لەم نوسینانەدا چەند تیورە یان ئەگەرێک دەخەمە بەرچاو بۆ خوێندنەوەی دۆخی ئێستای سوریا و ئەگەرەکانی داهاتوو.
تیورەی یەکەم، ترەمپی گێل.
ئەم تیورەیە وەها دەبینێت کە ترەمپ هیچ ئاگاداری دۆخی سوریا نیە و هەروەها ناخوازێت بە ووردی ئاگادار بێت. دیارە نەزانین لە کۆرکی ئەم شەپۆلە لە ڕاستڕەودایە، لە بڕی زانین چەمکی کۆمۆن سێنسیان هەیە. ڕاستڕەو وەها دەبینێت کە کۆمۆن سێنس، یان ئەوەی بە سادەیی و ئاسانی درکی پێدەکەیت، بە گشتی ڕەوایە، گونجاوە و بەدیهییە. ئەمە بوارێکی ئاڵۆزە، بەشێکی پەرچەکردارە و بەشێکی تری خەسڵەتە، لێرە لە بابەتەکە لامان دەدا.
کاتێک ترەمپ نایەوێت بزانێت و هەروەها سوریا بەشێک نیە لە ئەولەویەتی، ئەوا بوار دەڕەخسێنێت هەتا ئەوانیتر سودی لەم نەزانینیە وەربگرن سوریا بەو ئاراستەیە بەرن کە خۆیان دەیانەوێت، لە نێویاندا تورکیا و سعودیە، قەتەریش وەک پاشکۆی تورکیا.
کاتێک سعودیە و تورکیا داوە دەکەن ترەمپ شەرع ببینێت، ئەوا زەمینەی ئەوە دەسازێنن کە پەیوەندی دروست بکەن.
لەم دۆخەدا ئیسرائیل گرنگە. ترەمپ گوێ بە یاسای نێودەوڵەتی و نۆرمەکان نادات، بۆ نمونە شەرع تاکە تیرۆریستە لە دونیادا کە لە کۆشکی سپی پێشوازی لێکرابێت. بەڵام بۆ ئەوەی ترەمپ هەنگاوەکانی بنێت ئەوا دەبێت ئیسرائیل ڕازی بکات.
کەنداو خۆیان وەها دەبینن کە سوریا بەبێ ڕازی بوون بە خواستی ئیسرائیل دروست نابێتەوە. بۆیە ئیسرائیل وەک مەرجدارێکی خاوەن توانا و دەسەڵات لە هاوکێشەکەدا هەیە و بەلای ترەمپەوە جێگای بایەخە. بە تایبەتی هەردوو جێرارد کوشنەر و ویتکۆڤ جولەکەن.
ئەمانە زەمینە بۆ ئیسرائیل دەخولقێنێت کە دۆخەکە وەک دەرفەت ببینێت. جێگای باسە تورک و سورییەکان وەهایان دەبینی کە ئەگەر شەرع هێرش بکاتە سەر کورد، ئیسرائیل ناڕەزایی دەردەبڕێث وەک لە دۆخی دروزەکاندا کردی، بەڵام لە پاریس ئیسرائیلیەکان سەریان بۆ ئەو هێرشکردنە سەر کورد لەقاند.
لێرەدا دوو خوێندنەوە هەیە، یەکەم، ئیسرائیل لەم ڕێگایەوە ئامانجی خۆی بە دەست دەهێنێت. دووەم، لەم ڕێگایەوە سوریا وەک کۆمەڵگا بۆ هەمیشە پەرت دەبێت. بۆ نمونە وەک عەزمی بشارە دەڵێت، ئەگەر جاران خواستی جودایی لەناو دروزدا تەنها لە نێو دە لە سەدا هەبوو، ئێستا هەشتا لە سەدە.
کەواتە ئیسرائیل بە بەردێک دوو چۆلەکە دەکوژێ، ئەوەی دەیخوازن بە زۆری بە دەستی دەهێنن، لە هەمانکاتدا، کۆمەڵگای سوریی، ئەگەر شتێکی وەها بونی هەبێت، زیاتر پەرت دەکەن.
ئەم تیورەیە وەها دەبینێت کە ئەمریکا هیچ بەرژەوەندی و پلان و ئامانجێکی نیە لە دۆخەکە، ئەوەی دەگوزەرێت زیاتر لە ئاستی باڵادا لە نێو بازنەی ترەمپ و دەورەبەریدا دەگوزەرێت. لێرەدا تۆم باراک وەک کەسێکی نزیک لە کەنداوییەکان و ترەمپەوە، هەروەها باوەربوو بە وەحشی بونی خەڵکانی ناوچەکە، وەها دەبینێت کە دەبێت کەسی بەهێز لە دەسەڵاتدا هەبێت و ماف و جودایی و کەلتور بونی نیە، بەڵکو تەنها پارە و بازرگانی بونی هەیە.
دیارە ئەستەمە وەها بیربکەینەوە کە ئەمریکا بەکاردەبرێت و هیچ ئامانجێکی نیە. بۆیە دەبێت لە تیوەرەی داهاتودا باس لە گەڕانەوە بۆ هاوسەنگی یان شەڕی درێژخایەنی تایفی بکەین.
ئایا دەرئەنجامی ئەم تیورەیە چیە؟
یەکەم، وڵاتانی خاوەن ئەم پلانە لە سوریا بەهێزدەبن وەک وڵاتانی کەنداو، جگە لە ئیمارات. هەروەها تورکیا بە تایبەتی لە باکور، ئیسرائیل لە باشور دەبێتە خاوەن ناوچەی قەڵەمڕەیی خۆی.
دووەم، سوریا لە ناوەوە لە سەر بنەمای سازش بۆ دەرەوە دادەڕێژرێت.
سێیەم، هەموو پێکهاتەکانی سوریا، جگە لە کەمینەیەکی سوننی ئەمەوی کە بونیان نیە لە واقیعدا تەنها خەیاڵکراوە، چونکە کە عەباسییەکان ئەمەوییەکانیان تێکشکاند ئەوەی مایەوە تەنها عەبدالڕحمانی کوری داخل بوو، کە ناچار کرا هەڵبێت بۆ ئەندەلوس. وەک دەڵێت شەرع زۆر سەرسامە بە عەبدلرحمانی کوری داخل. هەموو ئەوانی تر وەک خەڵکی دەستی دوو و نەیار دەبینرێن.
چوارهەم، نابێت باس لە دیموکراسی بکرێت.
پێنج، دەبێت کەمینەکان دابەشبکرێن بۆ خەڵکی باش و خەڵکی خراپ. باشەکان پاداشت بکرێن و خراپەکان سزا بدرێن.
کورد لەم دیدەوە ڕەنگە بونێکی کەلتوری ڕوکەشیان هەبێت، کە بە گشتی نەزمە ئیسلامیەکان کێشەیان نیە لە گەڵیدا، بەڵام بونی سیاسی و دەسەڵاتی و حوکمڕانی ئەستەمە [کوتومت وەک پالانە لە تورکیا]. ئەم سیستەمە ئامرازە مۆدێرنەکانی وەک دەوڵەت و شەرعیەت و سەروەری بەکاردەهێنێت بۆ بەرهەمهێنانی دۆخێکی سەدە ناوەندییەکان.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی