گرتنی سەرۆکی ڤەنزوێلا یانی چی؟

14 کاتژمێر پێش ئێستا

سەردار عەزیز


نیکۆلاس مەدۆرۆ بە دوو کاتژمێر و نیو گیرا. ئەم هێرش و دەستگیرکردنە کاریگەری زۆرە لە سەر دۆخی دونیا و پێگەی ئەمریکا.
ئەمریکا، وەک لە ستراتیژی ئیدارەی ترەمپدا باسکراوە فۆکەسی خۆی دەخاتە سەر بەشی ڕۆژئاوای گۆی زەوی، یان وێسترن هامسفێر، ئەمەش یانی هەردوو ئەمریکا. 
سەرەتا بە کەناڵی پەنەما دەستی پێکرد کاتێک کۆمپانیا چینییەکانیان لەوێ دەرپەڕاند. یان دەتوانین بڵێین لە ڕوی ڕەمزیەوە بە گۆڕینی ناوی کەنداوی مەکسیکەوە دەستی پێکرد. یان هەندێک دەڵێن بە دانانی مارکۆ ڕۆبیو وەک کوبیەک دەستی پێکرد. 
گرتنی سەرۆکی ڤەنزوێلا لە چەند ئاستێکدا گرنگە:
یەکەم، ئیدارەی ترەمپ پرۆسەکە لە چوارچێوەی شەڕی نارکۆ-تیرۆریزمدا دەکات. پێکەوە گرێدانی قاچاخچیانی موخەدەرات لە گەڵ تیرۆریزمدا بەشێکە لە خیتابی ناوەوەی ئەمریکا لە لایەن ماگاوە. بەڵام ئەمە تەنها ڕوکەشە یان خیتابە بۆ لاواندنەوە جەماوەری ناوەوە.
دووەم، ڤەنزوێلا بەوە ناسراوە کە خاوەن بڕێکی زۆری نەوتە، ئەم نەوتە بەشی زۆری بۆ چین دەڕۆشت. ئێستا و لەمەودوا، ئەگەر بۆ چینیش بەردەوام بێت، بەڵام لە سایەی بڕیاری ئەمریکادایە. ئەمە بەشێکە لە سنوردارکردنی یان لاوازکردنی ڕۆڵی چین لە ئەمریکای لاتین کە ڕۆڵێکی گەورەی هەیە.
سێیەم، ئێستا ئەمریکا لە ڕێگای دۆلار و نەوتەوە، جارێکی تر دەتوانێت ڕێگریی لە هەموو جوڵە دارایی و وزەییەکانی دونیا بکات. بیرتانە کە بایدن ناچاربوو بێت بۆ سعودیە هەتا لە محمد بن سەلمان بپاڕێتەوە نەوتی زیاتر بخاتە بازاڕەوە، چیدی ئەوە پێویست نیە. ئەمە یانی بێبایەخبونی زیاتری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لای ئەمریکا.
چوارهەم، سیستەمی حوکمی یاسا و نیزامی لیبرالی نێودەوڵەتی کۆتایی هات. چین زۆر بەمە نیگەرانە. چونکە لە کۆتایی ئەم نیزامەدا بەکارهێنانی هێز دەبێتە بنەمای کاریگەری لە دونیادا، چین ناخوازێت هێز بەکاربهێنێت.
پێنج، سەرەتای نەگبەتی دەوڵەتە بچکۆلەکان و نیمچە مامناوەندەکان دەستی پێکرد. لەمەودوا دەوڵەتی بچوک بۆ ئەوەی سەروەری خۆی مسۆگەر بکات، دەبێت چەکی ئەتۆمی هەبێت. چەند ساڵێک لەمەوپێش، لە جێگایەک بەرچاوم کەوت، لەم سەردەمەدا، ئەگەر دانیشتوانت لە دوو سەد ملیون کەمتر بێت ناتوانی سەروەری خۆی بپارێزیت. بۆیە ئەگەر بچوک بیت سێ بژاردەت هەیە: یەک پشت بەستن بە زلەیەک، دوو، بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی، سێ، زەلیلی.

شەش، دەڵێن هێرشەکەی ڤەنزوێلا دیدی ڕیالیستەکانی سەلماند. بەڵام مێرشمایەر وەک دیارترین ڕیالیست دەربارەی ڤەنزوێلا هەڵەبوو، چونکە گۆڕینی ڕژێمی لە ڤەنزوێلا وەها دەبینی کە هاوشێوەی عێراق و ئەفغانستان بێت.
حەوت، سەرباری هەموو ئەمانە هێشتا نازانرێت ئایا ئەو وڵاتە بەرەوە شەڕی ناوخۆ یان سەقامگیریی دەڕوات. بۆ ئەمریکا بردنەوەی جەنگ ئاسانە بەڵام سەرکەوتن لە شەڕدا سەختە.
هەشت، لە ڕابوردودا، ڤەنزوێلا، نمونەی ئەو وڵاتانە بوو کە وەک مۆدێلی دوفاقی فرەیی یان پارادۆکس ئۆف پلێنتی دەبینرا، بەو مانایە لە کاتێکدا سامانی زۆرە بەڵام هەژاریشی زۆرە. ئەمە وەهای کرد کە چافێز بێتە سەر حوکم. ئەوانەی خۆیان بە براوە دەزانن دەیانەوێ بگەڕێنەوە بۆ سەردەمی پێش چافێز، کاتێک بیست لە سەدی دەوڵەمەند و هەشتا لە سەدی هەژار بوو ڤەنزوێلا. 
لە کرۆکی هەموو مۆدێلێکی حوکمڕانیدا پرسێکی ئەخلاقی قورس هەیە، دەبێت چەندێک خەڵک ئازار بکێشن هەتا ئەوانیتر بە خۆشی بژین؟ حوکمڕانی ترەمپ، حوکمڕانی ملیاردێرەکانە، بۆیە ئازار چەشتنی ئەوانیتر ڕەوایە. 
چەمکێکی تر کە جێگایەتی ئاماژەی پێبدەین، چەمکی زەلیلکردنە، کە بادی کاری لە سەر کردوە. گرتن و پێشاندانی مەدۆرۆ بەوجۆرە نیشانەی زەلیلکردنی نەیارەکانی ئەمریکایە. زەلیلکردن لە کرۆکی باڵادەستی زلهێزەکاندایە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی