ئەوەی لە سوریادا دەگوزەرێت ئیدارەدانی ململانێ ی نێوان تورکیا و ئیسرائیلە کە نەک بەتەنیا کورد ، تەواوی گەلانی سوریای گیرۆدە کردووە .
رێکەوتن لەسەر دابەشکردنی سوریا و دیارکردنی باکووری وڵاتەکە وەک ناوچەی نفوزی تورکی و لە باشوورەوە بۆ ئیسرائیلیەکان ، ناکاتە بەرقەراربوونی ئاشتی و سەقامگیری لە وڵاتەکەدا ، بەڵکە ڕێکەوتنە لەسەر دیاریکردنی سەنگەری ئەو دوو هێزە لەدژی یەکتر و درەنگ یان زوو ئەو دوو سەنگەرە بەیەکدا دەتەقنەوە . چونکە :
یەکەم : هەرچەندە حکومەتە کاتیەکەی جولانی هەردوو سەنگەرە دژ بەیەکەکەی بەسەر خاکی وڵاتەکەیەوە قبوڵکردووە بەڵام مەرج نیە خەڵکانی ناو هەردوو زۆنە تورکی و ئیسرائیلیەکە ئەو سەنگەرانەیان قبوڵ بێت . کوردەکان دژ بە نفوزە تورکیەکەن و عەرەبە سونەکانی دیمەشق و دەرعا و سوەیداش دژ و نەیاری ئیسرائیلیەکانن . بۆیە ئەگەر لە ئێستادا بەهۆی دۆخی جەنگەکەوە نەیانپەرژێتە سەر رەتکردنەوە ئەو دابەشکاریە ، لەداهاتوودا هۆکارێکە بۆ دژبوونەوە بە حکومەتەکەی جولانی و ناسەقامگیریی سوریادا .
دووەم : هیچکات لەڕووی عەقیدەوە هێزە ئیسلامیەکان نەیانتوانیووە ببنە هاوپەیمانی هەتایی ئەمریکی و ئیسرائیلیەکان . هەمیشە ئەزموونی جۆرەکانی هاوپەیمانیەتیان کۆتاییەکەی بەسەرلەنوێ شەڕکردنەوەیان بووە .
چ ئەمریکا و چ ئیسرائیل چەندە نزیک بووبنەوە لەگەڵ حکومەتە ئیسلامیەکەی جولانیدا ، لە ئەنجامدا ڕووبەڕووی یەکتر دەبنەوە و شەهرعەسەلەکەیان کۆتاییەکەی هەڵگیرسانەوە جەنگ دەبێت لە نێوانیاندا .
سێهەم : مۆدیلی دەوڵەتی مەرکەزی و بەهێز لەناوچەکەدا وەک ئەمریکا بۆ سوریاکەی جولانی دەخوازێت ، لە پاش جەنگی جیهانی دووەمەوە قەومیەکان لەسەر دژایەتی کردنی ئیستعمار و ئیسرائیل دامەزران . سەرلەنوێ دامەزراندنەوەی ئەو مۆدێلە دەوڵەتانە تەنیا بە دژایەتکردنەوەی ئەمریکا و ئیسرائیل ئەگەری پەیدابوونەوەیان هەیە نەک بە دۆستایەتی کردنیان .
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی