ئەوەی لە گەڕەکە کوردییەکانی حەڵەب ڕوویدا شتێکی
چاوەڕوان نەکراو نەبوو، چونکە دەمێکە گرووپە تیرۆرستییەکانی نێو حکومەتی سوریا بە دەست
لە پشتدانی تورکیا لەگەڵ پیلان و نانەوەی ئاژاوەیێک سەرەتاتکێیانە و بە دوای دەرفەتێکەوەن
تا کوشتارگەیێک لە دژی کورد هاوشێوەی درووز
و عەلەویەکان بخوڵقێنن، پێدەچێت لەو دوایشدا لە دوای ڕێکەوتنی پاریس و چۆک دادانەکەی شەرع بۆ ئیسڕائیل تا ئاستێک زەمینەکە لەبار بووبێت
تا لەو بوارەدا ئەسپی خۆیانی تێدا تاودەن، بێ دەنگی ئەمریکاش لە بارەوە ڕەنگە کەم تا
زۆر نەخش و ڕۆڵی خۆی هەبوو بێت .
کۆبوەنەوەی هەردوو وەفدی "حەسەکە و دیمەشق"
پێش ڕووداوەکەی حەڵەب کە بە نێوەندگیریی ئەمریکا بەڕێوەچوو و تێیدا بەڕێز مەزڵوم عبدی
و وەزیری بەرگری سوریا سەرپەرشتیان دەکرد، وەک دەگوترێت بەرەوپێش چوونی زۆر ئەرێنی
هەبووە و لە واژۆکردنی ڕێککەوتن نزیک بوون کە ئەسعەد شێبانی وەزيری دەرەوە هاتووە ناو
کۆبوونەوەکە و جانتای گفتوگۆکانی پێچاوەتەوە و ڕێکەوتنەکەی تێکداوە.. هەڵبەت ئەو بابەتە
جێی هەڵوێستە لەسەر کردنە، چونکە ڕەنگە هەر ئەوەندە نەبێت کە دەگوترێت تورکیا هۆکاری
تێکدانی ئەو دانیشتنە بووە، ڕاستە تورکیا لە هیچ پیلانێک دژ بە کورد سڵ ناکاتەوە و
تێکدەری زۆربەی گفتوگۆکانی کورد بووە ئەوەی بۆشی کرابێت بە ئاشکرا کردوویەتی و دەشیکات،
بەڵام ئەوەش ڕوونە کە سووریا لە نێو هەژموونی کۆمەڵێک وڵاتدا دابەش و خەتوکوز کراوە،
بە تایبەت ئەمریکا، ئیسرائیل، ڕووسیا، فەڕەنسا و تورکیا، وە قسە لەوە دەکرێت و دوور
نیە ئەو دابەشکارییە لە ژێرەوە ڕێکەوتنیشی لەسەر کرابێت .
بۆیە لەوەها دۆخێکدا پێویستە کورد لەو دیو سنوری
هەست و سۆزەوە شەنوکەو و هەڵسەنگاندنێکی ورد و لۆژیکیی بۆ ئەو بارە نا ئاساییەی ئێستا
و ئایندەی ڕۆژ ئاوای کوردستان بکات، خاڵە بەهێز و لاوازەکانی ڕووداوەکەی "شێخ
مەقسود و ئەشڕفیە" دەستنیشان و ئەزموون بکات و بە بەرچاوڕوونیەوە هەنگاوە هەستیارەکانی
داهاتوو بنێت؛ وردتر و ڕونتر بڵێین ئەگەر ئەوە ڕاست بێت هەر ڕێکەوتن و سنور کێشانێک
لەنێوان هەژموونی زلهزەکاندا کرابێت و پێگەی کورد لەو ديو ڕۆژ هەڵاتی فوڕات وەک جێ
هەژموونی ئەمریکا دیاری کرابێت، ئەوا پێویستە لە ئێستادا هەسەدە دۆخەکە قبوڵ بکات،
لە نێو ئەو گەردەلوول و باهۆزی ئەمڕۆدا بەلەمەکە ڕوو کەنارێکی ئارام ئاڕاستە بکات و
پێچەوانەی شەپۆلەکان سەوڵ لێنەدات، چونکە تەوژمی گۆڕانکارییەکان خێران و گەیشتوونەتە
قۆناغێکی زۆر هەستیار، بە زۆربەی پێوەرەکانیش بێت ئاسۆی کورد بە گشتی ڕوونە و خراپ
نابینرێت .
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی