زۆر پێش سەردەمی پڕوپووچی،
ئەو دیاردەیە بە کزی و لێرە و لەوێ هەر هەبووە، بەڵام دوای ئەوەی پەرەی سەند و گەشەی
کرد، بوو بە دیاردەیەکی جیهانی.
ئەو دیاردەیە زوو یان درەنگ کۆتایی هەر پێ دێت.
ئەوەی مایەی تێڕامانە،
باووباپیرانی ئێمەی کورد هەستیان بەو نەخۆشییە کۆمەلايەتييە کردووە ، بۆيە لێکەوتەکان و کارەکتەرەکانیان بە سووکوچروک بینیوە و نەفرەتیان لێ کردووە.
هەر لەبەر ئەوەشە ناوێکی پڕ بە پێستی خۆیان لێ ناوە، واتە ناوەکە ( پڕوپووچی )دەربڕی
ناوەڕۆکەکەیەتی.
پڕ: تەژی، قەبە.
پووچ: بێ ناوەڕۆک، بێ
بەها.
پڕوپووچ بەیەکەوە: واتە
قەبەیەکی بێ ناوەڕۆک! ڕێک وەک دەبدەبە پڕە لە با، بەڵام هیچيش نييە …
کەواتە لەناو کورددا هەمیشە
کەسانی پڕوپووچ هەبوون، بەڵام ئەو کەسانە بە پێچەوانەی ئێستا نەک هەر ڕێزیان لێ نەگیراوە،
بگرە بە سووکیش سەیر کراون، چونکە زانراوە ، کە باقوبریق و قەبەیی و خۆهەڵکێشان و
خۆنواندن و دەرکەوتنیان فشەیە و تەنیا پڕکراوی
بان ، بۆیە بەرگەی هیچ جۆرە ساردی و گەرمییەک ناگرن.
دیاردەی پڕوپووچی هەموو
دنیای گرتووەتەوە، بەڵام مخابن لە
کوردستانیشی داوە و خەریکە دەبێتە سیستەمیش.
ڕەنگە پرسیارێک بکرێ و
بڵێن: بۆچی بەو دژوارییە کوردستان تووش بووە؟
وەڵامی ئەم پرسیارە سەرپێیی
نابێ، بەڵام دەتوانم ئاماژە بە دوو هۆکار بدەم:
يەکەم :
دواکەوتوویی سیستەمی سياسی و حوکمڕانی.
دووەم:
گەندەڵی و دەسکەوتی بێ
ئەرک و بێ ڕەنجی دارایی زۆر و زەوەند.
لە سایەی ئەم بارودۆخەدا،
هەندێ جار بە پلان و هەندێ جاریش بێ پلان، کەسانی پڕوپووچ پێگە و جومگەی گرنگ و
کاریگەری سياسی و کارگێڕی و تەنانەت نوێنەرايەتيش
وەردەگرن. ئەو پڕوپووچانەش نەک هەر بەرگری لە یەکتر دەکەن، بەڵکوو پەرە بە دياردەکە
دەدەن و بانگەشەی ئەوە دەکەن کە هەر کەسێک ڕێگەی ئەوان نەگرێتە بەر و پیشەکەیان نەکاتە
چەپڵەلێدان و ستایشی بێ هۆ، هەر لە پەراوێز دەمێنێتەوە.
کاتێکیش لەناو هەر دامەزراوەیەکی
سیاسی-کۆمەڵایەتیدا پڕوپووچەکان تۆڕی خۆیان ڕێک خست، ئەو کات بە شێوەیەکی سیستەماتیک
پڕوپووچی بڵاو دەکەنەوە، بەڵام ئەوان جگە لە کەرەستەی ڕازاندنەوەی کاتیی گەورەکانی
خۆیان، هیچی تر نین.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی