خێزان بەردی بناغەیەکی تۆکمەیە بۆ پەروەردەکردن و بنیاتنانی منداڵ، کە هەستیارترین و گرنگترین توێژی کۆمەڵگان.
شێوازەکانی چاودێری منداڵان بەپێی ژینگە و کولتوورە جیاوازەکان دەگۆڕێت و جیاوازە.
پەروەردەکردنی منداڵ لە یەکەم ساتەکانی ژیانی منداڵەوە لە سکی دایکیدا دەستپێدەکات
و بە شێوەیەکی کاریگەر بەردەوام دەبێت تا دەگاتە تەمەنی هەژدە ساڵی، هەر بۆیە زۆر
گرنگە کە دایک و باوک خاوەنی توانایەکی بەهێزی پەروەردەکردن بن بەهۆی هەستیاری ڕۆڵەکانیانەوە.
بۆ گەیشتن بە
پەروەردەیەکی سەرکەوتوو پێویستە جەخت لەسەر ئەم خاڵانە بکرێتەوە:
١-خۆشەویستی و ڕێزگرتن:
ئەمانە بناغەی خێزانێکی سەرکەوتوو و بەختەوەرن؛ سۆز و خۆشەویستی و ئاسایش بۆ منداڵەکە
دابین دەکات.
٢- ئازادی ڕادەربڕین: ڕێگەدان
بە منداڵ بۆ دەربڕینی بیروڕای خۆی بەبێ سنووردارکردن بۆ بنیاتنانی کەسایەتییەکی بەهێز
و سەربەخۆ زۆر گرنگە.
٣- ڕێنمایی بەردەوام: پێشکەشکردنی
ئامۆژگاری و ڕێنمایی بەرەو ڕێگا ڕاستەکان بۆ گەشەکردنی منداڵ بەشێوەیەکی تەندروست.
٤- بەڕێوەبردنی کات: بەسەربردنی
کاتێکی کوالێتی بە خوێندنەوە و یاریکردن و سەفەرکردن و گواستنەوەی کولتوور و مێژووی
نەتەوەو نیشتمان بۆ نەوەکانی داهاتوو.
٥- چاودێری: چاودێریکردنی
چالاکییەکانی قوتابخانە، ڕێکخستنی بەکارهێنانی یارییە ئەلیکترۆنییەکان و دڵنیابوون لەوەی کە منداڵانی خوار تەمەنی ١٦ ساڵ
دوور دەخرێنەوە لە زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانی مۆبایل و نابێت بەکاری بهێنن.
٦- ئامۆژگارییە پەروەردەییە گرنگەکان:
ئامۆژگارییەکانت با کورت بن بۆ ئەوەی دڵنیا بیت کە منداڵ لێی تێدەگات و لەبیریەتی.
٧- ڕەتکردنەوەی توندوتیژی:
زیانگەیاندن بە منداڵ بە شێوەیەکی جەستەیی یان زارەکی قەدەغەیە چۆنکە توندوتیژی زیانێکی
زۆر بە دەروونی منداڵ دەگەیەنێت.
٨- ژینگەی هاوڕێیان:
دایک و باوک بەرپرسیارێتییان لەسەر شانە کە هاوڕێکانی منداڵەکانیان بناسن و پەیوەندییەکی
باش لەگەڵ خێزانەکانیان دروست بکەن.
٩- پاداشت پێش سزادان: لەبری توندوتیژی، دیالۆگێکی هێمن و ئارام بگرنەبەر،
هاندان و ستایشکردن و پاداشت کاریگەری ئەرێنی لەسەر دەستکاریکردنی ڕەفتارەکان هەیە.
پەروەردەکردنی منداڵ تەنیا بەرپرسیارێتی دایک نییە؛ بەڵکو بەرپرسیارێتییەکی تەواوکەرە
لە نێوان دایک و باوکدا. هەردووکیان بەشدارن
لە بنیاتنانی کەسایەتی منداڵ.
دوور بکەرەوە لە گلەییکردن لە منداڵەکانت لەبەردەمیاندا، چۆنکە قسەکانت دەتوانن
یان بنیات بنێن یان بیانڕوخێنن.
لە کۆتاییدا وەک دایک و باوک، ئێوە بناغە و نموونەن، ئەمڕۆ بڕوێنە ئەوەی سبەی
ئارەزووی چنینەوەی دەکەیت.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی