئاوارەكانی عەفرین و سەری كانێی و رۆژئاوای كوردستان، كار بكە بۆ ئەوەی بە هێمنی كورد لە دەرگاش نەبێت، لە پەنجەرەوە بێتە ناو نەخشەی دبلۆماسی جیهانی. لە پەنا پۆستەكەت ئەوەندەی دەتوانیت كار بكە دیموكراسی و دامەزراوەیی و جیهانی بوونی كوردی گەشە بكات ئەگەر لە گۆشەیەكی بچوكیش بێت!.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە