بەدرێژایی مێژووی سەد ساڵی ڕابردوو، شەڕی کورد نە شەڕی نەتەوەیی بووە بە عەقڵیەتێکی فاشیستی، نە شەڕی مەزهەبی و ئایینی بووە، زۆرینەی شۆڕشەکانی کورد لە دوای جەنگی جیهانی یەکەمەوە سەریان هەڵداوە، ئەویش لە کاردانەوەی دابەشکردنی خاکەکەیدا بووە بە سەر چوار دەوڵەتی تورکیا و عێراق و وئێران و سووریادا. هەر یەک لەو چوار دەوڵەتەش سیستمی سیاسیان لەسەر بنەمایەکی شۆڤێنی نەتەوەیی ڕەگەز پەرستی بوون و هیچ لەو وڵاتانە بڕوایان بە دیمو کراسی و ئازادی ڕادەربڕین و چەسپاندنی مافە کانی هاوڵاتی نەبووە، بەڵکو تەنها بڕوایان بە یەک ئاڵا و یەک نەتەوە و یەک زمان هەبووە. سەڕای ئەوەش کە کورد نەتەوەی دووەمی ئەم وڵاتانە بووە و خاکەکەیان بە بەڵگەی مێژویی بە کوردستان ناسراوە، بەڵام لە لای هەریەک لەو وڵاتانە ناوەکانیان گۆڕیوە و وەک نیشتمانیش نکۆڵی لە ناوی کوردستان کراوە،بە باکور یان ڕۆژهەڵات یان هەر ناوێکی تر کە ویستویانە ناویان لێ ناوە.
لەبەر ئەوە لەو ئەو کاتەوە کە کورد دەستی داوەتە شۆڕش و دەنگی بەرز کردووەتەوە، داوای کردووە کە وەک گەلە سەردەستەکان دان بنرێت بە مافەکانیدا، بە یاخیبوو ،هەڵ گەڕاوە، جیاوازی خواز، یان زۆر جاریش بە ئیسرائیلی دووەم تاوانبار کراوە .
هەتا پێش ڕووخانی ڕژێمی بەعسی عێراقی وسووری هەردووکیان دوو ڕۆژێمی عەلمانی بوون، تورکیاش هەتا هاتنی پارتی داد و گەشەپێدان دەوڵەت لەژێر دەسەڵات و دەستوری عەلمانیدا بوە، لە سەردەمی شای ئێرانیشدا کە دەوڵەتێکی عەلمانی بوو ئامادە نەبوون دان بە مافەکانی گەلی کورددا بنێن . لە دەستووری هەر چوار وڵاتەکەدا کورد و زمانی کوردی و نیشتمانی کوردستان دان پێدانراو نەبوون ،بەڵکو لە دەوڵەتێکی وەک سووریادا ،تەنانەت کوردەکان ڕەگەزنامەشیان پێ نەدەدراو ئەگەر ڕەگەزنامەشیان هەبووایە ،دەبووایە بە عەرەب خۆیان لە قەڵەم بدایە.لە دەستوری تورکیاشدا کورد و تورکی کێوییە ووەک ڕەگەز دان بە کورددا نەنراوە، لە سەردەمی شای ئێرانیشدا لە دەستووردا کورد هیچ مافێکی نەبووە. لە عێراقیشدا هەرچەند بۆیان هەبووە ڕەگەزنامەی کوردی لەسەر شوناسەکەیان هەبێت بەڵام لەگەڵ ئەوەدا جینۆساید و کیمیاباران و تەعریب کراون.
ڵام ئەوەی جێگای سەرنجە لە پاش ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە عێراق و سووریا و ئەتاتورکیەت لەتورکیا وڕژێمی پاشایەتی لە ئێران ،ئەو دیدو تێڕوانینەی کە هەر چوار ڕژێمی عەلمانی بەرامبەر بە کورد هەیان بوو، پاش گۆڕانی دەسەڵاتەکان بە دەسەڵات ئیسلامی هیچ گۆڕانکارییەک بەرامبەر بە کورد و مافەکانی ڕووی نەدا ،ئەگەر سەیری دەسەڵاتی سیاسی بکەین لە عێراقدا ئیسلامیە شیعەکان کان لە ڕابەرایەتی دەکەن.لە سووریاشدا ئەحمەد شەرع و گرووپەکەی لە هەناوی توندڕەوی داعش و قاعیدەوە هاتوون.
پارتی دادو گەشە پێدانیش لە پارتی ڕەفای ئیسلامی ئەربەکانەوە هاتوون ،کۆماری ئیسلامی ئێرانیش ،دەوڵەتێکی ئیسلامی شیعی دوازدز ئیمامیە.
سەرەڕای ئەوەی کە گەلی کوردیش گەلێکی موسڵمانە و بەشدارییەکی دیاری هەی لە مێژوو شارستانییەتی ئیسلامیدا. بەڵام ئەمە نەبووە هۆی ئەوەی کە وەک برایەکی موسڵمان مامەڵەی لەگەڵدا بکەن و ئەوەی بۆ خۆیان پێیان خۆشە بۆ براکەشیان پێیان خۆش بێت.
کەواتە لێرەوە دەتوانین بڵێین ئەم چوار دەسەڵاتەی کە ئێستا حکومڕانن لەو چوار دەوڵەتەدا ،هەر درێژە پێدەری هەمان ڕەوتی سیستمە عەلمانیەکەن و ئیسلامی بوونی ئەو حوکمڕانانە نە بۆتە مایەی ئەوەی کە سوود لە بەها مرۆییەکانی ئیسلام وەربگرن و مل کەچی بەها و دیدی قورئانی بن بۆ برایەتی ئیسلامی و مرۆڤ لەسەر ئاستی هەرێمایەتی و جیهانیدا ،نەیانتوانی وەک ئەزموونێکی سیاسی نوێ خۆیان نمایش بکەن ،بەڵکو ئەوەی ئەوان کاریان پێکردووە هەمان عاقڵیەتی تاکڕەی و شۆڤێنی بوو لە لایەکی ترەوە دەبینین کە هاوشێوەی ڕژێمە عەلمانییەکان دەیانەوێت کورد و داواکاریەکانی بۆ چەسپاندنی مافەکانی هاووڵاتی و بەدەستهێنانی مافە مەدەنی و سیاسییەکانی بەیاخی بوون و هەڵگەڕانەوە لە ئاین و بێ باوەڕی و تێکدانی یەکڕیزی ئوممەتی ئیسلامی لە قەڵەم بدەن لێرەوە تێدەگەین کە هەموو حوکمرانەکانی ئەو چوار وڵاتە لەسەر یەک تێزی بیرکردنەوەی سیاسی کار دەکەن ،ئەویش نکۆڵی کردنە لە کورد و مافە دەستووریەکانی و مامەڵە کردنە لەگەڵ هاوڵاتیانی کورددا وەک هاوڵاتی پلە دوو .
کەواتە لێرەوە تێدەگەین کە ئەو دەوڵەتانە بە مامەڵەیان لەگەڵ کورد و مافە دەستووریەکانی کە ناتوانن هاوشێوەی گەلە باڵا دەستەکان مامەڵەیان لەگەڵدا بکەن، نا ئیسلامیانە مامەڵە دەکەن و ئیسلام بۆ خزمەتی دەوڵەتە شۆڤێنیەکانیان و نەتەوە باڵادەست کان بەکار دەهێنن کە ئەمەش دیدێکی ڕەگەزپەرستانەیە، تەواو نائیسلامیە،بەمەش گومانەکان لەسەر کورد پێچەوانە دەبێتەوە،چونکە کورد داوای مافێک دەکات کە تەواو شەرعی و خواکردە ،بەڵام هەڵوێستی ئەوان بەرامبەر بەکورد، ناشەرعی و نائیسلامیە.
من لێرەوە نوخبەی سیا سی و دەستەبژێری کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان و هەندەرانیش دەبێت لەسەر بنەمای ئەو ڕاستیانە مامەڵە بکەن و بە عەقڵیەتێکی نوێوە خەباتی سیاسی بکەن و ڕووبەڕووی ئەو ستەمکاری و ناعەدالەتیە ببنەوە کە دژ بە گەلی کورد دەکرێت. دەبێت ئێمە سەرەتا یەکتر قبوڵ بکەین و بە هەموو بیروڕا جیاوازەکان ڕێز لە دید و بۆ چوونی یەکتر بگرین، هەر بیروڕایەکمان هەبێت بە عەلمانی و ئیسلامی و لیبراڵی و چەپ و دیندار و بێ دین، واتە ئێمە توانا و وزەی خۆمان لە دژایەتی یەکتردا بەفیڕۆ نەدەین، چونکە بەم کارە تەنها دڵی دوژمنان خۆش دەکەین و بەرامبەر دوژمنەکانیشمان لاواز دەبین، لەبەر ئەوە لەم قۆناغە هەستیارەدا پێویستە دیدە نیشتیمانی و نەتەوەییەکە بکەینە خاڵی هاوبەشی یەکبوون و وەک گوتارێکی یەکگرتوو بۆ خەباتی مەدەنی بەکاری بهێنین،بەمەش وێنەیەکی جوان بۆ ناوخۆ دروست دەکەین، کە هیوای هەمو کوردێکی نیشتمان پەروەرو دڵسۆزە،بۆ دەرەوەی خۆشمان دەتوانین سۆزی گەلانی تر بەلای خۆماندا ڕابکێشێت و پشتیوانی مافە مەدەنی و دەستووریەکانمان بن.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی