لەجیهانی ئاڵۆزی سیاسەتی ئەمڕۆدا، زۆرینەی جار دروشمە بریقەدارەکانی وەک "مافی مرۆڤ"، "دیموکراسی"و "دادپەروەری نێودەوڵەتی" دەبیستین، بەڵام کاتێک بەوردی لەڕوداوە چەقەبەستوەکانی جیهان و ناوچەکە دەڕوانین، ڕاستییەکی تاڵتر خۆی دەردەخات؛ ئەویش ئەوەیە کە بزوێنەری سەرەکیی ڕوداوەکان نە ئەخلاقەو نە پرەنسیپە مرۆییەکان، بەڵکو تەنهاو تەنها چەمکێکە بەناوی "ڕیەڵپۆلەتیک" (Realpolitik).
ڕیەڵپۆلەتیک چییە؟
ئەم چەمکە، کە ڕەگ و ڕیشەکەی بۆ بیرمەندانی وەک مەکیاڤێلی و دواتریش بۆ سیاسەتمەدارانی وەک بیسمارک و هێنری کیسینجەر دەگەڕێتەوە، ئاماژەیە بۆ جۆرە سیاسەتێک کە تەنیا لەسەر بنەمای "هێز" و "بەرژەوەندیی نەتەوەیی" بونیاد نراوە. لەم قوتابخانەیەدا، دەوڵەتەکان بەدوای ئەوەدا ناگەڕێن کە چی "ڕاستە" یان چی "ئەخلاقییە"، بەڵکو بەدوای ئەوەدا دەگەڕێن کە چی "بنیادنەرە بۆ پاراستنی هێز و مانەوە".
لێرەدا، ویژدان دەکرێتە قوربانیی هاوکێشە جیۆپۆلیتیکییەکان.
نموونە زیندووەکانی جیهانی ئەمڕۆ
بۆ ئەوەی تێبگەین چۆن ڕیالپۆلیتیک جیهان بەڕێوە دەبات، پێویستە سەیری ئەو ململانێیانە بکەین کە ئێستا لە ئارادان:
1. قەیرانی غەززە و دوو فاقیی نێودەوڵەتی: لێرەدا دەبینین چۆن دەوڵەتە زلهێزەکان لە نێوان "یاسای نێودەوڵەتی" و "بەرژەوەندیی جیۆپۆلیتیکی"دا، دووەمیان هەڵدەبژێرن. بێدەنگی یان پاڵپشتیی کوێرانە بۆ لایەنێک لەسەر حیسابی کوژرانی هەزاران سڤیل، سەلمێنەری ئەوەیە کە پاراستنی هاوپەیمانە ستراتیژییەکان پێش هەموو بەهایەکی ئەخلاقی دەکەوێت.
2. جەنگی ئۆکرانیا و ئاسایشی وزە: لە کاتێکدا جیهان باس لە سەروەریی خاک دەکات، بەڵام لە پشت پەردەوە ململانێی ڕاستەقینە لەسەر نەخشەی وزە و فراوانخوازیی ناتۆیە. زلهێزەکان ئامادەن جەنگێکی درێژخایەن بەڕێوە ببەن تەنیا بۆ لاوازکردنی ڕکابەرەکانیان، بێ گوێدانە ئەو وێرانکارییەی ڕوودەدات.
3. پەیوەندییەکانی چین و ڕۆژئاوا: سەرەڕای ڕەخنە بەردەوامەکان لە دۆخی مافی مرۆڤ لە چین، بەڵام جیهان ناتوانێت دەستبەرداری ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ پەکین بێت. لێرەدا "ئابووری" دەبێتە بێدەنگکەری "ویژدان".
٤-کورد: قوربانییەکی هەمیشەیی "سیاسەتی بەرژەوەندی" ئەگەر بمانەوێت مۆدێلێکی زیندوو بۆ شکستی ئەخلاق لە ناو سیاسەتی نێودەوڵەتیدا بدۆزینەوە، هیچ نموونەیەک وەک "دۆزی کورد" گوزارشت لەو ڕاستییە ناکات. کورد لە هەر چوار پارچەکەدا، نەک تەنیا قوربانیی ستەمی ناوخۆیی، بەڵکو قوربانیی ئەو ڕێککەوتنە "ڕیالپۆلیتیک"انەیە کە زلهێزەکان لە پشت پەردەوە ئەنجامی دەدەن:
* لە عێراق و سووریا: کورد وەک کاراترین هێز لە دژی تیرۆری نێودەوڵەتی (داعش) شەڕی کرد و جیهانی پاراست، بەڵام کاتێک شەڕەکە کۆتایی هات، جارێکی دیکە کەوتەوە ژێر باری "هاوکێشەی هاوسەنگیی هێز". لە سووریا دەبینین چۆن بەرژەوەندییەکان لەگەڵ دەوڵەتە ئیقلیمییەکان، زۆرجار دەبنە هۆی پشتگوێخستنی ئەو قوربانییانەی کورد دابووی.
* لە تورکیا و ئێران: پرسی مافە کولتووری و سیاسییەکانی ملیۆنان کورد، زۆرجار دەکرێتە قوربانیی ڕێککەوتنە ستراتیژییەکانی وزە، ئاسایش و بازرگانی. جیهانی ڕۆژئاوا کە خۆی بە پارێزەری دیموکراسی دەزانێت، لە ئاست کێشەی کورد لەم دوو وڵاتەدا زۆرجار پەیڕەوی "بێدەنگیی پڕ لە بەرژەوەندی" دەکات، تاوەکو پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەو پایتەختانە تێک نەچێت.
جیهانێک لەسەر بنەمای "دوو فاقیی ئەخلاقی"
ئەوەی ئێستا لە هەر چوار پارچەی کوردستان، غەززە، ئۆکرانیا و ناوچەکانی دیکەی جیهان دەگوزەرێت، درێژکراوەی هەمان ئەو عەقڵییەتەیە. دەوڵەتەکان تەنیا ئەو کاتە باس لە "مافی چارەی خۆنووسین" یان "تاوانی جەنگ" دەکەن، کە لە خزمەت لاوازکردنی نەیارەکانیاندا بێت. کاتێک بەرژەوەندیی ئابووری دێتە پێشەوە، مێزەکە وەردەگێڕدرێت؛ هاوڕێکانی دوێنێ دەبنە دوژمن و دوژمنەکانی دوێنێش دەبنە "هاوبەشی ستراتیژی".
هێز وەک تاکە پێوەر
لە سیستەمێکی نێودەوڵەتیدا کە ڕیەڵپۆلەتیک حوکمی دەکات، "هێز" دەبێتە سەرچاوەی شەرعییەت. یاسا نێودەوڵەتییەکان تەنیا بۆ لاوازەکان جێبەجێ دەکرێن. بۆ گەلی کورد و گەلانی هاوشێوە، وانەی تاڵی ڕیەڵپۆلەتیک ئەوەیە: "کەس لایەنگری مافەکانت نییە، ئەگەر ئەو مافانە لەگەڵ هێز و بەرژەوەندیی ئەواندا نەیەتەوە یەک."
کاتێک ئەخلاق لە کێبڕکێ سیاسییەکان وەلا دەنرێت، مرۆڤ دەبێتە تەنیا ژمارەیەک لە ناو هاوکێشەکاندا. ئەوەی ئێستا دەیبینین، شکستی سیستمە نێودەوڵەتییەکانە لە پاراستنی بەها مرۆییەکان بەرامبەر بە هەژموونی هێز. ئێمە لە سەردەمێکدا دەژین کە تێیدا "بەرژەوەندی" پێش هەموو بەهایەک دەخرێت. ڕیەڵپۆلەتیک جیهانێکی سارد و بێبەزەیی دروست کردووە، کە تێیدا ئەخلاق تەنیا ڕووپۆشێکە بۆ شاردنەوەی ململانێی هێزەکان. تائەوکاتەی سیستەمی جیهانی بەم عەقڵییەتە بەڕێوە بچێت، دادپەروەری تەنیا خەونێکی دوور دەبێت و مرۆڤایەتیش بەردەوام باجی ئەو سیاسەتە دەدات کە مرۆڤ وەک "ئامراز" دەبینێت نەک "ئامانج".
لە ناو هۆڵە تاریکەکانی بڕیاردانی نێودەوڵەتیدا، ئەوەی قسەی کۆتایی دەگرێت قەبارەی سوپا و بەرژەوەندیی کۆمپانیا زەبەلاحەکانە، نەک فرمێسکی منداڵێک یان مافی نەتەوەیەکی بێدەوڵەت.
ئێمە لە سەردەمێکدا دەژین کە تێیدا "هێز" ڕاستی دروست دەکات، نەک "ڕاستی" هێز بەرهەمبهێنێت. ئەمە جەوهەری ئەو ڕاستییە تاڵەیە کە پێی دەگوترێت، ڕیەڵپۆلەتیک.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی