چل و دو کاندید!

05/01/2026

بابەكر درەیی


بە پێی ڕاگەیاندنی زۆربەی سایت و میدیاکان تائیستە ٤٢ کەس ناوی خۆیان بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عراق کاندید کردوە.
جێی خۆیەتی لەم بۆنەیەدا یەک دو سەرنج بخەینە ڕوو:
یەکەم:  خۆپاڵاوتنی ٤٢ کەس بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری، پێش ئەوەی هەر شتیک بەیان بکات ئەوە دەردەخات کە ئەو دەستەو تاقمەی  بڕیاریان لە موچەی سەرەک کۆمارو سەرەک وەزیران و پەرلەمانتاران و پۆستە بالاکانی عیراق داوە لە بنچینەوە دژی بەرژەوەندیەکانی خەلکی عیراق بون و بە ئەنقەست نەیانویستوە ئەم ولاتە خۆشی بەخۆیەوە ببینیت، یان بە پێی ئەو دوعایەی هاوسەری حسین ی کوری عەلی رەفتاریان کردوە کە ، دوای کوژرانی حسین، نەفرەتی لە خەلکی عیراق کردوەو لە خوا پاڕاوەتەوە کە تا ڕۆژی قیامەت میللەت دوژمنی دەسەلاتدارانی بێت و دەسەلاتدارانیش دوژمنی میللەت... گەر وا نەبێت بۆچی دەبی موچەی سەرەک کۆماری عیراق لە موچەی زۆربەی سەرۆک و دەسەلاتداری ولاتە گەورەو تەنانەت زلهیزەکانیش زۆرتر بێت بەو ئاستەی کە ئەم موچەیە ببێتە پارویەک کە تەنانەت نەخوێندەوارو نەفامەکانیش جورئەت بکەن سنگی بۆ دەرپەڕێنن و ناونوسی بۆ بکەن.
دوەم: جگە لە مەسەلەی پارە ( پارەش بابەتێکی گرنگە وەک دەڵێن) ، خۆپاڵاوتنی ٤٢ کەس بۆ پۆستێک کە هیشتا داواکاری ئەسڵی نەهاتۆتە گەمەکەوە، بەلگەیەکی حاشاهەڵنەگرە کە کلتورو فەرهەنگی سیاسی خەڵک لەم ولاتەدا ئیجگار نزم و لاوازەو ، هیشتاش ٤٢ کەس ( خوا دەیزانێ چەن سەدی تریش) ، بێ ئەوەی دڵنیابن لە سەنگینی لێپرسراوەتیەکە، بێ ئەوەی تێبگەن کە کاری دەولەتداری ( هەرچەن تەشریفاتیش بێت) کارێکی قورسەو  پێویستی بە جۆرێک لە شایستەیی و لیهاتویی هەیە کە مەحاڵە لە هەمو کەسێکدا هەبێت خۆی بۆ دەکوژن. ڕاستە ئەو دەستە پیسانەی موچەی ملیۆنیان بۆ سەرەک کۆمار دیاریکردوە بیریان چوە لانیکەم فۆرمێکی بەتاڵ لەتەکیا هاوپێچ بکەن و بنوسن : پێویستە سەرەک کۆمار جگە لە زمانە سەرەکیەکانی وڵات دو زمانیتر لە زمانە جیهانیەکان بزانێت، بەڵام، لەوەش گرنگتر، دەبوا ئەوەش بزانن ئەو کورسیە پیاوێک بە قەبارەی جەلال تاڵەبانی لەسەری دانیشتوەو شایستە نیە هەمو کەس و ناکەسێک جێی ئەو بگرێتەوە.
دەڵێن ئیستاش لە فەرەنسە سێبەرو قورسایی ناپلیۆن بەسەر سەری سەرەک کۆمارو سەرەک وەزیرەکانەوەیە... بۆ هەر مەراسم و گفتوگۆیەک بچن لەبیریانە ئەوان بە ڕێچکەو جیهەنگاوی  پیاوێکدا دەڕۆن  کە یاسای بۆ وڵاتەکەیان داناوەو ناتوانن بە ئاسانی  خۆیان لە سام و هەیبەتی بدزنەوە.
ئایا سیستمی سیاسی عیراق بە شێوەیەک بنیاتنراوە کە باڵاترین پۆستی سیاسی تیایدا ببێتە گێپروچکێنەو گەمەی  کۆی چین و توێژو « ماجەراجۆ» کان ، یان بە جۆرێکە سەنگینی وڵات و پۆست و کەسایەتیە رەمزیەکان دەپارێزێت و سیستمیکی قایم و بەڕێز و درێژماوە بنیات دەنێ؟ گومانم هەیە حاڵەتی دوەم بێت..

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی