کەوتنی رۆژئاوای کوردستان یەکێک لە ئامانجە هاوبەشەکانی نێوان تورکیا و رژێمی نوێی سوریایە بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد شەرع، هەڵبەت ئەوە نەک هەر نوێ نییە، بەڵکوو دەگەڕێتەوە بۆ رێککەوتنی پێش کۆتاییهاتنی رژێمەکەی بەشار ئەسەد، ئەوکاتەی شەرع ئەمیری جەبهەی تەحریر شام و دەسەڵاتی سەپێنراوی ئیدلب بوو.
تورکیا، کوردی لەژێر هیچ ناوێکدا قبووڵ نییە، بەتایبەت کوردی هۆشیار و سەربەخۆییخواز یان هەر ئەوەندەی خەونی ئەوەی هەبێت وەکوو کورد بناسرێت و دانی پێدا بنرێت، ئیتر دەکەوێتە ناو بازنەی سیاسەتی رەگەزپەرستانەی تورکیاوە و چەند بۆی بکرێت پاکتاوی دەکات.
چەند رۆژی رابردوو بووینە گەواهیدەری هێرشی دڕندانەی سوپای سوریای عەرەبی بۆ سەر دوو گەڕەکە کوردنشینەکەی شاری حەلەب، بینیمان چۆن شەرع و سوپاکەی بەهاوکاریی میتی تورک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیی پێشکەوتوو ویستیی کۆمەڵکوژکردنی کوردیان کردە کردار و ئاو و کارەبا و هەموو جۆرە خزمەتگوزارییەکیان لەسەر بڕین و دەیان منداڵ لە برسێتیدا شەوان نەدەخەوتن و هاواریان دەگەیشتە ئاسمانەکان، کەچی ویژدانی جیهانی لەسەر نەجوڵا و کاردانەوەکان تەنها لە چوارچێوەی سەرکۆنەکردن دا مانەوە و بەهۆیەوە چەندین کەس شەهید و بریندار بوون.
پەلاماردانی کورد لە حەلەب سەرەتای دەستکردنە بە پرۆژەی "کۆتایی رۆژئاوای کوردستان"، ئێستا هێزەکانی سوریای عەرەبی هەنگاوی دووەمیان ناوە و لە دەوری دێرحافرن، وردە وردە بەرەی شەڕ فراوانتر دەکەن و دەیانەوێت بە بیانووی ناڕەوا، مافە نەتەوەییەکانی کورد ژێرپێ بخەن.
لە سەروەختی وادا و بەرانبەر بەو پرۆژە هاوبەشەی سوریا- تورکیا، پێویستە کورد لەسەر ئاستی کوردستانی گەورە و لۆبییەکانیشی جووڵەی بەپەلە بکات و چاوەڕێی ئەوکاتە نەکات کەوا هێرش دەکەنە سەری و ئینجا هەوڵەکانی بخاتەگەڕ.
شەرع خاوەن باکگراوندێکی ئیسلامیی توندڕەو و ئێستایش هەر جلوبەرگی گۆڕاوە، هەروەک چەند رۆژی پێشوو باوکیشی رایگەیاندبوو بەوەی ئەوان خێزانێکی خاوەن فیکری نەتەوەیی- عەرەبی بوون و فرە نەتەوەیی رەتکردەوە لە سوریای نوێدا.
گەشەکردن و خۆ چەسپاندنی رژێمەکەی شەرع مەترسییەکەی گەورەیە بۆ سەر کورد وەکوو نەتەوە، رێگەی کورت بۆ کورد ئەوەیە پرۆژەی یەکخستنەوەی توانا و هێزەکان بخەنە بواری کردارییەوە و لینکی بەرژەوەندییەکی بەهێزی لەئێستا تۆکمەتر لەگەڵ ئەمەریکا و فەرەنسادا بدۆزنەوە، چونکە چرکە بە چرکە مەترسییەکان لەسەر رۆژئاوای کوردستان زیاتر دەبن و ناکرێت تەگبیری جدیی بۆ وەرنەگیرێت.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی