پرسی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار گەیشتۆتە بەركوڵ. سبەی سەعات 3ی دوای نیوەڕۆ كۆتایی بەپێشكەشكردنی كاندید دێت. ئێستا ناوی كاندیدە سەربەخۆكان و كاندیدی ئۆپزسیۆن و دەتوانین بڵێین كاندیدی پارتیش (ئەگەر هەیبێت) دیارە، ئەوەی دەمێنێتەوە كاندیدی یەكێتیە بۆ ئەو پۆستە. بە دەركەوتنی كاندیدی یەكێتیی، هاوكێشەكە روونتر دەبێتەوە چونكە بەپێی هاوكێشەی پەرلەمانی عیراق و كۆی پرۆسەكە، پێدەچێت چانسی دەرچوونی كاندیدی یەكێتیی زیاتر بێت.
لەپرسی هەڵبژاردنی جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عیراق بەرچاو روون بوو كە پێكهاتەو هاوكێشەی نوێی ناو پەرلەمانی عیراق زۆر لەبەرژەوەندی پارتی دا نییە، بۆیە لەپرسی هەڵبژاردنی جێگری دووەم نەك فشارێكی زۆر لەپارتی كراو ناچار بەگۆڕینی كاندیدەكەی كرا بەڵكو ئەو پەیامە بەپارتی درا كە پۆستی سەرۆك كۆمار یەكلایی بۆتەوە! بۆیە زوو تێگەیشتن زانیان ئەگەر وریا نەبن جێگری پەرلەمانیش لەدەست دەدەن.
پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ كورد زۆر گرنگە. راستە دەسەڵاتەكانی تەشریفاتین، بەڵام دەكرێت ببێتە ئاگردانی كۆكردنەوەی لایەنە سیاسیەكان، نەك پەرتەوازەبوون و ململانێ. واباشتربوو لەدوای هەڵبژاردنی عیراق هەموو لایەنەكان لەسەر مێزێكی خڕ دابنیشن گفتوگۆی كارنامەیەكی هاوبەشی كوردستانی بكەن بۆ بەغدا بەرلەوەی باسی پۆستەكان بكەن، كەچی دەركەوت نەك هیچ كارنامەیەكی هاوبەش نییە، بەڵكو هەموو باسوخواسێكی كورد لەبەغدا بۆتە پۆست وەرگرتن، كەس بەری بەماف و بەركەوتەی خەڵكی كوردستانەوە نییە. ئەو دروشمانەیشی لایەنەكان لەبانگەشەی هەڵبژاردن لەسەر شانۆو لەبەردەم مایكەكان دەیانگوتەوە، راست نەبوون، هەر زوو بوو بەهەڵم.
رەنگە سبەی پارتی و یەكێتیی كۆببنەوە، ئەم كۆبونەوەیە وەك چانسی دەققەی 90ی تۆپانێیە، كە ئەگەری سەركەوتن یان لێكتێگەیشتن تێیدا زۆر لاوازە، چونكە لەلایەك پێكهێنانی هەردوو حكومەت و دابەشكردنی پۆستەكان گرێدراوی یەكترن، لەلایەكی دیكە بەشێك لەگرفتەكانی نێوانیان پرسی دابەشكردن و دیاریكردنی دەسەڵاتە لەحكومەتی هەرێم كە وەك گرێ كوێرەی لێهاتووەو كردنەوەی لەكۆبونەوەیەكدا ناكرێت.
من پێموایە لەكۆبونەوەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار چانسی یەكێتیی زیاترە لەپارتی. ئەگەر یەكێتیی بەبێ رێككەوتن لەگەڵ پارتی پۆستی سەرۆك كۆمار بباتەوە، ئەوا لەپرسی پێكهێنانی حكومەتی هەرێم سەقفی داواكارییەكانی بەرز دەكاتەوە، بەتایبەت كە باسی راستكردنەوەی هاوسەنگی دەكەن. پێشبینی دەكرێت دوای هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار (ئەگەر بیباتەوە) فشار دروستبكات.
ئەگەر پارتیش بەبێ رێككەوتن لەگەڵ یەكێتیی پۆستی سەرۆك كۆمار ببات، ئەوا دۆخی هەرێم زۆر ئاڵۆز دەبێت، هیچ بەدوورنازانرێت دوو ئیداریی یان لێكدابڕانێكی روونی ئیداریی دروست ببێت.
خولاسە. واباشترە پارتی و یەكێتیی لەسەر هەردوو پرس رێككەون. بە رێككەوتنیان حكومڕانی هەرێم كەمێك دێتەوە سەرەخۆو پەرلەمان دەست بەكاردەكاتەوەو شەرعیەت دەگەڕێتەوە بۆ دامودەزگاكانی. تا لەیەكتر دووربن، دەرفەتی دەستوەردانی ئیقلیمیی زۆر زیاتر دەبێت هەروەك ئێستا دەبینین لەچ ئاستێكدایە.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی