سیمبۆلێک لە مێژووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا!

06/01/2026

پشکۆ نەجمەدین


مەلابەختیار... نەک هاوڕێ و هاوخەباتەکانی، بگرە نەیارە سیاسی و فیکرییە بەویژدانەکانیشی، دەشێت شایەتیی ئەوە بدەن، کە ئەم تێکۆشەرەی، هەموو توانستە فیکری و جەستەییەکانی تەمەنی خۆی، بە کۆمەڵە، یەکێتی و بزاڤی سیاسی و چەکداریی هاوچەرخی کورد بەخشیوە، شایستەی ڕۆنیشتنە لەسەر کورسیی سەرۆککۆماری ئێراق! 
من پێم وایە، مەلابەختیار،  ئەو ئەزموون و توانستە سیاسییەشی هەیە کە پارێزەری مافە دەستوورییەکانی کورد و فاکتەرێکی کاربڕی پێشاژۆی ئاشتەواییی کوردستانیش بێت.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەم سەردەمە ناسک و پڕقەیرانەی باشووری کوردستاندا، دەشێت تێکۆشەرێکی بەئەزموون، بۆ پۆستی سەرۆککۆمار بەربژێر بکات، کە لە مێژوودا، سەرکردەیەکی دیار و پەرێزڕووناکی حیزبەکەی بووبێت و ئێستا و ئاییندەیش، هەر پەرۆشی چارەنووسی ئەو حیزبە بێت. مەلابەختیار، ئەگەرچی نهۆ لە دەرەوەی بازنەی دەستەڵاتی یەکێتییە، بەڵام خۆی وەک یەکێک لە سیمبۆلەکانی مێژووی ئەو حیزبە دەبینێت و هەر وەهایش بووە و لەو پێناوەیشدا، توانستێکی فیکری و سیاسیی دیاری وە گەڕ خستووە. ئەو، لە ڕۆژگارە ئاستەنگەکان و ڕێڕەوی شکستەکانیشدا، کاراکتەرێکی بزێو و  بەنامێی هەستانەوەی ئەو حیزبە بووە.
من پێم وایە مەلابەختیار، هەموو مەرج و خەسڵەتەکانی سەرۆککۆمارێکی سەرکەوتووی تێدان و بۆ کوردیش، تا ئەو جێیەی کە دەستەڵاتەکانی ئەم پۆستە تەشریفاتییە ڕێگە بدەن، هەوڵێکی لێبڕاوانە بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵواسراوەکانی نێوان کورد و ئێراق بدات.
من هیوادارم، سەرۆک و سەرکردەیەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتیی دیموکراتی کوردستانیش، ورد و فرەڕەهەند، لەم سەردەمەی ئێستای کوردستان، ئێراق، نێوچەکە و دنیا بڕوانن و بڕیارێکی دروست، لەمەڕ بەربژێرێکی هاوبەش، بۆ پۆستی سەرۆککۆمار بدەن!

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی