شێری بریندار کە چواردەوری بە گەلە گورکی جۆراوجۆر گیرا، گەر بە زیندوویەتی دەربازی بێ هەر شێرە و گەر زامدار بێ یان گیان بسپێرێ ئەوە بە شێری گیان ئەسپێرێ نەک وەکو کەمتیار و گورگی برسی.
جەنەڕاڵ بوون بە ئەستێرە و داڵی سەرشان و بە کورسی دەسک زێڕین و بە نووسینگەی گەورە ودیوەخان نیە. بگرە بەخۆ نواندن و ڕاست وچەپ فیشەک لە خۆدان و بە دووربین تەماشاکردنی سەنگەرەکان و خۆدەرخستنیش نیە.
جەنەڕاڵی بە خەبات و تێکۆشان و نەبردییەکان دەپێورێ و بە خەمخۆری و قوربانی دان بۆ گەلەکەی دەسەلمێنرێ. جەنەڕاڵی ڕاستەقینە لە پێناوی پاراستنی گیانی خۆی میللەتی خۆی زەلیل ناکات، بەڵکو ئەمرێ و نایەڵێت سەری ڕۆڵەکانی نشتیمان شۆڕ بێ.
ئەو جەنەڕاڵانەی هەمیشە لە گێرمە و کێشەدان لە گەڵ دوژمنان و هەمیشە لە ململانێ و زۆرانبازیدان لە مەیدانی جەنگ و سیاسەدا، ئەوانە جەنەڕاڵی ڕاستەقینەن، نەک ئەوانەی لە پەنای دوژمندا بە قات و بۆینباخەوە ئەنوون. بگرە ئەوانەش کە لە زینداندا یان لە سەر تەختەی پەتی سێدارەدا دەمڕن دیسان هەر جەنەڕاڵی ڕاستەقینەن. نەوەکو ئەو جەنەڕاڵانەی کە لە پایتەختەکانی داگیرکەردا پلەی جەنەڕاڵی وەردەگرن، یان هەر بە جەنەڕاڵی لە دایک ئەبن یاخود خۆیان بە خۆیان دەڵێن جەنەڕاڵ و لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا سەردەنێنەوە. ئەوانە جەنەڕاڵی پەرۆینەن و تەنها بە سەر خەڵکی ساویلکە و ڕەشوڕووتی خۆیانەوە جەنەڕاڵن.
جەنەڕاڵە مەزڵوومەکەی خۆمان، تۆ سەلماندت کە جەنەڕاڵی ڕاستەقینەی چونکە لە کاتی هەرە شکست و نسووشتیشدا هەر لە ناو خەڵکی خۆتی و بەجێیان ناهێڵیت. چونکە بەدەیان جۆری گورگ دەورە دراوی و هەر نەعرەتە دەدەیت و ناکەوی. تۆ گورگی قاعیدە و گورگی داعش و گورگی خەلیجی و گورگە مەلای ئیخوانی و جاش تۆڕانی کورد و گورگە بە ناو سەرکردەی کورد و چەندین جۆر و نەسڵی گورگە بۆریش دەوریان داوی هێشتا هەر هەیت و ناکەوی.
جەنەڕاڵەکەم گەر تۆ سەرۆکی وڵات و سەرۆکی هێزێک و پارێزگاری شارێک و بگرە بەرێوەبەری دەزگایەکیش بی هەر جەنەڕاڵی و کەس ناتوانێ ئەو پلەیەت لێ وەربگرێتەوە. چونکە تۆ ئەو پلەیەت لە هیچ دەزگایەکی سەربازی و کۆلێجێکەوە پێ نەدراوە، بەڵکو ئەو پلە سەربازییە، پلەی گەلێکە بە گەورە و بچووک و ژن و پیاو و مناڵ و پیرەوە کە هەر هەموویان ئەستێرەی پرشنگدارن و بە بەرۆک و سنگ و شانتەوە هەڵواسراون.
من هەرگیز سەرکردە پەرستی ناکەم بەڵام ئەوەی تا ئێستا لە تۆڕا دەیبینم، تۆ لە گەلی خۆتی و گەلیش لە تۆ و هەردوو هەڵقووڵاوی یەکن.
مەزڵوومترین جەنەڕاڵی مەزڵوومترین پارچەی گەلەکەم، باوەڕ ئەکەم لە من باشتر شارەزای مێژووی گەلەکەت بی. ئەگەر ئەمجارەش بە سەرکەوتوویی لە کەڵبەی ئەم هەموو گەلە گورگە دڕەندەیە خۆت و گەلەکەت ڕزگارتان بوو، ئەوە بۆ هەتایە ئەبن بە وێردی سەر زمانی کورد و مرۆڤایەتی و ئەبن بە ڕمزی نەبەردی و خۆبەدەستەوە نەدان. خۆ ئەگەر خوانەکردە شکستتان خوارد بزانە کە مێژووی کورد هەزار و چواردسەدد ساڵە شکست ئەخوا و ئەژێتەوە، ڕۆژئاواش هێندە نابات لە جاران بەهێزتر ئەژێتەوە.
جەنەڕاڵە مەزڵوومەکەم خۆزگەم بە خۆت کە سەربەرزیت، نەفرەت لەو کوردەش کە لەم بوارە پاشەڵی پیسی بۆ هەتایە بۆ ئێمە دەرکەوت. بە هیوام ڕۆژئاڤام شەوانی دادێت بە ئارامی تێپەڕێنێت و هەر وەک چاوەڕوان بووین ڕۆژ لە لای ئێوەوە هەڵبێت.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی