* لەدوای کۆتایهێنان بە
عێراقی سەردەمی سەدام جۆرێک لە ئومێد بۆ بونیادنانی عێراقێکی نوێ و دروستکردنەوەی
وڵاتێکی دیموکراسی بۆ تەواوی گەلانی عێراق هاتەکایەوە، بەتایبەت دوای نوسینەوەی دەستوری
هەمیشەیی، وەک گرێبەستێک لە نێوان پێکهاتەکانی عێراق و دەسەڵاتە کانیدا، لێ هەر لە
سەرەتای هەنگاوەکاندا هەڵەی گەورە لە تۆڵەکردنەوەو ڕۆحیەتی خۆسەپاندن باڵ بەسر دۆخەکەدا
کێشاو ئومێدی عێراقێکی نوێ لاوازبوو
* گرنگترین ئەو بنەمایانەی
عێراقی نوێی لەسەر بونیاد نرایەوە بریتی بوو لە (سازان و هاوسەنگی و هاوبەشی) بەڵام
پرسیارە سەرەکیەکە ئەوەیە ئایا هیچ کام لە بنەمایانە لە دەسەڵاتەکانی عێراقدا کاری
پێدەکرێت؟ بێگومان نەخێر باشترین بەڵگەش ئەوەیە کە دەسەڵاتدارانی عێراق ئامادەنەبوون
دام و دەزگا فیدراڵیەکانی وەک دادگای فیدراڵی و ئەنجومەنی ئیتیحادی دروستبکەن کە هەنگاوی
یەکەمی نیشاندانی بڕوابوونی هێزە عێراقیەکانە بە دەوڵەتێکی فیدراڵی و جێهێشتنی عەڵیەتی
سەنتراڵی
* دابەشکردنی سەرۆکایەتیەکانی
عێراق وەک عورفێکی سیاسی کە لەدوای ساڵی ٢٠٠٥ەوەهاتەکایەوە بەوشێوەیەبوو کە سەرۆک
وەزیرانێکی تەمام دەسەڵات بۆ پێکهاتەی شيعەو سەرۆک کۆمارێکی لاواز بۆ کورد و سەرۆکی
پەرلەمانی عێراقیش بۆ سوونە،ئەگەرچی ئەم دابەشکردنە هیچ بنەمایەکی دەستووری یاخود یاسایی
ئیلزامی نەکردوە بەڵام هەندێکجار عورف هێندەی بڕگە یاساییەکان هێزیان هەیە بۆ نمونە
لەکاتی بەڕێوەچوونی جەلسەیەکی دادگایدا پێویستە پارێزەر بەرگی پارێزەری بپۆشێت ئەوجا
ئامادەبێت بەمەرجێک هیچ بڕگەیەکی یاسایی نیە بۆ ئەم بابەتە بەڵام لەهەمان کاتدا
چونکە بوە بە عورفێکی قانونی دادوەر دەتوانێت پارێزەرەکە بەهۆی نەپۆشینی جل وبەرگی
پارێزەریەوە بکاتە دەرەوە کەوابوو دەکرێت
عورف هێزی یاسایشی هەبێت ، جگەلەوەش دابەشکاری دەسەڵاتەکان وەک عورف لە هەندێک وڵاتی
دیکەشدا بوونی هەیە وەک لوبنان بۆیە ئەم عورفی دابەشکاریەی دەسەڵاتەکان تائێستاش لەژێراق
کاری پێدەکرێت
* لەبەر ڕۆشنای ئەو دابەشکاریەدا
کورد پۆستی سەرۆک کۆماری وەرگرتوەو تائێستاش ئەو پۆستە لای کوردماوەتەوەو ئەوەتا ئێستا
بەدەیان کورد لەحیزب و لەدەرەوەی حیزبیش خۆیان پاڵاوتوە بە ئومێدی بوون بە سەرۆک کۆماری
عێراق، ڕاستی پاڵاوتنی ئەو ژمارە زۆرە بۆ سەرۆک کۆماری عێراق وێڕای ئەوەی مافێکی دەستوریە
بەڵام بێشک ئەو سەری تونێلەکە بڕێک دیارە
* بەبڕوای من پرسیاری هەرە
جدی لەسەر ئەە پۆستە ئەوەیە ئایا لەماوەی زیاد لە ٢٠ ساڵی ڕابردوودا خێروبێری بۆ هەرێمی
کوردستان هەبوە؟ بۆ وەڵامێکی لۆژیکی ئەم پرسیارە دەبێت بپرسین لەو ماوە دوورودرێژەدا
چەندجار سەرۆک کۆماری عێراق وەک پارێزەری دەستور توانیویەتی ئەو پێشێلکاریانەی کە
حکومەتی عێراق بەرامبەر بە مافەکانی کورد کردویەتی و دەیکات ڕایبگرێت ماف بۆ خاوەن
ماف بگەڕێنێتەوە
* نەک هەر ئەوە لە ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرو ڕۆژانی دوایی
سوپای عێراقی و حەشدی شەعبی لە خورماتوو زۆر شوێنی دیکە جینۆسایدیان ئەنجامداو
سوپا لە خرایە خزمەتی ململانێیە ناوخۆیەکان ،پرسیارە گەورەکە ئەوەیە ئایا سەرۆک کۆماری
ئەوکاتەی عێراق بەرامبەر ئەو پێشێلکاریانەی عێراق هیچ هەڵوێستێکی وەرگرت؟
* بەبڕوای من گرنگە چیرۆکی
سەرۆک کۆمار لەچەندڕوویەکەوە سود لێوەربگرین یەک هەولبدرێت یەکێتی و پارتی بە کاندیدێکی
هاوبەش بچنە کۆبوونەوەی ئایندەی ئەنجومەنی
نوێنەرانی عێراق بۆ ئەوەی ئەو هێزەی لایەنە عێراقیەکان نیشانی هەردوو هێزەکەیاندا
لاواز بکەن لە بەرامبەر ئەم بابەتەشدا یەکێتی بێتەپێشەوە بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەمی
حکومەتی هەرێمی کوردستان چونکە عەیبەیەکی گەورەیە هێزێکی سیاسی لە هەوڵی پێکهێنانی
دەسەڵاتەکانی فیدراڵی بەغدادابێت بەڵام دوای زیاتر لە یەک ساڵ لە هەڵبژاردنەکانی
کوردستان هێشتا کابینەو حکومەتی هەرێمی کوردستان دروستنەکرابێت،ئەگەر ئەمە نەکەین
بەبڕوای من هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار دەبێت بە چیرۆکێکی دیکەی لاوازی بۆ هەرێمی
کوردستان.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی