پڕۆژەی ڕزگاری كوردو یەك دوو قسە

3 کاتژمێر پێش ئێستا

لەتیف فاتیح فەرەج

 

1 گەلی كورد لە دوای ڕوداوگەلی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە، یەكێتی و یەكبونی خۆی ڕاگەیاند ، ئەو یەكێتی و یەكبوونە دو خاڵی گرنگی دەرخست ، یەكەم گەل زۆر لە پێش حزبەكانەوەن بە تایبەت لە باشور ، دوەم كورد بوون سنورو پارچە پارچە كردن نازانێت ، ئەوەی لە سلێمانی و كەركوك و دواتر شارەكانی دیكەش بە ڕێوە چوو، لە لایەكەوە وەڵام بوو بۆ ئەوانەی دەیانگوت سلێمانی دەسبەرداری كوردایەتی بووە، یان كەركوك فرۆشراوە، پێموایە پەیامەكان گەیشتن ، ئەم كورد بوونە ئەركی زۆر كەس و ناوەند زیاد دەكات ، بۆ ئەوەی شوێنی خۆیان بزانن و ئەوەش ببینن كە دەبێت چی بكەن .

2

كورد بوونی ئەمجارەلە لایەك و گەلە كۆمەی سەر كورد لە ڕۆژئاواو مەترسی كۆمەڵكوژی لە ڕۆژئاواو ڕۆژهەڵاتیش كە بە داخەوە لە ئێران ترەمپ دەرگای دۆزەخی بەڕوی خەڵكدا كردەوەو دەیان هەزار كەس كوژران و ئەویش درۆی كرد لەوەی پاڵپشتیانە ، من لە سەرەتای ڕوداوەكانیش لە ستێرك تی ڤی گوتم ترەمپ بە دوای نەوت و پارەوەیە نەك ئازادی گەلان ، بەڵام هەر لە ئەمەریكا دەیان كۆگرێسمان پێچەوانەی ترەمپ و باراك بیر دەكەنەوە.

3

پڕۆژەی پاراستن یان ڕزگاری كورد بۆ ڕۆژئاوا دەكرێت ببێتە سەرەتای تەقەلایەكی دیبلۆماسی گەورە كە سەرەتا لە ئەمەریكاوەودەشێت لە بەریتانیاو فەڕەنساو شوێنگەلی دیكەشەوە سەر هەڵبدات بە مەرجێك كورد و لۆبی كوردی پاڵپشت و هاوكار بن ، پێویستە ڕەوەندی كوردی كە ئەمجارە ڕۆڵی گەورەیان گێڕا ، بەردەوام بن بۆ ئەوەی ناوەندە بڕیار بەدەستەكانی دنیا هاوكاری كورد بن ، بۆ ئەمەش سەدان بگرە هەزاران بیركەرەوەو خەمخۆری كورد دەتوانن بەو كارە هەستن.

4

كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان وەك تاكە چەتری پێكەوەیی كورد ئەركێتی لە دەرەوە لۆبی بۆ پڕۆژەی پاراستنی كورد بەڕێبخات ، بۆ ئەمە لە هەموو وڵاتان دەتوانێ‌ كاریگەری ئەرێنی دابنێت ، بە تایبەت كە بارەگای سەرەكی كۆنگرە لە برۆكسلەو بارەگای سەرەكی یەكێتی ئەوروپاش هەر لەوێندەرە ، ئەوەشمان بیر نەچێت یەكێتی ئەوروپا دۆستگەلی كوردی تێدان و دەتوانن ڕۆڵ بگێڕن.

5

جارێ‌ ماوێتی دەسكەوتەكانی تەقەلای دۆستان و كارە دیبلۆماتیەكان ببینین ، كورد لە ڕۆژئاوا هێشتان لە بەردەم مەترسیدان ، لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان زۆر خراپترە، بۆیە هەق نیە هەندێك كەس لە هیچە خۆیان بكەن بە پاڵەوانی ئەم بابەتە، یان كەسانێك بیانەوێ‌ وانیشانی بدەن ، بە پاڵەوانكردن نەڕابردوو دەسڕێتەوە نە هەڵەو كێماسی ، ئەوەش كە كراوە پێویستە وەك ئەرك تەماشا بكرێت ، ئەرك و هیچی تر .

6

سەركەوتن لە هەر بەشێكی كوردستان سەركەوتنە بۆ هەموو كورد ، شێوازی ڕێگاكان بەرەو سەركەوتن دەشێت لە جێیەك بۆ جێیەكی تر جیاواز بن ، ناكرێت بە تانەو ناشرینكردن لە بایەخی هەنگاوەكان كەمبكرێنەوە، پێكەوە بوون تەنها ڕێگەی ڕزگاریە ، هەر پڕۆژەیەك بۆ كردنەوەی بە ختی كوردان لە ئەمەریكا یان ئەوروپا بڕواتە ڕێوە پێویستی بە یەكبون و یەكدەنگی كوردە.

7

پێویستی ناوچەی ئارام بۆ ڕۆژئاوای كوردستان بە گرێدانەوەی عەفرین و گرێ‌ سپی و سەری كانیشەوە، زۆر گرنگە ئەمە نەك هەر بۆ كورد ، بۆ مەسیحی و ئێزدی و توركمان و پێكهاتەگەلی ئەو ناوچەیە ، كە دەشێت ئەو پێكهاتانە بە تایبەت مەسیحی و ئێزدی بەردەوام لە بەردەم هەڕەشەی سڕینەوەدا بن ،ئاوەزی سوپای سوری و ئەقڵیەتی عەرەبی سونەی ئەو ناوچەیە پێناچێت بە هیچ شێوەیەك مەسیحی و پێكهاتەی نا موسوڵمانی قەبوڵ بێت ، روداو گەلی پێشووتری دیمەشق ئەو قسەیەمان دەسەلمێنن.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی