حەمەی هاوڕێ و دراوسێمان بۆی گێڕامەوە و گوتی: ئەوڕۆ ئێوارە لە ماڵەوە دانیشتبووم، لەپڕ ئامەی خێزانم بە پڕتاو خۆی بە ژورێدا کرد و گوتی، پیاوەکە هەش و قوڕی حەوت گوندانمان بە سەری، لە خۆمان غەریبێ، لە خۆمان لێ قەومایێ، لە خۆمان ماڵ وێران و بێ کەسێ. منیش پێم گوت: هێواشبە، وەرەوە سەر خۆ و پێم بڵێ چ بووە و چی ڕویداوە؟ گوتی: پیاوەکە جا چی ڕوینەداوە هەتا زووە بڕۆ ناو فەیسبووکەکەت، هەرچی وتار و نووسینت هەیە لەسەر ئەمەریکا و سیاسەتی ئەمریکا و ترەمپە سۆری، هەمووی بسڕەوە. هەرچی قسەیەکت لەسەر ئەو کابرایە کردیە هیچی مەهێڵە، بەخوای ئەو کابرایە ئەولا و ئەولای لەکن نییە. لەبیرت چوو جاران لەگوندی ئەوەی ئی ناپەسەند بوایە، پێیان دەگوت بچم سۆر، ئاگات لێ نییە ئەو ترەمپە بچم سۆرە، ئا قەوماندیتی؟ پێم گوت: تڕەمپ چی کردووە؟ ئامە گوتی: هەی بێ خەبەر دوێنێ لە شیرینەخەودا بە پۆلیسەکانی خۆی داویەتی بەسەر ماڵی مادۆرۆی سەرۆکی ڤەنزوێلا و گونیەیان کردۆتە سەری و قۆڵبەستیان کردووە و چوار دەستەکی فڕەیان دایتە ناو تەیارە و باژۆ لۆ ئەمەریکای. پیاوەکە لە هەمووشی خەراپتر لەگەڵ خۆی ژنەکەشیان گرتووە و تەنانەت لێ نەگەڕاون خۆشی بگۆڕێت و بەکراس
و بێجامەوە بردوویانە. منیش گوتم: ئامە بۆخاتری خوا ،شەڕ شەڕی نێوان تڕامپی سەرۆکی ئەمەریکا و سەرۆکی ڤەنزوێلایە، منی شەڕواڵ بە پینە و کڵاش خوار و مل بە تۆز چم داوە لەو مەسەلەیە؟ ئامە گوتی: ئاخر پیاوەکە دوێنێ پورە فاتمی دراوسێمان ئەویش نازانم لە کوێ گوێی لێبووە، پێی گوتم تڕامپە شێت بە سکرتێرەکەی گوتووە لیستێکی ناوی ئەو نووسەر و ڕۆژنامەنووسانەشم بۆ بکە کە لە ڕێگای نووسین و ڕاپۆرتی ڕۆژنامەوانی هێرش دەکەنە سەر من و ئەمریکا، ئەوەشی گوتووە لەمەو پاش سەرۆکی هەر وڵاتێک لە دژی بڕیارە سیاسیەکانم بوەستێتەوە، بە دەردی سەرۆکی ڤەنزوێلای دەبەم و بە کراس و بێجامە لە شیرینەخەودا دەیگرم و پەلبەستی دەکەم. ئامە گوتی: پیاوەکە ئاخر چونکە تۆش کەسێکی چەپی، بەردەوام لە خەریکی دەنووسیت و جارجار لۆم باس دەکەن بابەتە ڕۆژنامەوانیەکانت لە دژی ئەمەریکا دەنوسی، بۆیە تا زووە چاوێک بەناو نووسینەکانی خۆتدا بگێڕە، لەناو تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان هەموویان ڕەشکەوە. ئاخر پێاوەکە دەڵێن تڕامپ بەس پیاو نا، ژنانیش دەبا بۆیە خەمی خۆمە هەی هەشم وەسەری. حەمەش هەندەی دی ئامەی ترساندووە و گوتوویەتی جا دەشڵێن تڕامپە شێت گوتوویەتی نەک هەر چەپەکان بەڵکوو چەپ و ڕاست و سەلەفی و سەرمایەدار و دەرەبەگ و شێت و عاقڵ و هەر کەسێک هەڵگری هەر شوناسێکی فکری و سیاسی و ئایینی بێت، پێم بڵێ لە پشتی چاوت برۆیە لەناو ماڵی خۆیدا دەستگیری دەکەم و کارێکی پێ دەکەم با بەدەواری شڕی نەکردبێ! منیش پێم گۆت: حەمە گیان بیرمەندی گەورەی ئەمەریکا نەعوم چۆمسکی خۆی گوتویەتی: ئەمەریکا خۆی لەناو خوێندا لە دایک بووە و هەر لەناو خوێنیشدا دەخنکێ. تڕەمپە پولەکیش وەک تەلەفۆنی ئەلەمبەرە و بەس بە پارە قسە دەکا. فەنزوێلاش دەوڵەمەندە بۆیە وای لێ دەکات، بەڵام لەو باسە گەڕی و تۆ پێم بڵی ئەوە سەرت بەچی شکاوە؟ حەمە گوتی: کاکی خۆم چت پێ بڵێم؟ دوێنێ نیوە شەو لە گەرمەی شیرنی خەودا لە ماڵەکەماندا بووە ڕمب و هۆڕ، ئامە ڕاپەڕی و خۆی بەمندادا و گوتی، پیاوەکە ئەوە ڕۆژەکەی بوو لێی دەترسام. پۆلیسەکانی تڕەمپ بەسەریان داداوین، جا ڕوو لە کێ بکەین. منیش لە ترسان وەها ڕاپەڕیم سەرم بە دیوار کەوت و دواتر بۆمان بەدیار کەوت پشیلە بوو بەناو قاپ و قاچاغ کەوتبوو.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی