بۆ تێگەیشتن لەو دۆخەی ئێستا لە ڕۆژئاوای کوردستان دروستبووە، ڕەنگە چۆمسکی گەورەترین کۆمەکمان بکات. لەگەڵ چۆمسکی ئیتر ئەم پرسیارە ناکەین؛ ئەمریکا بۆ خیانەتی لە کورد کرد؟ چونکە ئارگۆمێنتەکەی چۆمسکی زۆر بەهێزە و بەڕوونی دەڵێت: خیانەتی ئەمریکا لە هاوپەیمانەکانی ڕێکەوت نییە، شتێکی سیستماتیکە.
لە ئەمریکا ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو دوو تێزی بەهێز بەریەک دەکەوتن، هێنری کیسنجەر کە ئەوکاتە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بوو، دەکرێت وەك باوکی "پاساوهێنانەوە بۆ خیانەتی ئەمریکا" یان تێزی "جێهێشتی هاوپەیمان" ناوی ببەین. لە دیدی هێنری کیسنجەرەوە شتێک نییە بە ناوی خیانەتی ئەمریکا لە هاوپەیمانەکانی، چونکە بێشەرمانە پێیوایە: هاوپەیمانە شاراوەکان، هەرگیز نابێت چاوەڕوانی پاراستن بن.
لەهەمان ئەو کاتەی کیسنجەر مەبەستی بوو ڕەوایەتی بداتە خیانەتی ئەمریکا لە هاوپەیمانەکانی، نوام چۆمسکی، بیرمەندی ئەمریکی قوڵ بەنێو تێزی "خیانەتی ئەمریکا" ڕۆچوو. ئەو لە کتێبی "تێگەیشتن لە دەسەڵات" کە ساڵی 2002 چاپکراوەو کۆمەڵێک وتاری چۆمسکیە، بە دەربڕینێکی زۆر ڕوون دەڵێت: "هەڵەیەکی گەورەیە کە باوەڕت بەوە هەبێت هێزێکی گەورە دەتپارێزێت، چونکە لە ڕابردوودا بەسوود بوویت".
ئەوەی خەڵک پێی دەڵێن "خیانەت" بەزۆری تەنها تێنەگەیشتنێکە لە چۆنیەتی کارکردنی دەسەڵات. خیانەت لای ئەمریکا لەدایکبووی ساتێک نییە، ئەمڕۆ نایکات و سبەینێ هەست بە پەشیمانیی بکات، خیانەت بەشێکە لە سیستمە گەورەکە، بەشێکە لەمانەوە و بەردەوامیی سیستمەکە، تەنانەت ئەو کاتانەی دوای هەڵبژاردن ئیدارەکانی ئەمریکا دەگۆڕدرێن، ئەوەی لەگەڵیدا دەگۆڕێت شێوازی قسەکردنەکەیە، نەك سیاسەتەکە.
لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکادا دوو شت بوونی نییە؛ یادەوەری و سوپاسگوزاریی. ئەوەی دۆناڵد ترەمپ بە ئاشکرا دەڵێت؛ نەوت و پارەمان بە کوردەکان دا، هیچ نییە جگە لە بەرجەستەکردنێکی بەهێزی سیاسەتەکەی کیسنجەر لە سەردەمی ئەمڕۆدا، بەڵام بەناونیشانێکی نوێوە؛ تیرمپیزم.
تێگەیشتنێکی کورتبینانەیە پێمان وابێت ئەوەی ڕوودەدات باجی بێ ئاگایی کوردە لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا، چونکە بۆ تێگەیشتن لەو سیاسەتە پێویستت بە ڕۆژ و مانگی زۆر نیە، گەڕانەوە بۆ ئەزموونی ساڵی 1975ی باشووری کوردستان و جێهێشتنی ئەفغانستان بۆ تاڵیبان، گەورەترین تێگەیشتنە لە سیاسەتی خیانەت یان جێهێشتنی هاوپەیمان، لەلایەن ئەمریکاوە.
ئەزموونی ڕۆژئاوای کوردستان لەماوەی 10 ساڵی ڕابردوودا، ئەزمونێکی دەوڵەمەندی خۆبەڕێوەبەری بوو، ئەزموونێک بوو هەموان بە کورد، عەرەب، کریستیانەکانەوە تیایدا بەشداربوون. ئەو ئەزموونە لەنێوخۆی خۆیدا بەهێز بوو، پێچەوانەی ئەو تێزەیە کە پێیوایە "ئەمریکا پشت لە لاوازەکان دەکات". ئەوەی لە ڕۆژئاوا ڕوودەدات لە یەک کاتدا "پشتکردن" و "ڕووبەڕوبونەوە"یە، ئەمریکا پشت لە هاوپەیمانەکەی دەکات، وڵاتانی کەنداو و تورکیاش ڕوبەڕوی ڕۆژئاوا دەبنەوە،
ئەزموونی ڕۆژئاوای کوردستان یەکەم ئەزموونە لەمێژووی ناوچەکەدا دوور لە خواستی ئەمریکا دروستبوو، ئەزموونێک بوو تەنیا سەرنجی لەسەر خۆبەڕێوەبەری کوردان بوو، نەك شەڕی بەوەکالەتی هێڵە ئێرانیی-شیعییەکەی ناوچەکە، وەکچۆن ئەزموونێکیش بوو لە دەرەوەی بازنەی ململانێی ئیسرائیل-ئێران. ئەمڕۆ ڕۆژئاوای کوردستان بەتەنیا لەبەردەم هەڕەشەی سڕینەوەی کیانێکی تۆکمەی کوردیدا نیە، بەڵکو ڕەنگە باجی دانەبەزین بۆ ئاستی ئەو فاشیزمە بدات، کە ئەمریکا لەبەرەبەیانی دروستبوونیەوە تا ئەمڕۆ ڕەوایەتی پێدەدات، باجێکە لە یەکەم بینیندا هەموان خەمبار، تووڕە و بێهیوا دەکات، بەڵام گەر قوڵتر تەماشای بکەین، هیوا و هێزی لێ وەردەگرین، ئەزموونی ڕۆژئاوای کوردستان، ئەزموونێک نیە لەمێژوودا بێت و بڕوات، ئەزموونێکە ئەگەر بڕیاربێت بڕوات، بەوشێوەیە ناڕوات کە سیاسەتی فاشیزمی خۆرئاوا دەیەوێت.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی