لەکاتێکدا دیمەشق ملکەچی جەلادێکی مۆدێرن بوە کە دەیەوێت بەقاتی ئیتالی و عەتری ترەمپ، ڕابردوە خوێناوییەکەی لەداعش، قاعیدەو نوسرە بشارێتەوە. ڕۆژئاواش خەریکی سپیکردنەوەی تیرۆرە لەپێناو بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانیدا، ئایا کوردو پێکهاتە ڕەسەنەکانی سوریا دەبنە قوربانی ئەم هاوپەیمانییە ناپاکەی نێوان تورکیاو ئەحمەد شەرع و گڵۆپە سەوزەکەی ترەمپ؟ چۆن تاران بوەتە کاتژمێری سفری ئەم هاوکێشەیەو بۆچی سەنگەری پێشەوەی دیپلۆماسی کورد لەواشنتۆن و لای سیناتۆر لیندسی گراهامە؟
سپیکردنەوەی تیرۆر و گەمەی گۆڕینی بەرگ: ئەحمەد شەرع، کە جیهان تا کۆتایی٢٠٢٤ بە "ئەبو محەمەد جۆلانی دەیناسی" لەگەمەیەکی نوێی سیاسیدا و بە ڕێنوێنی وردی هەواڵگریی تورکیا و پشتیوانی لۆبییەکانی کەنداو، توانی لە ماوەیەکی کورتدا پێستی خۆی دابماڵێت و وێنەیەکی جیاواز لە ڕابردووی نمایش بکات. هەرچەندە پایتەختەکانی ڕۆژئاوا باش دەزانن کە توندڕەوییەکی ڕەگداکوتاوی قوتابخانەکانی قاعیدە، داعش و نوسڕە؛ بەگۆڕینی پۆشاک و گواستنەوە لەژێرزەمینەکانی ئیدلیبەوە بۆ کۆشکی دیمەشق لە شەو و ڕۆژێکدا مەحاڵە ببێتە میانڕەوی، بەڵام بەرژەوەندییەکان وایانکرد، ئەوروپا و ئەمریکا چاو لەو مێژووە خوێناوییە بپۆشن. ئەمڕۆ واشنتۆن و برۆکسل لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی ڕەوشتی سیاسیدان؛ ئایا دەکرێت متمانە بە مرۆڤێک بکرێت کە تەنها بەرگەکەی مۆدێرن کردووە، یان ئەمە تەنها مامەڵەیەکی ناچاری کاتییە لەگەڵ دیفاکتۆیەکی نوێدا؟
ڕۆژئاوا دەیەوێت بە هەر نرخێک بێت سووریا لە چنگی ئێران و ڕووسیا دەربهێنێت، تەنانەت ئەگەر باجەکەشی پڕنەسیپەکانی و سپیکردنەوەی ڕابردووی سەرکردەیەکی قاعیدە، داعش و بەرەی نوسڕە و قوربانیکردنی مافی کەمینەکان و پشتگوێخستنی هاوسەنگەرێکی دوێنێی دژە داعش بێت. ئەم سیاسەتە نوێیەی ڕۆژئاوا بۆ سووریا لەدوای 2024وە، بەقازانجی ئەوەیە کە جۆلانی وەک بەربەستێکی سوننی کە بەسروشتی دژە شیعەیە، لەبەردەم هیلالی شیعی و ڕێگریکردن لەگەیشتنی ئێران بە حزبوڵڵای لوبنانی و لاوازکردنی ڕۆڵی ڕووسیا دەبینێت.
لەهەمانکاتدا چرای سەوزی بۆ داگیرکارییەکانی تورکیاو سڕینەوەی ناسنامەی پێکهاتە ڕەسەنەکانی وەک کورد هەڵکردووە. ئەمە تەنها گۆڕینی دەسەڵات نییە، بەڵکو گۆڕینی جەلادێکە بە جەلادێکی مۆدێرنتر کە بە زمانی دیپلۆماسی قسە دەکات و بە ڕۆحی تیرۆر و تۆقاندن و تۆڵەکردنەوە حوکم دەکات. هەرچەندە ڕۆژئاوا دەمێکە بە لۆژیکی ساردی قازانج و لەسەر بنەمای " بەرژەوەندی خۆی لەپێش هەرشتێکی تر" مامەڵە دەکات، بەڵام لەدوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد کەوتە نێوان دوو بژاردەی تاڵەوە؛ یان دەبوو مامەڵە لەگەڵ هێزی باڵادەستی ناو دیمەشق بکات، یان بەرەوڕووی جەنگێکی ناوخۆیی ببێتەوە کە هیچ ئاسۆیەکی ڕوونی بۆ کۆتایی ڕوون نەبوو.
هەرچەندە ئەم لۆژیکە وەک ڕێگەیەک بۆ ڕێگری لە جەنگ سەیر کرابێت، بەڵام لە ئەرزی واقیعدا نەک هەر ڕێگری لە مەترسی جەنگی ناوەخۆیی نەکردووە بەڵکو دەستی دیمەشقی واڵاترکردووە بۆ چەوساندنەوەی پێکهاتە و ئیتنیکەکانی ناو سووریا. کەمینەکانی وەک درووز، عەلەوی، کورد و مەسیحییەکان، لەژێر سێبەری ئەم سیاسەتەدا کەوتنە بەر دڕندانەترین هێرش و پەلاماری گرووپە تیرۆریستییەکانی ناو سوپای عەرەبی سووری، و هەڕەشە و گوشاریش لەسەریان تادێت زیاتر دەبێ و بەردەوامە. ئەم بێدەنگییەی جیهان، لەبەرامبەر ئەو تاوان و پێشێلکارییانەی گرووپەکانی سەربە ئەحمەد شەرع بەدروشمی "اللە اکبر" و سلۆگانی داعشەوە دژ بە عەلەوی و درووز و کورد ئەنجامیانداوە؛ دەرگایەکی نادیاری بەسەر کارەساتێکی گەورەتردا کردووەتەوە کە بۆ ئایندە هەڕەشەیەکی جیدییە لەسەر بوون و ناسنامەی تەواوی پێکهاتە ڕەسەنەکانی سووریا. ئەمەش وایکردووە کە کورد و پێکهاتەکانی تری دەرەوەی ئیسلامی توندڕەوی سوننی، متمانەیان بە حکومەتی دیمەشق نەبێت و داوای گەرەنتی بوونی نێودەوڵەتی دەکەن بۆپارستن و دەستەبەری مافەکانیان.
سەرەڕای هەموو ئەمانە، ئەحمەد شەرع بەهاوکاری میت، یارییەکی ژیرانە بە کارتەکانی داعش و قاعیدەوە دەکات؛ ئەو کە ڕۆژانێک بە ئاشکرا خۆی لەو بازنەیەدا بووە، ئێستا وەک سەرچاوەی زانیاری و هاوبەشێکی ناوخۆیی خۆی بە ڕوژئاوا دەفرۆشێتەوە و دەیەوێت بە هاوکارییەکی ڕووکەشی بۆ هاوپەیمانان، ناسنامە جیهادییەکەی بۆ نیشتمانیبوون بگۆڕێت. بۆ ئەوروپییەکانیش لەلایەک بەرژەوەندی خۆیان لەپێش هەرشتێکەوەیە، لەلاکەی ترهەمیشە لە مۆتەکەی کۆچی بەکۆمەڵ دەترسن. بۆیە سەقامگیری سووریا لەژێر سایەی هەرهێزێکدا بێت، ئەوان بە گەرەنتییەک دەیبینن بۆ پاراستنی سنوورەکانیان تەنانەت ئەگەر ئەو سەقامگیرییە دروستکراویش بێت. لێرەدا بەرژەوەندییەکان، تەواوی ئەو پرەنسیپ و بەها مرۆییانەیان قووتداوە کە ساڵانێک بوو ڕۆژئاوا بانگەشەی بۆ دەکرد.
کەمینەکانی سوریا لەنێوان بەرداشی بەرژەوەنديی و هەڕەشەی قڕکردندا
ئەحمەد شەرع لە پڕۆسەیەکی نمایشکارانەدا، جلی سەربازیی بە قاتی مۆدێرن گۆڕییەوە؛ هەرچەندە ئەم براندینگە نوێیە تەنها بەرگێکە و ناوەڕۆکە توندڕەوەکەی لەژێر پۆستاڵەکانیدا شاراوەتەوە. ئەو ئەمڕۆ لەگوتارەکانیدا، باسی "دەوڵەتی دامەزراوەیی و پاراستنی کەمینەکان و دەستەبەری مافیان دەکات"، بەڵام ڕاستییەکان لەسەر زەوی شتێکی تر دەڵێن؛ چیرۆکی پڕمەترسیدار و تراژیدی؛ درووزەکان لەسوەیدا و عەلەوییەکان لەکەناراوەکان و کورد لە گەڕەکە کوردییەکانی حەلەب، کۆچی مەسیحییەکان؛ دەگێڕنەوە. لە ئەرزی واقیعدا، دامەزراوەکانی دیمەشق بوونەتە قۆرخکاری ناسیۆنالیزمێکی توندڕەوی عەرەبی-سوننە و هیچ شوێنێکی ڕاستەقینەیان بۆ کورد، درووز، عەلەوی و مەسیحییەکان تێدا نەماوەتەوە. لەدەستووری کاتیدا؛ ئیسلام و نەتەوەی عەرەب یەکەم و سەردەستەن، هەر وەک ئەوەی هاوڵاتی پێکهاتەکانی تر پلە دوو بن یان هەر بوونیان نەبێت. ئەوەی جێی تێڕامانە، بێدەنگی و چاوپۆشی ڕۆژئاوایە لە ئاست ئەم پێشێلکاریی ، کۆمەڵکوژی و کارە تیرۆریستییانەی گرووپەکانی داعش لەناو ڕێخستنەکانی سوپای عەرەبی سووری و پێشێلکارییە جەستەیی و سیستماتیکی و مەعنەوییانەی بەرامبەر بە پێکهاتەکان دەکرێت.
واشنتۆنو لیندسی گراهام؛ قەڵغانی سیاسی کورد
دوایین کارە تیرۆریستییەکانی ئەم دەسەڵاتەی دیمەشق بەڕێوە دەبات، وەک بینمان، هێرشی وەحشیگەرانەی سەرگەڕەکە کوردییەکانی حەلەب بوو، ئەو پەلامارە بەربەریانەی کە تەنها پێشێلکاریی جەنگی و مرۆییان تێدا نەبوو، بەڵکو زەنگێکی مەترسیدار بوو بۆ پەراوێزخستنی کورد و پێکهاتەکانی تر لەدەرەوەی ئیدارەی توندڕەوی سونی ئەحمەد شەرع لە هاوکێشە نوێیەکەدا. لێکەوتەی مەترسیداری ئەو هاوکێشەی نوێیەش ئەوەیە کە لەئێستادا تورکیا و حکومەتی نوێی دیمەشق، لەژێر پەردەی سەروەریی نیشتمانی، خەریکی پیلانێکی ناپاکترن دژ بەکورد بۆ پەڕینەوە بەرەو ڕۆژهەڵاتی فورات.
هەروەک ڕوونە ئامانجی ئەم پیلان و هاوپەیمانییە ناپیرۆزەش، سڕینەوەی ئەو قەوارە دیموکراتییە و لەناوبردنی کورد و دەستکەوتەکانی هەسەدەیە. لەکاتێکدا جیهان چاوی لە ئاست ئەم پێشلکاریی و پیلانانە نوقاندووە، لەئێستادا تاکە هیوایەکی سیاسی کە بێجگە لە ئیرادەی کورد خۆی، لە واشنتۆنەوە بدرەوشێتەوە، هەڵوێستە توندەکانی سیناتۆر لیندسی گراهامە. ئەو سیناتۆرەی کە وەک دۆستێکی دڵسۆز و پارێزەرێکی سەرسەختی دۆزی کورد دەردەکەوێت؛ کەسایەتییەک کە بەهۆی پابەندی توندی بە ئەخلاقی سیاسی و داکۆکیکردن لە هاوپەیمانەکانی واشنتۆن، ڕێزێکی بێوێنەی لێ دەگیرێت.
مێژوو ئەوەی لەبیرە کە لەساڵی 2019دا، کاتێک تڕەمپ گڵۆپی سەوزی بۆ هێرشەکانی ئەردۆغان هەڵکرد، هەر گراهام بوو بووە بەربەستێکی گەورە و توانی هاوسەنگییەکە بە قازانجی کورد بگۆڕێت. هەروەک دوێنێش گراهام" جارێکی دیکە، بە هەمان نەفەسی داکۆکیکارانە، هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی تورکیا و دیمەشق کرد و ڕایگەیاند: "هەر هێرشێک بۆ سەر کورد، سزای قورسی بەدوادا دێت".
ئەم هەڵوێستەی گراهام تەنها پەیامێکی دیپلۆماسی نییە، بەڵکو قەڵغانێکی سیاسی بەهێزە کە نەک تەنها جێی دڵخۆشی کوردانە، بەڵکو هێڵێکی سووریشی بۆ هەموو ئەو هێزانە کێشا کە خەون بەسڕینەوەی دەستکەوتەکانی کورد دەبینن. گراهام، کە یەکێکە لەنزیکترین کەسەکان لەترەمپ، باشدەزانێت چۆن هاوسەنگی هێز ڕابگرێتو ڕێگریی لەکارەساتێکی مرۆیی بکات.
بوونی کەسایەتییەکی وەک ئەو، وەک چەکێکی دیپلۆماسی بەهێز وایە کە دەتوانێت سزای ئابووری و فشاری سیاسی وەک قەڵغان بۆ پاراستنی ڕۆژئاوای کوردستان بەکاربهێنێت. ئەمە دەریدەخات کە کورد هەرچەندە لەسەر زەوی ڕووبەڕووی خیانەتی بەرژەوەندییەکان دەبێتەوە، بەڵام هێشتا لە ناوەندە بڕیاربەدەستەکانی جیهان، خاوەنی پێگەیەکە کە ناتوانرێت بە ئاسانی پشتگوێ بخرێت.
تاران؛ کاتژمێری سفرو گۆڕانی هاوکێشەکان
لەپشت هەموو ئەم ئاڵۆزییانەوە، کلیلێکی سەرەکی هەیە کە دەکرێت تەواوی هاوکێشەکە هەڵبگەڕێنێتەوە، ئەویش چارەنووسی ڕژێمی تارانە. ئەگەر هەژموونی ئێران لەناوچەکەدا کۆتایی بێت، ئەو پێویستییە کاتییەی کە ڕۆژئاوای ناچارکردوە چاوپۆشی لەڕابردووی جۆلانی بکات، دەستبەجێ بەسەردەچێت.
بەبڕوای من، هەر ئەوەشە تورکیاو ئەحمەد شەرعی تەنگەتاو کردوەو دەیانەوێ لەلایەک سوود لەبێدەنگی ڕۆژئاواو لەیەک پێش سووتانی کارتەکەی شەرع هێرش بکەنە سەر کورد، بەڵام لەئێستادا کە سات لەدوای سات ڕژێمی ئێران لەکاتژمێری سفڕی خۆی نزیکدەبێتەوە هەر لەگەڵ نیشتنەوەی تەپوتۆزی ڕووخانی ڕژێمە مەلاییەکەی تاراندا ئیتر شەرعیش ناتوانێت وەک کارتی دژایەتی ئێران خۆی بەواشنتۆنو ئیسرائیل بفرۆشێتەوە، بەڵکو دەکرێ وەک سەرکردەیەکی توندڕەو بمێنێتەوە کە دەبێت باجی مێژووەکەی بدات.
لێرەدایە کە دەرفەتێکی مێژوویی بۆ کورد دەڕەخسێت؛ چونکە بە نەمانی هەڕەشەی ئێران، ڕۆژئاوا جارێکی دیکە دەگەڕێتەوە سەر پرەنسیپە دیموکراسییەکانی، بۆ ئەوەش لەسووریای ئەمڕۆدا هیچ هاوبەشێکی ڕاستەقینەتر و مۆدێرنتر لەکورد شک نابات. لەگەڵ ئەوەشدا کورد نابێت تەنها چاوەڕێی ڕووداوەکان بێت. پێویستە لەم قۆناغەدا بە وشیاری و داناییەکی سیاسییەوە یاری بکات؛ هەم یەکڕیزی ناوخۆیی وەک قەڵغانێکی پۆڵایین بپارێزێت و هەم کارتی زیندانیانی داعش و پاراستنی کەمینەکان وەک ئامرازی فشار بەرامبەر جیهان بەکاربهێنێت. پێویستە پەیامەکە ڕوون بێت؛ هەسەدە تەنها هێزێکی سەربازی نییە، بەڵکو تاکە مۆدێلی پێکەوەژیانە لە ناوچەیەکدا کە جەلادەکانی دوێنێ بە قاتی مۆدێرنەوە تێیدا حوکم دەکەن.
لەکۆتاییدا، ئێمە دەبێت ئەو ڕاستییە تاڵە قبوڵ بکەین کە لە سووریای دوای ئەسەد و شەڕی داعش، ئەولەویەتەکانی ڕۆژئاوا گۆڕانیان بەسەردا هاتووە و بەرژەوەندی جێگەی پرەنسیپی گرتووەتەوە. بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە کورد ڕێگەی دەربازبوونی لێگیرابێت؛ بەپێچەوانەوە، نەمانی هەژموونی ئێران کە لەئێستادا، هەوری مەرگ دەوری تارانی تەنیوە، لەگەڵ ساتی ڕووخانیدا هەموو ئەو کارتە سیاسییانەی کە ئێستا لە دەستی تورکیا و شەرعدایە، دەسووتێنێت.
بەواتایەکی تر کاتێک تاران وەک سەرچاوەی هەڕەشە نامێنێت، ئیتر پێویستی ڕۆژئاوا و ئیسڕائیل بە هێزێکی سوننەی توندڕەو بۆ ڕاگرتنی شیعە کۆتایی دێت و جیهان لەسووریا ناچاردەبێت بگەڕێتەوە بۆ لای هاوبەشە ڕاستەقینە و دیموکراتەکانی کە کورد لە پێشەنگیاندایە. پەیامەکەی دوێنێی لیندسی گراهام؛ نەک دەنگی زوڵاڵی ناڕازی ناو کۆنگرێسە لەسەر کورد؛ بەڵکو هێڵی سووری واشنتۆن بوو کە بە ڕووی ئەنقەرە و دیمەشقدا کێشرا.
تەنانەت ئەگەر ترەمپ مەیلی کشانەوەی لەسووریا و ڕازیکردنی دڵی ئەردۆغان-یشی هەبێت، بوونی لۆبییەکی بەهێز و فشارەکانی کۆنگرێس ڕێگر دەبن لەوەی کورد بە تەنها جێبهێڵرێت. ئێستا کاتی ئەوەیە کورد حەکیمانە بە یەکگرتوویی مامەڵە بکات؛ چونکە لەم جەنگەڵە سیاسییەدا، تەنها ئەوانە دەمێننەوە کە دەزانن چۆن هاوسەنگی لە نێوان هێزی سەربازی سەر زەوی و لۆبی سیاسی ناوەندە جیهانییەکاندا دروست بکەن. دەرفەتە مێژووییەکە لەبەردەمدایە، بەو مەرجەی نەکەوینە ناو داوی ڕێککەوتنە نهێنییەکان و ئیرادەی خۆمان وەک تاقە کارتی بێڕکابەر ببینین و بیپارێزین.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی