گرۆڵەکە دەکەوێتە لێژی

2 کاتژمێر پێش ئێستا

خالید قادر

ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبەردەم گۆڕانکارییەکی ریشەیی گەورەدایە. ئەوەی پێشتر لە سووریا روویدا و هەرەسی کتوپڕی رژێمەکەی ئەسەد، تەنها شکستی هەژموونی ئێران و رووسیا نەبوو لە ناوچەکەدا، بەڵکو لە دوای سەرهەڵدانی شەڕی غەززە، ئەو شەپۆلە لە غەززە، لوبنان، یەمەن و سووریاوە دەستی پێکرد و گەیشتە شەڕی دوازدە ڕۆژەی نێوان ئیسرائیل و ئێران؛ ئێستا بە شێوەیەکی تر رووی لە تاران کردووەتەوە و بێگومان دواتریش بە بەغدا و ئەنقەرەش تێدەپەڕێت.
وەک چۆن لە سووریا هەموو شتێک لە شەو و ڕۆژێکدا گۆڕدرا، بە هەمان شێوە گۆڕانکارییەکان بەرەو قووڵایی ناوچەکە دەچن. تاران کە ئێستا لە ناوەوە دەکوڵێت، لە نێوان دوو بژاردەی یەکلاکەرەوە و تاڵدایە: یان تەسلیمبوون بە مەرجە قورسەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و ئەورووپا، یان رووبەڕووبوونەوەی داڕووخانێکی ناوخۆیی. هەرچەندە واشنتۆن لەژێر پاساوی کەمبوونەوەی توندوتیژی دژی مەدەنییەکان و نەمانی کوشتن و لەسێدارەدانی خەڵک، هێرشی سەربازیی راستەوخۆی دواخست، بەڵام ئەمە تەنها دەرفەتێکی کاتییە، چونکە ناڕەزایەتییە ناوخۆییەکان گەیشتوونەتە ئاستێک کە کۆنترۆڵکردنیان مەحاڵە.
بۆ ئێستا و داهاتوو، چەند پرسیارێک هەن کە پێویستە کورد بە جددی هەڵوێستەیان لەسەر بکات: لە ئەگەری داڕووخانی دەسەڵاتی ئێراندا (ئەمڕۆ بێت یان سبەی)، نە کوڕی رەزا شا دەبێتە فریادرەسی ئێران، چونکە لای خەڵکی ستەملێکراوی ئەو وڵاتەوە بێزراوە و رەتدەکرێتەوە، نە وڵاتەکەش خاوەنی ئۆپۆزسیۆنێکی جددی و خاوەن روئیایەکی روونە کە پلانی بۆ دوای رژێم هەبێت. ئۆپۆزسیۆنی ئێران ئێستا تەواو پارچەپارچەیە؛ لە کاتی هەر گۆڕانکارییەکدا تەنها فتیلەیەک بەسە بۆ نانەوەی ئاشووب و تەقینەوەی کێشەیەکی ناوخۆیی گەورە لە نێوان مەزهەب، نەتەوە و پێکهاتە جیاوازەکانی ئێران، لە شیعە و سوننە و بەهایی و عەلەوی تا عەرەبی ئەهواز و بەلووچ، ئازەری، تورکمان و رۆژهەڵاتی کوردستان.
جگە لەوەش، چارەنووسی تەواوی ئەو هێزانەی لە عێراق و ناوچەکەدا پێگەی خۆیان بە تارانەوە بەستبووەوە، دەکەوێتە مەترسییەکی گەورەوە. ئەم داڕووخانە بۆشاییەکی گەورە لە دەسەڵاتدا دروست دەکات، چونکە ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی تا ئێستا هیچ روانگە و پلانێکی روونی نییە بۆ ماف و داخوازییەکانی نەتەوەکانی ئێران بە گشتی و پرسی کورد وەک گرنگترین کارەکتەر وڵاتەکە بە تایبەتی. کورد پێویستە پلانی جددی و خوێندنەوەی وردی بۆ گۆڕانکارییەکان هەبێت، چونکە لە مەنتیقی سیاسیدا، گۆڕانکارییەکان چەندە دەرفەتهێن بن و ببنە مایەی گۆڕانی نوێ، هێندەش مەترسی بەدوای خۆیاندا دەهێنن کە پێویستیان بە خوێندنەوەی پێشوەختە هەیە. بێگومان ئەمە بۆ کورد و پرسەکەی زۆر هەستیارترە؛ چونکە لە لایەک دەرفەتێکی مێژووییە بۆ تێپەڕاندنی سنوورە دەستکردەکان، لە لایەکی تریش دەستپێکی ئەم خوێندنەوەیە، پێویستی بە یەکگرتوویی و پلانێکی هاوبەشی نەتەوەیی هەیە.
 جگە لەمە پێویستە کوردی رۆژهەڵات بە گوتار و پلانێکی هاوبەش بچێتە مەیدانەکەوە و لەسەر بنەمای هێزی ناوچەیی، هاوپەیمانی لەگەڵ نەتەوەکانی وەک بەلووچ و ئازەری دروست بکات. هەمان میتۆدیش بە شیوەیەکی تر بۆ رۆژئاوا راستە کە نابێت بکەونە ناو ئەو هەڵانەی باشووری کوردستان لە دوای ٢٠٠٣ تێیکەوت؛ کاتێک باشوور بە گوتارێکی پچڕپچڕ زیاتر چاوی لە رازیکردنی ناوەند بوو، ئەوەش پێگەی نەتەوەیی لاواز کرد، تا گەیشتە کارەساتی ١٦ی ئۆکتۆبەر کە بەهۆی نەخوێندنەوەی هەلومەرجەکان و ریفراندۆم و پاشەکشە و تەسلیمبوون، کەرکووک و ناوچە دابڕێندراوەکانمان لە دەستدا. لە کاتێکدا ئەو ناوچانە کەوتبوونەوە ژێر دەسەڵاتی کوردی، ئەمە جگە لەوەی هەر لە ساڵی ٢٠٠٥ـەوە ماددەی ١٤٠ بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئەو ناوچانەی کە لە سەردەمی رژێمی پێشوو رووبەڕووی گۆڕینی دیمۆگرافی و راگواستن ببوونەوە، لە دەستووری عێراقدا جێگیرکرا، بەڵام بەهۆی لاستیکیی ماددەکە و نەبوونی گوتارێکی هاوبەشی کوردی، ماددەکە تەنها وەک مەرەکەبی سەر کاغەز مایەوە و تا ئێستاش بە جێبەجێ نەکراوی مایەوە.
لە هەمووی گرنگتر، پێویستە کورد لە هەر چوار پارچەکە تێگەیشتنی فراوانتری بۆ ئەوە هەبێت کە بۆچی ئێستا ئاراستەی دوژمنانی کورد رووی لە رۆژئاوەو ئیداری خۆسەریی دیموکراتی رۆژئاوای کوردستانە؟ بێگومان تورکیا وەک دوژمنی سەرەکی کوردان، دەزانێت لە ئەگەری رووخانی دەوڵەتی ئێراندا، دەرفەتێکی گرنگ بۆ کورد دێتە پێش تا رۆڵێکی گەورە لە نەخشەی نوێی ئێراندا ببینێت و لەدوای باشوور و رۆژئاوا، رۆژهەڵاتیش ببێتە خاوەنی قەوارەیەک، کە بەدوای ئەوەشدا باکووریش دەگرێتەوە؛ هەر بۆیە لە ئێستاوە ئاگری لێبەربووە، بۆیە لە لایەک پشتیوانی مانەوەی دەسەڵاتی ئێران دەکات، لە رێگای دۆستەکانی کەنداوییەوە هانی ئەمریکا دەدەن هێرشی سەربازی نەکاتە سەر ئێران، لە لایەکی تر لە رێگەی چەتە و بەکرێگیراوەکانی و هێزە چەکدارەکانی سووریا کە خڵتە پڵتەی داعش و چەتەی ناو خێڵەکانن، پیلانێکی گەورەی بەرامبەر رۆژئاوا دەستپێکردووە. لە دوای هێرش و داگیرکاریی سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە حەلەب، دەیەوێت هێرش بکاتە سەر دێرحافر و مەسکەنە تا هێزەکانی هەسەدە لە هێڵی رۆژئاوای فورات دەرپەڕێنن؛ نەک هەر ئەوە، بەڵکو دەیانەوێت ئیدارەی خۆسەری کوردی بە تەواوی تێکبشکێنن.
بەڵام ئەم خەونە ئاسان نییە؛ چونکە هەسەدە خاوەنی ئیدارەیەکی دیموکراتییە و کارەکتەری سەرەکیی هاوپەیمانیی شەڕی دژی داعشە. جگە لەمە نزیکەی ١٠ بۆ ١٢ هەزار چەکداری داعش لە بەندیخانەکانی هەسەدەدان (وەک بەندیخانەی غوێران لە حەسەکە و شەدادی)، کە نزیکەی ٢ هەزاریان بیانین و ئەوانی تر عێراقی و سوورین. جگە لەمانە، نزیکەی ٤٠ هەزار کەس لە خێزانەکانیان لە کامپەکانی هۆل و رۆژ لەژێر چاودێریی ئەواندان. هەسەدە هێزێکی بەدیسپلینە و توانای مانەوەی هەیە، هەروەها چەندین کارتی بەهێزی بەدەستەوەیە کە ئەگەر بەکاریان بهێنێت، دەتوانێت وەک فشار لەسەر مێزی ئەمریکا و هاوپەیمانان دایانبنێت. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، بێدەنگیی نێودەوڵەتی لە بەرامبەر گەڕەکەکانی حەلەب، هەمان ترسی عەفرین و گرێ سپی و سەرێ کانی بیردێنێتەوە، کاتێک سەرباری بەرگری و بەرخودانێکی مێژوویی، پێی گڵاویان گەیشتە ناو ناویانەوە.
لێرەدا کورد پێویستی بە پشتگیریی یەکتری و گوتارێکی هاوبەشی ئازایانە هەیە کە لەسەر مافە نیشتمانی و نەتەوەییەکانی خۆی رۆنرابێت. چونکە ئەگەر بە پلان و یەکێتییەکی نەتەوەییەوە رووبەڕووی گۆڕانکارییەکان بێتەوە، دەتوانێت وەک کارەکتەرێکی سەرەکی لە دیزاینکردنەوەی ناوچەکەدا دەربکەوێت، ئەگەر نا بەر لێژی گرۆڵەکە دەکەوێت و کاریگەریی تەواوی لەسەر هەموو بەشەکان دەبێت.
بە واتایەکی تر، لە ئێستادا چەند هەنگاوێکی ستراتیژی بۆ کورد پێویستن:
*دوژمنانی گەلەکەمان لە هەر کوێ بن (ئەنقەرە، دیمەشق، بەغدا یان تاران)، یەک هەڵوێست و توخمیان بەرامبەر پرسی کورد هەیە؛ لە ناویشیاندا تورکیا وەک دوژمنی سەرەکیی کوردان رابەرایەتی ئەم دوژمنکارییە دەکات.
*یەکڕیزیی سیاسی و یەکێتیی نەتەوەیی کە بەداخەوە نیمانە، لانی کەم بۆ ئەم قۆناغە پشتگیریکردنی شەرڤانان و بەرخودانی رۆژئاوای کوردستان و تێکۆشەرانی رۆژهەڵات، خاڵی یەکلاکەرەوەی پرسی کورد دەبێت.
*پەیڕەوکردنی دیپلۆماسییەکی بەهێز بۆ تێگەیاندنی جیهان کە بەبێ کورد ناوچەکە ئارام ناگرێت و دەبێتە شەڕی بەردەوام و مۆڵگەی تیرۆر و ئەقڵیەتی داعش.
*بەکارهێنانی سەرچاوە دەوڵەمەندەکانی نەوت، گاز و سەرچاوە ئاوییەکان وەک بەرژەوەندیی هاوبەشی ئابووری لەگەڵ وڵاتە زلهێزەکان.
*لە سەرووی هەموویانەوە، دوای دەستپێکردنی پڕۆسەی ئاشتی و پێشنیارە مێژووییەکەی ئیمراڵی، پێویستە هەڵوێستە لەسەر دواخستن و دەستاودەستکردنی پڕۆسەی ئاشتی لە لایەن تورکیاوە بکرێت. پێویستە قەندیل دوا خاڵ بۆ ئەو پڕۆسەیە دابنێت؛ چونکە دوای هێرش و پەلاماردانی رۆژئاوای کوردستان و بەردەوامیی پیلانگێڕییەکانیان، مانایەک بۆ پڕۆسەی ئاشتی نامێنێتەوە.
مێژوو خەریکە خۆی دووبارە دەکاتەوە، بەڵام ئەمجارە کورد دەتوانێت بە ئەزموون و هێزێکی زیاترەوە لە گۆڕەپانەکەدا بێت. ئەوەی دەیپارێزین تەنها خاک نییە، بەڵکو شکۆ و داهاتووی نەتەوەیەکە کە چیتر نایەوێت ببێتە قوربانیی مامەڵە نێودەوڵەتییەکان.


ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی