ڕێکەوتنی دیمەشق‌و هەسەدە هەلێک بۆ بەشداری سیاسیی‌و ئیداریی

2 کاتژمێر پێش ئێستا

عومه‌ر عه‌لی محه‌مه‌د

پاش ئەوەی ڕۆژی هەینی ڕابردوو هەردوو لایەنی ناکۆکی حکوومەتی سووری و هێزەکانی هەسەدە گەیشتنە ڕێکەوتن، بە پێی بەندەکانی ڕێکەوتنەکە، دەبێت شەڕ لە هەموو بەرەکان بوەستێنرێت و سوپای سووریا پاشەکشە بکەن لە دەوری شارە کوردییەکان  و ڕێگە خۆش بکرێت بۆ ئەوەی هێزەکانی ئاسایشی سووریا بچنە ناو شارەکانی حەسەکە و قامیشلۆ و کۆبانێ ئەویش بۆ ڕێخستنەوەی هێزەکانی ئاسایشی سووریای دیموکرات کە بچنەوە ناو ئاسایشی سووریا و پاشان پاراستنی شارەکانیان پێ بسپێردرێت ،لە بەندێکی تردا داندەنێت بەوەی کە کۆمەڵگەی کوردی بەشێکی ڕەسەنە لەدەوڵەتی سوور یاو هاوڵاتی کوردیش هەمان ئەو مافانەی دەبێت کە هاوڵاتییەکی عەرەب هەیەتی، پاشان جەخت دەکاتەوە لەسەر ئەوەی کە زمانی کوردی دەبێتە زمانی فەرمی لە دەوڵەتدا و لە بواری پەروەردەشدا ڕێگە خۆش دەکرێت بۆ خوێندنی زمانی کوردی لەقوتابخانە زانکۆکاندا.

 هەرچەند لە دوای ڕێککەوتنی ١٠ی مارسی ساڵی ڕابردوو چەند ڕێککەوتنێک لە نێوان هەسەدە و حکوومەتی دیمەشقدا کراوە. بەڵام ئەمە دواهەمین ڕێکەوتنە کە دەچێتە بواری جێبەجێ کردنەوە .هەرچەند بەرپرسانی بەڕێوبەرایەتی خۆسەر زۆر بە لایەنەوە گران بوو بچنە ڕێکەوتنێکی بەو شێوە کە ئەوان لە ساڵی ٢٠١٨ ئیدارەی سەربەخۆیان ڕاگەیاندوە ،کە دەسەڵاتێکی ناوچەیی بوو شارەکانی دەیرەزوورو بەشێک لە حەلەب و ڕەقە و حاسەکە و قامیشلۆ و کوبانێی لە خۆ دەگرت، کە ئەویش نزیکەی یەک لەسەر سێی خاکی سووریا بوو ،لەو ناو چانەدا پەروەردە و هێزی سەربازی و ئیدارەی دارایی و هەموو یەکە ئیدارییەکانی تری حکوومەتیان هەبوو، ئەوان بە پێی ئەم ڕێککەوتنەی ئێستا دەبێت لە ڕووی سەربازی و ئیدارییەوە تێکەڵ بە دەوڵەتی سووریا ببنەوە.

بەرپرسانی ئیدارەی خۆسەر زۆر هەوڵیاندا کە ئیدارەکەیان بە سەر بەخۆیی بهێڵنەوە و تێکەڵ بە دەوڵەتی سووریا نەبن، ئەیش بە بڕیاردانی لامەرکەزی بۆ سووریا و مامەڵەکردنیان لەگەڵ دیمەشق وەک ناوچەیەکی فیدراڵی، بەڵام نە دیمەشق و نە ئەمریکا و نەهێزە هەریمە هەرێمایەتیەکان بە تایبەتیش تورکیا بەمان ڕازی نەبوون.

 ڕێککەوتنی ئەم جارە لە دۆخێک داهاتە ئاراوە کە ئەمریکا لە ڕێگەی نێردەی تایبەتی خۆی لە سووریا (تۆم باراک )بەردەوام هاوشێوەی تورکیا جەختی لەسەر یەک پارچەیی سووریا دەکردەوە، هەروەها وڵاتانی وەک ئەردەن و سعوودیە و قەتەریش پشتیوانی یەک پارچەیی خاکی سووریایان دەکرد. لەبەر ئەوە ئاسۆیەک لە بەردەم هەسەدەدا نەما بۆ سوور بوون لەسەر داواکارییەکانی خۆی .هێرشەکانی سوپای سووریان بۆ سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە و پاشان بۆ دەیرە زوور و ڕەقەو ناوچەکانی تر، ئەوەی سەلماند کە هەسەدە بە تەنها ماوەتەوەو لە هیچ ئاستێکی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی کەسێک نیە بەرگری لێ بکات لەبەر ئەوە ڕێککەوتن لەگەڵ دیمەشق بووە تاکە بژاردە و ڕەتکردنەوەشی واتە جینۆساید و لەناوبردنی کوردە لە ناوچەی جزیرە و کوبانێ،  مەزڵوم عەبدیش لە لێدوانێکدا وتی ،،:ئێمە خۆمان لە جینۆسایدێکی چاوەڕوانکراو پاراست.

چوونی هەسەدە بۆ نەم ئەم ڕێکەوتنە سەرەتای قۆناغێکی نوێیە کە ئەویش خەباتی مەدەنی و سیاسییە لەنێو دەوڵەتی نوێی سووریادا. ئەمەش ئەگەر یاریکەری باشی هەبێت دەتوانێت سەرەتایەک بێت بۆ چەسپاندنی مافەکانی گەلی کورد و بردنی دەوڵەتی نوێی سوریا بە ئاراستەی دیموکراسی و کرانەوەو ڕێگرتنیەتی لەوەی کە ببێتە دەوڵەتێکی شۆڤێنی و تاک ڕەو. چونکە لە ئەو ڕێککەوتنەدا دان دەنێت بەوەی کە کورد بەشێکە لە کۆمەڵگەی سووری و خاوەنی مافە مەدەنی و کولتووری و سیاسیە کانیەتی و دەبێت و سەرەتا وەک هاوڵاتی دانی پێدابنرێت و هیچ جیاوازیەکی نابێت لەگەڵ هاوڵاتی نەتەوەکانی تردا. پاشان لە ڕووی سەربازیشەوە دان دەنرێت بە بوونی کورد و سێ لیوای هەسەدە دەچێتە ناو سوپای سووریا و پاشان لیوایەکیش بۆ کۆبانێ دروست دەکرێت. هەروەها هێزی سەرباز سووریا ناچنە نێو شارە کوردییەکان و پاراستنی ئاسایشی شارە کوردییەکان بە ئاسایشی خۆسەری و ئاسایشی دەوڵەتی سووریا بەهاو بەشی دەسپێردرێت.

ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپی وەک فەڕەنسا و بەریتانیا و یەکێتی ئەورووپا و سعودیە و ئەردەن و قەتەر و هەرێمی کوردستان پیرۆزباییان لە ڕێککەوتنەکە کردوو پشتیوانی و هیوای سەرکەوتنیان بۆ خواستبوو. لە لایەکی تریشەوە پشتیوانیی ملیۆنان کوردی هەرێمی کوردستان و هەر سێ پارچەکەی تر و کوردانی تەراوگە زیاتر بوونە هۆی ئەوەی کە کوردانی ڕۆژئاوا زیاتر سەنگ لە لای دیمەشق پەیدا بکەن ،ئەمریکیەکان لەگەڵ ئەوە دان کە کورد لە دیمەشق بێتوو لە ڕێگەی نووسینەوەی دەستوور و بەشداری سیاسی لە حکوومەت و پەڕلەمان و یەکە ئیداریەکان مافەکانی خۆی بە دەست بێنێت کە ئەمەش  جێگەی دڵخۆشیەو و دەبێتە پاڵپشتێک بۆ ئەوەی کە کورد لە دیمەشق بە تەنها نەبێت و  پشتیوانی بکرێت و بەرەو ئەو بڕوات کە دەیەوێت، ئەمەش هاوشێوەی بەشداری سیاسی کوردی عیراقە لە دەوڵەتی نوێدا لە دوای ساڵی دوو هەزار و سێ.

ئەگەر دیمەشق و هەسەدەش ئەو ڕێچکە بگرنە بەر زیاتر دەتوانن مافەکانی کورد بە دەستوری بکەن و لە پەڕلەمان و حکومەتیش دا بەشدارییەکی چالاکی سیاسیان هەبێت.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە