دەستكەوتەكانی توركیا!!

2 کاتژمێر پێش ئێستا

هەندرێن شێخ ڕاغب

كاتێك بەشار ئەسەد روخاو ئەحمد شەرع بووە دەسەڵاتدار، وتارێكم نوسی بەناونیشانی :(بەخێربێن بۆ سەردەمی توركیا). چونكە تەواوی فیلمەكەو سیناریۆكە لە دەرهێنانی توركیابوو. ئەوكات رابەری كۆماری ئیسلامی ئێران هێرشێكی زۆر توندی كردە سەر توركیاو بە خائین و ناپاك بەرامبەر ئێران و رێككەوتنەكان وەسفی كرد. زۆری نەبرد دۆناڵد تڕەمپ سەرۆكی ئەمریكا چاوی كەوت بە ئەردۆغانی سەرۆكی توركیاو راستەوخۆ سوپاسی كرد كە گوتی توركیا سەرئێشەكەی سوریای لەكۆڵ كردینەوە. تا ئێرە روداوەكان ئاسایی هاتن. بەڵام ئەوەی بۆ كورد لەپشتی پەردەوە هەبوو پیلانێكی هێجگار مەترسیداربوو. توركیا رێكوراست دەستی داوەتە لەناوبردنی كوردو شەڕی راستەوخۆی لەگەڵ كورد هەڵگیرساندوە. تاوەكو ئێستاش براوەی یەكەمە، هەرچەندە من لەگەڵ بۆچونەكانی پێشووی خۆمم كاتێك وتارێكم نوسی بەناوی(توركیای نەزان). بەڵام توركیا مەستی دەستكەوتەكانی بووە بەرامبەر كوردو چاوی كوێرە. هەرچەندە بۆچونم وایە دەستكەوتەكانی كاتین. بەڵام تاوەكو ئێستا ئەم دەستكەوتانەی هەیە:
-بەناوی پرۆسەی ئاشتی خەباتی چەكداری باكوری لە قاڵبدا. فشاری كوردی لەناو توركیا خاو كردەوە، كوردی باكوری مەشغول كرد.
-هەرێمی رۆژئاوای كوردستانی لەباربرد, سوریاو جڕوجانەوەری ئەم وڵاتەی هەمووی بەرداوەتە گیانی كورد. 
-لەیەك كردن و درز تێخستنی نێوان ئەمریكاو كورد، نوێنەرەكەی ئەمریكای كردە نۆكەری خۆی. درزی خستە پەیوەندی پتەوی كوردو ئەمریكا. 
-دروستكردنی دوژمنایەتی عەرەب و كورد لە سوریا. هەڵگەڕانەوەی عەشیرەتەكان و هاندانیان بۆ تاوان دژی كورد تاوەكو هەرگیز كورد نەبێتە هێزێكی كاریگەرو رووی لەتوركیا بێت، ئەوەتا عەشایەری عەرەبی لە هاوپەیمانی هەسەدەوە كردە دوژمنی هەسەدەو كورد. راستە ئەم عەرەبانە هەرگیز جێگای متمانە نین، بەڵام راستیەكەی توركیا زۆر زیرەكانە خوێنی خستە نێوان عەرەب و كورد.
-رازیكردنی سعودیەو قەتەر كە پارەی زەبەلاح و چەكی پێشكەوتوو بدەنە سوریاو دژایەتی كوردیان پێ بكات. 
-فەشەلی بەتیۆرەكانی ئۆجەلان هێنا سەبارەت بە برایەتی گەلان و پێكەوەژیان، رێك هەڵیگێرایەوە كردیە خوێن رشتنی گەلان. 
-بردن وتاڵانكردنی نەوت و غازی سوریا. ئێستا توركیا لە وزەی سوریا خەریكی دزی كردنە.
-تێكدانی پەیوەندی نێوان دەسەڵاتدارانی دیمەشق و كورد، چونكە باس لەوە دەكرا ئەوەندە بەرامبەر كورد توند نەبوون، بەڵام توركیا راستەوخۆ هەڕەشەی لێدەكردن كە نابێت هیچ بدەنە كورد.
-داگیركردنی خاكێكی زۆری رۆژئاوای كوردستان و بچوك كردنەوەی نیشتمان و قەوارەی كوردی كە وەك ئەوە وایە لەناو بیر بژیت. 
بەمجۆرە توركیا پیلانە مەترسیدارەكەی بەرامبەر لەناوبردنی كورد خستۆتە گەڕ، كە ئامانجی داهاتووی :شەنگال، مەخمور، كفری، دوزخورماتوو، مەحمودیە، سنونێ و شێخان و ئەم خەتەیە كە بەردەوام دەڵێ لە شەنگالەوە هەتاوەكو خانەقین موڵك و ماڵی توركمانەكانە. بەكورتی وێرانكردنی هەرێمی كوردستان پیلانی دووەمیەتی. ئەحمد شەرعیش داردەستی راستەوخۆی توركیایە. 
-لەهەمووشی مەترسیدارتر توركیا سەركەوتوو بووە لە دروستكردنی پەیوەندی نێوان ئیسرائیل و سوریاو سێ پارێزگای داوەتە ئیسرائیل، ئەمەش وا دەكات كورد بكەوێتە ژێرەوەی فایلەكانی ئیسرائیل، كە هەموان دەزانین ئێستا حاكمی گۆڕانكاریەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەوڵەتی ئیسرائیلە. 
كاتی ئەوەیە كورد بەوردی و جددی و یەكلاكەرەوە خۆی بۆ تێكشكاندنی ئەم پڕۆژەیەی توركیا ئامادە بكات و بە كورتی شەڕەكە هێشتا بۆ كورد لە سەرەتایە. ئەو رۆژانەی ماون زیاترن لەوەی لە كیس چوون. هەرچەندە بۆچونم وایە توركیا لە دوورمەودوا زیان دەكات و دەستكەوتی نیە، بەڵام ناكرێت بەرامبەر لەناوبردنی كورد دانیشین. دەبێت بەهەموو توانامان رووبەڕوی پڕۆژەكەی توركیا ببینەوە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە