ئاڵوگۆڕی کولتووری لە چ پنتێکدا بەئەنجام دەگەیەنرێ

2 کاتژمێر پێش ئێستا

مەحمود چاوەش

کولتوور بەو ئاڵوگۆڕە کۆمەڵایەتیانە دەناسرێتەوە، کە ئەندامانی گروپێك (یان هۆز و عەشیرەتێك)، نەتەوەیەك لەنێو خۆیاندا پێکیانەوە دەبەستێتەوە. داب و نەریتیش بەشێکی دانەبڕاوی خەسڵەتەکانی کولتوورن. ئەمە ڕەنگە پێناسەیەکی کۆنی کولتوور بێت، لێ جیهانگیری ئەمڕۆ تێکەڵەیەکی کولتووری ئەوتۆی پێکهێناوە، کە گروپ و ئێتنی و تەنانەت گەلەکانیشی پێکەوە گرێداوە. دیارە مەبەست و داخوازییە سیاسی و ئابورییەکان سنوری گەلەك کولتووریان بەزاندووە و جیهانیان بچوکتر (گلۆبال) کردۆتەوە. ئەمەش بە بەشێکی دانەبڕاوی ئەو ئاڵوگۆڕە کولتووریانە دەنرخێندرێت و هەمیشە بەشێکی دانەبڕاویش بووە لە مێژوودا. هێرش و جەنگەکان و داگیرکردنی خاك و گەلانی تر مەودای زیاتری بۆ ئەم ئاڵوگۆڕە کولتووریانە ڕەخساندووە، کە هەمیشە کولتوورێك (کولتووری داگیرکەر و هێرشبەر) بەسەر ئەوی تردا (کولتووری داگیرکراو و هێرشبراوەسە زاڵبووە و کولتووری خۆی بەسەردا سەپاندووە. هێرشەکانی مەغۆل، ڕۆمانەکان، عوسمانیەکان، بە فتوحاتی ئیسلامیشەوە نمونەی زیندوی ئەم ڕاستییە مێژووییەن. لە هەندێك نووسینی پێشومدا باسی ئەم ئاڵوگۆڕە کولتووریانەم کردووە و بە "سەپاندنی کولتووری" پێناسەکراون. ئەگەر مێژووی تازەی دەڤەری ئێمە، بەتایبەتی کوردستان لە ڕوانگەی ئەم ئاڵوگۆڕە کولتوریانەوە بسەنگێنین، لەوە حاڵی دەبین، کە هەمیشە ساویلکانە ڕوانیومانەتە کولتوورەکانی دەوروبەرمان. ڕەنگە زیادەڕۆیی نەبێت، ئەگەر بڵێین، کولتوورەکانی دەوروبەرمان هەمیشە توانیویانە داب و نەریتی خۆیان بەسەرماندا بسەپێنن و لە بەرژەوەندیەکانی خۆیاندا سودی لێوەربگرن. هەمیشە کولتووری ئێمەیان مانیپولە (بەشێوەیەکی نێگەتیڤ دەستکاری) کردووە، نەك لەب واری سیاسی و ئابوریەوە، بەڵکو لە بوارەکانی کۆمەڵایەتی و دیانەتەکانیشەوە. دەتوانین بڵێین ئاڵوگۆڕەکە تاکو ئەم ڕۆژگارەش یەکلایەنە و ناتەریبی ناهاوسەنگ بووە. ئەگەر لە ڕابردوودا بە زەبری شمشێر و سوپاکانیان کولتوورەکانیان بەسەرماندا سەپاندبێت، هەمێستا لەتەك زمانی شیرین و بە زەبری سەرمایە و پلەوپایەدا، بە توندوتیژی و پالاماردانیشەوە کولتوورەکانی خۆیان بەسەر کولتووری کوردا سەپاندووە. نمونەی هێرشەکانی بەناو سوپای سوری، کە بە پاڵپشتی ئیسلامی عەرەبی و هاوپەیمانەکانیانەوە بەئەنجام دەگەیەنرێن، شایەدحاڵی ئەم ڕاستیەن. ئەو پرسیارەی لێرەدا بەرەو ڕومان دەبێتەوە ئەوەیە، کە ئێمە لە مێژووی خۆمانەوە چی فێربووین، چ ئەزمونێکمان لەم مێژووە وەرگرتووە؟
ئایا ئێمە کۆیلەی مۆدێرمان لە تاکی کورد دروستکردۆتەوە، یان هەر بەکۆیلەیی لەدایكبووین؟ لێ ئێمە لێرەدا باس لە مێژووی کۆیلایەتی ڕەشپێستەکانی ئەمریکا ناکەین، کە لە هاوردنیانەوە بۆ ئەمریکا تاکو ئێستاش بەکۆیلە دەکرێن، بەڵکو لە کۆیلەیەك، کە زۆرجار بەدەستی خۆی لەنێو بازنەی کۆیلایەتییەوە دەخولێتەوە. تاکی کورد هێندە خۆشباوەڕ و ساویلکە پەروەردە کراوە، کە پێی وایە خۆی لە ڕابردوو ڕزگار کردووە، بەڵام کاتێك بەئاگا دێتەوە، خۆی لەنێو هەمان مێژووی باوانیدا دەبینێتەوە. ئەم ڕاستییە ئەوەمان بۆ ڕووندەکاتەوە، کە ئێمەی کورد لە مانای ئەم ئاڵوگۆڕە کولتووریانە تێنەگەیشتووین و هەمیشە کولتوورەکانی ترمان لەبەرکردووە. نمونەیەکی زیندو، کە نووسەران و دڵسۆزان زۆرجار باسیان لێوە کردووە بوونی کەسانی عەرەبە لە باشوری کوردستان. گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە بەڕاستی شۆککەرە، دیمانەی ژنێکی ڕۆژنامەوانی کوردە لەتەک گەنجێکی عەرەبی باشوردا کە بەڕێکەوت لە بازاڕدا پرسیاری لێدەکات. لەپاش ئەوەی گەنجە عەرەبەکە نازانێت بە کوردی وەڵامی ئەم ڕۆژنامەوانە بداتەوە، پێی دەڵێت پرسیارەکە با بە زمانی عەرەبی لێبکات، لێ ئەو فێری زمانی کوردی نەبووە. کاتێك ڕۆژنامەوانە ژنەکە پرسیاری ئەوەی لێدەکات، چەند ساڵە ئەو لە کوردستان دەژی، دەڵێت ١٠ ساڵە. پاشان لەبریی ئەوەی گەنجە عەرەبەکە داوای لێبوردن بکات، ڕۆژنامەوانە ژنەکە داوای لێبوردن لەو دەکات! ئەگەر شیکارێکی زۆر ساکارانە بۆ ئەم گرتەیە بکەین، مێژوویەکی زۆر درێژخایەن شایەتحاڵێتی ئەم (باگراوند)ەیە. کورد هەمیشە خۆی بە نزمتر و بێنرختر لە گەلانی ئەو دەڤەرە دەبینێتەوە و ئەوانیش برا گەورە و خاوەنی بڕیاردانن. دیارە ئێمەی کورد لەژێر کۆمپلێکسی "خۆبەکامزانی"دا دەناڵێنین، ئاخر لە چ کولتوور و ساتەوەختێکی مێژوودا بێگانەیەك زمانی خۆی بەسەر خانەخوێدا سەپاندووە، ئەگەر ئەمە بە سەپاندنی کولتووری پێناسە نەکرێت؟ ئایا لێرەدا دەتوانین لە ئاڵوگۆڕی کولتووری بدوێین؟ ئەگەر عەرەبێك لە کوردستان بژی و زمانی کوردی نەزانێت، دیارە کێشە و هەڵەیەکی مێژوویی لە ئێمەی کوردا هەیە، عەرەبەکەش کەسێکی نەفام و جاهیلە، خۆبەزلزانە و بۆی لواوە بە زمانی خانەخوێی ناوچەکە نەدوێت. ئەگەر وردتر بڕوانینە ئەم دیاردەیە ئەوە دەتوانین باسی کۆمپلێکسی (گرێی) مێژوویی لەنێو کورداندا بکەین، کە لە هەموو کولتوورەکانی عەرەبی و فارسی و تورکیشدا هەمان سیستەم پیادە دەکرێت. من و چەندەها کەسانی دیکە باسیان لەم دیاردەی (خۆبەکەمزانینە) کردووە، وەلی ئێمەی کورد خۆمان کارمان لەم گرێکوێرە مێژووییەدا نەکردووە. دیارە کاریگەری دیانەتی ئیسلام لەسەر کوردان، بەتایبەتی لە باشور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەشێکی دانەبڕاوی ئەم گرێکوێرەیە دەخوڵقێنێت، کە قورئان بە زمانی عەرەبی هاتۆتە خوارەوە! ئەی کوردانی ڕۆژهەڵات و باکور چی؟ ئەمان بە هۆکاری چیەوە دەناڵێنن؟ ئەگەر باس لە شۆڤینیستی عەرەبی و فارسی و تورکی بکەین لەم پنتەدا، ڕەنگە ئەمەش هۆکارێکی مێژوویی دی بێت، چونکە لەم پەیوەستیەدا دەکرێت باس لە "لەدەستدانی ناسنامەی کولتووری"، ناکۆکی نێوان نەوەکان، وە باس لە نادادپەروەری کۆمەڵایەتی بکەین. ئاڵوگۆڕی کولتووری پڕۆسەیەکی مێژووییە، کە گۆڕانە کولتوورییەکان بە  ناچاری دەبات. ئەم پڕۆسەیە لە هەر شوێنێکدا بە شێوەیەکی جیاواز ڕوودەدات و بە بارودۆخی مێژوویی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییەوە بەستراوە. لێرەدا زۆر گرنگە باس لە ڕێز و پاراستنی فرەڕەنگی و فرەکولتووری و جیاواریەکانیان بکرێت. بەداخەوە ئەم ڕێزنانە بۆ کولتووری کوردی لەو دەڤەرەی ئێمەدا لەلایەن گەلانی ناوچەکەوە نەکراوە (دانەنراوە). ئەگەر لە ڕوانگەی ئاڵوگۆڕەوە بڕوانین، دەبێت هەموو ئەو کولتوورانە بەیەکسانی ئەم پرۆسەیە لە بەرچاو بگرن و ڕێزی دوولایەنە بە کردەوە نیشان بدەین، کە ئەم پڕۆسەیەش لە دەڤەری ئێمەدا زۆر بەکەمی ڕویداوە. گرنگە لێرەدا باس لە دەستدانی ناسنامەی کولتووری بکەین، لێ بەهۆی گۆڕانکارییە خێراکانەوە جێگای سەرسوڕمان نییە، ئەگەر کولتوورێك بە هۆی هێزە دەرەکیەکانەوە یان فشاری کۆمەڵایەتییەوە بەشێك لە تایبەتمەندییەکانی لەدەست بدات، وەك زمان، نەریت، باوەڕ، شێوازی ژیان و تەنانەت پەیوەندییە کۆمەڵایەتیاکانیش لەتەکیاندا. ڕاستە بەجیهانکردن کولتوورە گەورەکان زاڵ دەکات بەسەر کولتوورە بچکۆلەکاندا، میدیا و تەکنەلۆژیاش لەپاڵ ئەم فشارانەدا دەبنە فشاری سیاسی و ئابووری، تا دەگاتە قەدەغەکردنی زمانیش، کە ڕۆژانە لە تورکیا بەکار دەهێنرێت. ئەمانەش دەبنە لاوازبوونی زمان و نەریتەکانی کۆمەڵگەیەك، بەتایبەتی لەنێوان گەنجەکاندا تا دەگاتە ناهاوسەنگی کۆمەڵایەتی. ئەگەر کوردان لەم ساتە مێژووییەدا ئاگاداری ئەم ئاڵوگۆڕە کولتووریانە نەبن و مامەڵەی هاوسەنگی و هاونرخی کولتووری نەسەپێنن، ڕەنگە لە پاشەڕۆژێکی نزیکدا ڕەگەکانی کولتووری دەڤەری ئێمە لە ڕیشەوە هەڵبماڵدرێن و کولتوورەکانی دی لە جێگەیاندا سەقامگیربن.
چارەسەریش پەروەردەی نەوەیەکی باوەڕبەخۆبوو و زانخوازی (فزوڵی) بۆ فێرکردن و فێرخوازینی زمان و مێژووی خۆماڵی، پاراستنی هونەر، فۆلکلۆر و نەریتەکان، بەکارهێنانی میدیا بۆ بڵاوکردنەوەی کولتووری خۆیی، ئەوەش بە پشتگیری یاسا و فەرمی بۆ پاراستنی کولتوور بەئەنجام دەگەیەنرێت
مەحمود چاوەش
هانۆڤەر 11.01.2026

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی