خوێن بە بەخشین کەم ناکات

2 کاتژمێر پێش ئێستا

د. ئەمیر حسێن

کاتێک خۆر لە خۆرئاواوە هەڵدێت ،  ئەمە موعجیزەیەکی گەردونی نیە ، نە ئەفسانەی کۆتایی مێژوەکەی فۆکۆیە ، هەروەها تابلۆیەکی سوریالیش نیە سلفادۆر دالی بە فڵچەکەی هەوڵبدات چاومانی پێ هەڵبخەڵەتێنێ ، ئەمە تەنها ڕوداوێکی مێژوی و دەستکردی مرۆڤە ، بەڵام مرۆڤی ئاسایی نا ، بەڵکو مرۆڤی سەرڕێژ لە ئیرادەو هێز ، ئەو مرۆڤەی لە سروشت و خەسڵەتی ئاساییەوە هەڵدەکشێ بۆ ئاستێکی باڵاتر لە مرۆڤی ئاسایی ، ئەوجۆرانە لە مرۆڤ قبوڵ ناکەن ، لە سێبەری ئەوانیتردا ژیان بکەن ، بۆیە ئەو پەراوێزو دامێنی نەخشە شڕو زەرد هەڵگەڕاوانە زوو بەجێدەهێڵن ، کە لە سەردەمی ئیمپراتۆریەتە گۆڕبەگۆڕەکانەوە تا ئەمڕۆ ، دەیانەوێت لەناویدا بە بەبێ ئەوەی نوێژی مردوی لەسەر بکەن ، بە بەرگە خاکی و جەمەدانە خوێناویەکەیەوە ، بەبێ تەڵقین لە گۆڕێکی بە کۆمەڵدا بیان نێژن  ، ئەگەرچی ئەم دیاردە مرۆییە سروشتی نیە و دەگمەنە ، بەڵام جیهانیش نیە ، چونکە ئەوە جیهان نیە باوەشی بۆ خۆرێکی دژە باو ، دژە کلتوری سەپاو ، دژە سروشت و دژە لۆژیکی هێز وەک دیفاکتۆ کردۆتەوە ، بەڵکو ئەوە نەوەکانی زاگرۆس و شەڕڤانانی ئازادیخوازن . هەر تاڵێکی کەزی ئەم خۆرەیان ، بە خوێن ڕەنگکردوە ، هەر قەفێکیان بە داستانێکی بەرخۆدان پێناسەکردۆتەوە .

   لەم سوچە بچوکەی دونیادا ، بەردەوام زلهێزو شۆڤێنی و بناژۆخوازە ڕادیکاڵە بەکرێ گیراوە لۆکاڵیەکانیان ، بە درێژای مێژو هەوڵدەدەن لە پەراوێزدا بی هێڵنەوە ، خۆرهەڵاتن بە تەنها شانەکردنی کەزی نیە ، بەسەر جوگرافیایەکی لە بیرکراودا ، بەڵکو ژانی لە دایکبونی ناوەندێکی ترە ، ناوەندێک بۆ بەرخۆدان و پێناسەکردنەوەی بون و نیشتیمان ، ناوەندێک بۆ لە بەریەک هەڵوەشاندنەوەی درۆ زەبەلاحەکەی دونیای مۆدێرنە ، چەندین سەدەیە ئێمەو گەلانی پێ هەڵدەخەڵەتێنن ، کاسیان کردوین بە بەناوی ئازادی و دیموکراسی و نمایشی کۆمیدی دادپەروەری و ماف و چارەنوسی گەلان ، بۆیە کاتێک خۆر لە ڕۆژئاواوە هەڵدێت ، بەتەنیا ڕۆژێکی نوێ ، لە جوگرافیایەکی سوتماک و، لە نێوان کێلی گۆڕی ، هەزاران شەڕڤانانی شەهیدەوە ، دەست پێ ناکات ، بەڵکو لە کڵاوڕۆژنەی قۆناغێکی نوێوە ، ئاگامەندی گەلێک دەتەقێتەوەو ، وەک تاڤگەی بەهاراران ، هەڵدەڕژێتە ناو کەف وکوڵی باشور و باکورو خۆرهەڵاتەوە ، بۆ ئەوەی تێگەیشتنێکی نوێ فۆڕمەلە بکا ، بەرامبەر چەنەبازە ساختەچیەکانی دونیای مافی مرۆڤ ، ئەو موهەریجانەی بەپێی خواست و بەرژەوەندی خۆیان ، هێڵە سورەکانی ئەخلاق ، لە سەردەمی بێ ئەخلاقیدا دەکێشن و بەردەوام تۆخی دەکەنەوە .
   کاتێک خۆر لە خۆرئاواوە هەڵدێت ، پارادۆکسی شەرمەزاری بە ڕوتی  خۆی نمایش دەکات ، پارادۆکسی زوڕنا ژەنەکانی مێدیای شۆڤێنیەت ، ئەو مێدیایەی حەقیقەت دەبینێ ، بەڵام لە دورەوە وەکو سەگی هار پێی دەوەڕێ ، هێندە دەوەڕێ هەتا هەرچی شانەی نوستوی حەرەم سەرای خەلافەتی جەهالەتە خەبەری دەکاتەوە ، بۆ ئەوەی بەریان بداتە بەلەکی خوێناوی ، تا ڕێگە لە هەڵهاتنی بگرن ، بێ ئاگا لەوەی خۆری خۆرئاوا ئێستا گزنگی تاڵە قژە خوێناویەکەی ، دەمێکە هۆنیوەتەوەو ، بە قوڵایی ئاسماندا شوناسی نەتەوەیەکی بێکەس ، لەسەر نەخشەی نوێی ناوچەکە دەکێشێ ، بۆ ئەوەی پێشانی هەمو دونیا بدات ، بێ ئەوەی چیتر چاوەڕێی لوتفی خەلیفەو ئەمیرو ئومەرای دونیا بێت .
   ئەم خۆر هەڵهاتنە ، تەنها ڕوناکی نابەخشێ ، یان خۆراک و کلۆرۆفیلی پێویست نادات بە جەستەی شەکەتی نەتەوەیەکی دابەشکراو ، بەڵکو ئەمە وجود دەخوڵقێنێ لە ناو نا وجودی ئەبەدیدا ، واتا دەکاتەوە بە بەر چەمکەکانی ژن ژیان ئازادیدا ، پێمان دەڵێت : جوگرافیا قەدەرێکی ڕەش نیە ، مێژو ئەشکەوتێکی تاریکی ئەنگوستەچاو نیە ، تا لە ناویدا بزر بین ، نەخشەی ناوچەکە چیتر کارتی قومار نیە ، بەدەست سەرسەریەکانەوە ، نیشتیمان تەنها میراتێک نیە نەوەکان لەیەکتری وەری بگرن ، نیشتیمان بۆتە بژاردەی کۆتای و چارەنوس ، ئیتر بڕاوەتەو ، پابەندی بۆ نەتەوە تۆمەت نیە ، تا چیتر لە بەری هەڵبێین ، باوەڕداری تەنها شوێنکەوتنی موقەدەسی بێ پرسیار و گومان نیە ، چیتر قبوڵمان نیە ، لە ئەرشیفی نەتەوە درۆزنە نا یەکگرتوەکاندا ، تەنها ژمارەبین لە نا شوێندا ، ئێستا نەوەیەک لە مەیدانە سڵ ناکاتەوە لە بەخشین ، سڵ ناکاتەوە لە بەرخۆدان ، دەڵێت : خوێن بە بەخشین کەم ناکات ، ئێوە ئەی داگیرکەرانی بێ ئابڕو بێ کەرامەت ، ئەی ستەمکارانی تینوی خوێن ، داوابکەن و پێمان بڵێن : چەندتان دەوێ ؟ ڕوبارێک دو دەیان سەدان .. پێمان بڵێن ، تا لەسەر ڕوە ساف و سپیە بێگەردەکەی زاگرۆس ، بۆتان واژۆ بکەین ، تەنها داوابکەن چەندتان دەوێ ؟؟


ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی