بۆچی سەرۆک عەشیرەتە عەرەبەکان خیانەتیان لەکورد کرد !؟

2 کاتژمێر پێش ئێستا

ئەسعەد جەباری

مامۆستا ساڵەح بووزان ، لەکورتە ڤیدیۆیەکدا بەشەش خاڵ زۆر بەکوورتی تیشکی خستووەتە سەر ئەو ناپاکیەی کە بەرامبەر بەکورد کراوە لەلایەن خێڵە عەرەبەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و خاڵی خستووەتە سەر پیتەکان بەزمانێکی پاراو، ئەو بەزمانی عەرەبی و ڕاشکاوانە ئاماژە بۆ بابەتەکان دەکات و پەنجەش دەخاتە سەر ئەو خاڵەی کە پێویستە هەمووان بزانن کە ئایا ئەوە عەرەبەکانن خیانەت و ناپاکیان کردووە یان سەرۆکی عەشیرەت و خێڵەکانیان.

لێرەدا بەکوورتی قسەکانی کۆدەکەمەوە وەکو خۆی خاڵ لەدوای خاڵ کە پێویستە ئێمەی کورد زۆر هوشیارانە مامەڵە لەگەڵ ئەم بابەتەدا بکەین:

١- هەمیشە گەورەو سەرۆک عەشیرەتەکان هەر وابوون و هەر وایە، ئەوان پشتی ئەو لایەنە دەگرن کە بەهێزەو هێزی هەیە لەگۆڕەپانەکەدا، ئەوان واتا سەرۆکی عەشیرەت ناپرسێ کێ (عادل)ە یان نا(عادل)ە، بەڵکو لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی خۆیدا هەنگاو دەنێ بەپێی ڕۆژگارو کێش لەسەرەوەبێت ئەو لەگەڵیدا هەنگاو دەنێ!!.

٢- ئەوە ڕاستییەکی حاشا هەڵنەگرە کە ئەمریکا پشتی (جۆلانی) دەگرێ!!، بۆچی؟ چونکە لای ئەمریکا ستراتیجە، ئەمریکا نایەوێت پرۆژەیەکی نیشتمانی دیموکراتی سەربگرێ لەسوریا کە (هەسەدە) ڕابەرایەتی بکات کە دوور نیە ئەگەر پرۆژەی دیموکراتیزەکردنی سوریا لەسەر دەستی (هەسەدە) ڕزگار ببوایا، سوریای (انقاز) دەکرد، لەو بارودۆخەشدا کورد دەبوو بەڕابەری هەڵسانەوەی سوریا نوێ، بۆیە ئەمریکا کەوتە دژایەتیکردنی ئەو دیمکراتیزەکردنەی (هەسەدە)و بەفیتی تورکیاو کەنداوی عەرەبی کەوتە دژایەتیکردنی کورد لەسوریا بۆ لەباربردنی پرۆژەی سوریای دیموکرات و ئازاد.

٣- بۆچی کورد بوو بەقوربانی؟، چونکە (هەسەدە) پرۆژەیەک بوو بۆ تێکشکاندنی بازنەی تائیفی و لەبناغەدا هێزێکە بۆ ڕاستکردنەوەی سوریای هاوچەرخ لەنێو هەموو تیرەو تایەفەکانی ووڵات بەبێ جیاوازی، بۆ ئەمەش نەک هەر ئەمریکا بەڵکو هەموو عەرەب و کەنداو تەنانەت تورکیا زۆر زۆر لەم ئاڕاستەیە دەترسێ چونکە ئەمریکا سوریایەکی دیموکراتی ناوێ، بەڵکو ئەو سوریایەکی دەستەمۆو ملکەچی دەوێت بۆ خۆی و پیاوی ئەمریکابن!.

٤- عەقڵی عەشائیر هەرگیز هەڵە ناکات!، بەڵکو سەرۆکی خێڵ دەبێتە داردەستی دەسەڵاتداران، کە ئەمە لەهەموو دوونیا هەر وایە!، سەرۆکی عەشیرەتەکانی عەرەبیش لەسوریا هەر وابوون پێشتر کێ پارەیان بداتێ ئەوان دەکەونە دووی ئەو، بۆ نموونە مووچەیان لەعوسمانییەکان وەردەگرت سەردەمانێ، دواتر لەفەڕەنساییەکان پاشان لەئینگلیز، تەنانەت جەمال عەبدلناسر و هەتا بەعسییەکان و حافز ئەسەدو تا دەگاتە کوڕەکەی، واتا سەرۆک عەشیرەتەکان هەردەم ملکەچی  دەسەڵات بوون و تا ئەندازەی ئەوەی دەبوون بەدەم سپی هەموو بابەتێک لەپێناوی پارەو سامان، بێگومان ئەمەشیان هەر لەگەڵ کورد واهێناو لەپێناوی پارەو پوول دەبوون بەهەواڵگرو چەکداریان تا دواجار لەپشتەوە خەنجەریان لەکورد دا، لای ئەوان هیچ مەسەلەیەک نەگۆڕا جگە لە بزووتنەوەی سیاسی و بازاڕ پەیداکردن بۆ خۆیان و دوڵەمەندبوونیان.

٥- داراییەکی زەبەلاح لەکەنداوی عەرەبی لەخزمەت تێکشکاندنی کورد بوو لەسوریا، بەپلەی یەکەم ووڵاتانی سعودیا و قەتەڕ، ئەوان هەرگیزاو هەرگیز ڕژێمێکی دیموکراتیان ناوێ لەسوریای نوێ، بەڵکو ئەو ڕژێمەیان دەوێ کە ملکەچی کەنداو بێت، (جولانی) خۆی واپیشاندا کە نموونەییە، سەرەتا پێش ئەوەی کە هەر ڕێگەیەک بگرنە بەر هەڵسان بەکڕینی سەرۆک عەشیرەتەکانی سوریا نەک عەشیرەتەکانیان، بەمەش پارەیەکی زۆریان بۆ ئەو بابەتە خەرج کرد  کە خۆی دەدا لە شەست ٦٠ ملیۆن دۆلار، نرخیان بۆ سەرۆک عەشیرەتەکان دانا کە هەریەکیان نرخی چەندبێت!!.

٦- خیانەت هەڵوێستێک نیە، یان بۆچوونە یاخوود جیاوازی لەڕا، بەڵکو خیانەت ئەوەیە کە ئەوەی دەتپارێزێ تۆ بێیت لەپشتی پەردەوە بیفرۆشی بەنهێنی، یان ئەوەی کە بەرگریت لێ دەکات تۆ لەپشتەوە خەنجەری لێبدەی، یاخوود بەشداری بکەی لەگەڵ کەسێکدا کە دواجار دوور نیە سەرت ببڕێ!.

مامۆستا ساڵەح بووزان لەکۆتایی قسەکانیدا دەڵێ: مەڵێن عەرەب خیانەتی لەکورد کردووە، ئەمە هەڵەیەو نابێ بووترێ، ڕاستییەکەی ئەوەیە دەبێ بڵێین کە سەرۆکی عەشیرەتەکان خیانەتکاربوون بەرامبەر بەکورد، هەروەها دەڵێ: ئەوەی خیانەتی کرد ئەو عەقڵیەتەیە کە جگە لەپارە هیچ شتێکیتر نازانێ!، سەرۆکی عەشیرەت و خێڵ تەنها بیری لای پارەو سامان و دیارییەو بەس.

دواجار مامۆستا ساڵەح بووزان لەکۆتاییدا دەڵێ: کورد سەرەڕای هەموو ئەو ماڵوێرانی و شکستەی بەسەریدا هاتووە، دەمێنێتەوە و بەردەوام دەبێ چونکە خاوەنی دۆزێکی ڕەوای نەتەوایەتی خۆیەتی و ناشکێ.

ئەسعەد جەباری 

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی