لە دوای
گەیشتنی بە کۆشکی کۆماری لە دیمەشق وهەڵاتنی بەشار ئەسەد ، جۆلانی لە ماوەی نزیکەی
سێ مانگدا ، دووەم سەردانی فەڕمی بۆ مۆسکۆ ئەنجامدا ، ئەگەرچی پەیوەندی و سەردانی
نێوان سەرۆکی دەوڵەتان ، جیا لە سروشتە پڕۆتۆکۆڵیەکەی ، ئاماژەی ئەرێنی
پەیوەنیەکان و بەهێزی و پتەوی بەرژەوەندیە جیۆسیاسی و ئابوریەکانە ، بەڵام بۆ
سوریای سەردەمی جۆلانی و مۆسکۆی پوتن ، دەکرێ ئاماژەی زیاتر و مەسیجی سیاسی جۆراوجۆر
، بۆ ناوخۆی سوریاو وڵاتانی ناوچەکەو جیهان لە خۆ بگرێ ، چونکە دوای کەوتنی ئەسەد
بە پلانێکی هەڵگەڕاوەی تورکیا ، لە ڕێکەوتنی ئاستانا ، ڕوسەکان ترسی زۆریان لێ
نیشتبو ، بەرامبەر پشتیوانی بەردەوامیان بۆ ئەسەد ، بە درێژایی نزیکەی 14 ساڵی
شەڕی ناوخۆی سوریا ، ئەو پێگە ستراتیژیە لەدەست بدەن ، بەتایبەت لە هەردوک بنکەی
سەربازی حمیمیم و تەرتوس ، کە جۆرێک لە پێگەو باڵادەستی بۆ مسۆگەرکردون ، بەسەر
دەریای سپیدا ، لە هەمان کاتدا وەک پێگەیەکی ستراتیژی گرنگی ترانزێت ، بۆ گەیشتنە
قاڕەی ئەفریقا ، ئەمە لە کاتێکدا ،هەر زوو وڵاتانی ئەوروپی و تەنانەت
ئەمریکیەکانیش ، ئەوەیان نەشاردەوە ، بونی هێزەکانی ڕوسیا ، لە کەنار ئاوەکانی
سوریا ، بۆ ئەوان جێگەی خۆشحاڵی نیە ، بەتایبەت ئۆکرانیەکان ، لەدوای ڕوخانی
ئەسەدەوە ، هەوڵی زۆریان خستۆتە گەڕ، لە پێناوهاندانی وڵاتان ، بۆ دەرکردنی ڕوسەکان لە سوریا .
جۆلانی پێش گەیشتنی بە کۆشکی کۆماری لەسوریا ،
وەک ڕادیکاڵێکی بناژۆخواز ، ساڵانێکی دورو درێژ ، لە ناو کوچەو کۆڵانە تاریکەکانی
پەروەردەی جیهادیدا قاڵ بۆتەوە ، لە ژێر دەستی سەرکردە باڵاکانی قاعیدەو داعشدا ،
بەڵام کاتێک لەسەرکورسی دەسەڵات دانیشت ، هەر زو مۆڕاڵە جیهادیەکەی لەبیرکرد ،
دەیەوێت وەک سیاسیەکی پراگماتی لە دەرەوە خۆی پێشان بدات ، لە کاتێکدا لە ناوخۆ ،
بەتایبەت بەرامبەر کەمینەکان بە پێچەوانەوە ، ڕوحە جیهادیەکەی متوربەی شۆڤێنیەتی
قەومی و فاشیەتی دەمارگیر کردوە ، لە دواین سەردانیدا بۆ کرملن ، زۆر بێشەرمانە
وەک موهەریجێک ، لە بەردەم پوتندا ، مۆسکۆ بە( ارض مبارەکة ) ، ناو دێنێ و سوپای
ڕوسیاش بە پاڵەوان ، لە کاتێکدا مۆسکۆ، لە مێژوی کۆن و نوێی ئسلامدا ،هیچ جۆرە
ڕەمزیەتێکی پیرۆزی نیە بۆ موسوڵمانان ، تەنانەت بە پێچەوانەوە ،هەمیشە وەک
سەرچاوەی، بیروباوەڕی کۆمۆنستی و هەڕەشە بۆ سەر ئیسلام و ئیسلامی سیاسی ، بەتایبەت
سەیر کراوە ، بەڵام بۆ موجامەلەیەکی درۆزنانەی پوتن ، لەپێناو دەستەبەرکردنی
پشتیوانی زیاتر بۆ کورسیەکەی ، لە بری قودس و کەعبە مۆسکۆ بە أرض مبارکة ناو دەبات
، سەیرەکە ئەوەیە ، مەلاو داناو زانایەکی ئیسلامی تا ئێستا ، لەسەر ئەم بێ
حورمەتیە ، نقەی لێوە نەهاتوە و ڕەتی نەکردۆتەوە .
دەربارەی پاڵەوانیەتیەکانی سوپای ڕوسیاش ، من
هیچ ناڵێم تەنها ئەم ڕاپۆرتەی تۆڕی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤی ئەمڕۆ، بەبۆنەی
تێپەڕبونی دەساڵ بەسەر دەستوەردانی ڕوسیا ، لە سوریادا بڵاویکردۆتەوە ، دەخەمە
بەرچاوتان ، لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە ، ڕووسیا چ جۆرە پاڵپشتییەکی
هەمەلایەنەی ، سیاسی و سەربازی و ئابووریی ، پێشکەش بە ڕژێمەکەی ئەسەد کردووە ،
ڕوسیا بەردەوام ڕێگری لە لێپرسینەوە نێودەوڵەتییەکان کردووە ، بەتایبەت لە نەتەوە
یەکگرتوەکان ، بە جۆرێک 18 جار دەسەڵاتی ڤیتۆی بۆ پاراستنی ئەسەد بەکارهێناوە ،
ئەمە جیا لەوەی لە 21 دانیشتنی ئەنجومەنی مافی مرۆڤدا ، دەنگی دژ بە خەڵکی سوریا
داوە ، ڕێگری لە هەر جۆرە تۆمەتبارکردنێکی ڕژێم کردوە بەرامبەر تاوانەکانی ، لە
ناویاندا بەکارهێنانی چەکی کیمیایی بەرامبەر هاوڵاتیان ، لە ڕاپۆرتەکەدا بە وردی
باس لە دیارترین پێشێلکارییەکانی هێزەکانی ڕووسیا ، لە دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی
سەربازییان ، لە سووریا لە 30 ی ئەیلولی 2015 ، تا ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد لە 8 ی
کانونی یەکەمی 2024 خراوەتەڕوو، تۆڕی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ ، لەم ماوەیەدا ،
کوژرانی 6 هەزار و 993 هاووڵاتیی مەدەنیی ، بە بەڵگەوە تۆمار کردوە ، لەم ژمارەیە
2061 کەسیان منداڵ و 984 ژن بوون . هەروەها تۆڕەکە لانیکەم ، 363 کۆمەڵکوژی
لەلایەن ڕوسەکانەوە ، بە بەڵگەوە پشت ڕاست کردۆتەوە . کە بوەتە هۆی کوژرانی لانیکەم
70 کارمەندی پزیشکی ، 12 کەسیان ژن بوون ، جگە لەوەی لانیکەم 24 کارمەندی میدیایی
و ڕۆژنامەنوس بەپێی بەڵگەکان ، لە هەمان ماوە لەلایەن هێزەکانی ڕووسیاوە کوژراون .
تۆڕەکە لەم ماوەیەدا لانیکەم ، 1262 هێرشی
سوپای ڕوسیای ، بۆ سەرژێرخان و دامەزراوە گرنگەکانی مەدەنی تۆمارکردووە ، 224
قوتابخانە و 217 دامەزراوەی پزیشکی و 61 دوکان و بازاڕ ، تا ڕووخانی ڕژێمی بەشار
ئەسەد . پارێزگای ئیدلب زۆرترین هێرشی بەرکەوتوە ، دوای ئەویش حەلەب و پاشان حەما
. بێگومان ئەمە تەنها ئاماری تۆمارکراوی هاوڵاتی و دامودەزگای مەدەنیە ، ئەگەرنا
ڕوسیا چەندین ئەوەندە زەرەرو زیانی گیانی و سەربازی بە گروپە چەکدارەکان گەیاندوە
.
لە کۆتایدا
دەکرێ بپرسین ئەرێ بەڕاست جۆلانی سیاسیەکی پراگماتیە ، یان جیهادیەکی بێ مۆڕاڵ ؟
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی