جاری وا هەیە مرۆڤ خەونی وا ناخۆش دەبینی کە هەڵدەستێتەوە وەک کابوسێک قورسایی خەونەکەی لەسەر هەر دەمینێت ، لەو خەونە وامزانیبوو کە ئەو بەناو دەوڵەتی عێراق-ە تووشی کێشە و کارەسات و ناخۆشیەکی گەورەی ئابووری و دارایی بووبۆوە و دۆخی ناوخۆی لەبەر خۆپشاندان و تەقە و ئاژاوە زۆر شەپڕێو بوو و ، لەبەر دۆخی خەراپی خۆی توانای ئەوەی نەمابوو مووچە بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت و خۆراکی بایەعەکەش بڕدرا بوو و ، لەوناوەش دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان نەیاندەزانی چی بکەن دەستەوەستان ڕاوەستابوون و توانی ئەوەیان نەبوو بەدیلێک بۆ ئەو قەیرانە گەورەیە دابنێن !! من لەميژە دەزانم کە عەقلی کورد لە سووری سڕبوون « سبات » دا دەژیت و ، توانا و ووزە و ئیمکانیاتی سنووردارە و ناتوانێت چارەسەرێک یان بەدیلێک بۆ ئەگەر و کارەسات و ناخۆشیە لەناکاو و نەخوازراوەکان دابنێت ، ئەو عەقلە چەقبەستووە هەر لە بزاڤی داهێنانی هزری و پێشکەوتنی زانست و کۆمەڵایەتی بە بەراورد بە نەتەوەکانی تر چەقی نەبەستووە ، کە بەرهەمی کەڵەکەبووی هۆکار و فاکتەرەکانی مێژوویی و سیاسی و کلتووریە کە وایلێکردوە ئیمکانیاتەکانی سنووردار بێت و نەتوانێت خۆی بگونجێنیت لەگەڵ گۆڕانکاریە تیژڕەوە نوێیەکانی ئەم سەردەمە….. کیسەڵ کە کۆنترین خشۆکە کە پێش (220-240 ) ملیۆن ساڵ لەدوای « سەردەمی تریاسی » لەگەڵ داینەسۆرەکان پەیدابوو وەک داینەسۆرەکان قڕ نەبوو ، بەڵکو بە هێواشییەکەی کە کردبوویە ستراتژیەتی خۆی ڕزگاری بوو و سەدەفەکەشی کردە قەلغان و توانی لەگەڵ ژینگەکەی خۆی ڕابهێنێت و لە ژیان بەردەوام بێت ، بەڵام وا مرۆڤ چۆتە ناو سەردەمی زیرەکی دەستکرد و خێرایی گۆڕانکاریی و ، هەر پاشەکشەکردنێک بۆی دەبێتە هەڕەشە بۆ بوونی ، مرۆڤ لەو سەردەمەی ئێستاماندا دەبێت بەخێراییەکی هۆشمەندانە نەک پەلەپەل و تێگەیشتنێکی قووڵ نەک کەڵەکەبونێکی ڕووکەش هەنگاو بنێت کە توانایی ئەوەی هەبێت ژینگەکە بخوێنێتەوە نەک چۆکدابدات و خۆی تەسلیمی قەدەر بکات ، ئەگەر کیسەڵ هێواشیی بۆ پاراستنی خۆی لە جیهان بەکارهێنا ، ئەوە مرۆڤ داواکراوە بۆ بەکارهێنانی خێرا و تێگەیشتن بۆئەوەی باشتر مامڵە لەگەڵ ئەو جیهانە بکات و لەگەڵی بگونجێت بێ ئەوەی کۆنتڕۆلی خۆی لەدەست بدات ، ڕاستە ئێمە خۆمانگونجاندووە لەگەڵ لایەنێکی نوێگەری « الحداثة - مۆدێرنە » کە خۆی لە پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیا دەبینێتەوە ، بەڵام متمانە نادەینە عەقل و لەخەو هەڵیناستێنینەوە ، ئێمە لەگەڵ نوێگەری لە حاڵەتی شیزۆفرینیاین واتە دوانەی نوێگەری ، تەکنۆلۆژیای نوێمان هەیە و بایەخ بە پرس و بابەتەکانی سۆشیالمیدیا دەدەین بەڵام بیرکردنەوەمان تەقلیدیە و بە عەقلە نوستوەکەمان مەمڵەی لەگەڵدا دەکەین ، بۆیە کورد بەدرێژایی مێژوو هەر فەشەلێکی بەسەردا هاتبێت و توانای چارەسەرکردنی نەبێت دەستەپاچە وەستاوە و خۆی داوەتە دەست قەدەر یان نزاکردن ، ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ناتوانێت جوان بیربکاتەوە و پەنا بۆ عەقل ببات ، کە هۆکارەکەی دەسەڵاتی شۆڤینیزم و ڕەگەزپەرستی دەسەڵاتی خۆسەپێن و تێکدانی تەعلیم بە پاڵنەری سیاسی و کردنی خوێنکار بە سووتەمەنی کاری حزبی نەبووە ، بەڵکە بنبەستبوونی عەقلەکەیەتی ، کە یەکەم لە دەرکەوتەکانی بریتیە لە خۆچەسپاندن بە ڕابردوو و ڕقلێبونەوە لە نوێبوونەوە ، بەجۆرێک عەقلی کوردی لە وێنە چەقبەستوەکەیدا مەیلی گەڕانەوە و شکۆمەندکردنی شکۆمەندیەکانی ڕابردووی هەیە و تەنها تەرکیز دەکاتە سەر نەبەردیەکان و ئەو سەرکەوتنانەی کە مۆرکی سەربازیان هەیە و هەموو نوێییەک بە تەحەدا و هەڕەشە بۆسەر شوناس و میراتەکەی دادەنێت کە ئەمەش ڕێگری لە تواناییەکەی بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ پێداویستیەکانی ئەو سەردەمە خێرایە دەکات ، بەکورتی کلیلی شفرەی لەخەوهەڵسانەوەی عەقلی کوردی بریتیە لە نوێگەری ، ئەگەر وڵاتان و گەلان لەگەڵیدابن دەچنە ناو بەهەشت و فیردۆسی خۆشگوزەرانی ، نوێگەری بریتیە لە گۆڕانێکی ڕیشەیی لە شێوازی بیرکردنەوە و ڕيکخستی کۆمەڵگا ، بریتیە لە گواستنەوەی پشبەستن لە تەقلید و نەقلکردن بۆ پشبەستن بۆ داهێنان و عەقل ، واتە مرۆڤ وایلێبێت متمانە بە عەقل بکات وەک ئامرازێت بۆ تێگەتشتنی جیهان ، « ئیمانۆئیل گانت »ی فەیلەسوف گوزارشت لە نوێگەری دەکات و کاتێک قسە لەسەر ڕۆشنگەری دەکات و دەڵێت بریتیە لە ( بوێری بۆ بەکارهێنانی عەقل ) ، هەڵسانەوەی عەقلی کوردی لە سووڕی سڕبونیدا بە چارەسەرێکی سحری نابێت ، بەلکو بە پێشخستنی مەنزومەی تەعلیمی و بیرکردنەوەی ڕەخنەیی و سەیرکردنی کەلەپور بە چاوێکی ڕەخنەیی نوێ دەبێت ، ئێمە کەوتوینەتە نێو دوو کەشوهەوا یان پاشەکشەی بەستەڵەک بۆ دواوە یان گەرمای ڕاکردن بۆ نادیار .
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی