شارپرێس:
بهگوێرهى ههواڵێكى ڕۆژنامهى فهرمیى عێراق، شیعەكان (48) كاتژمێریان بۆ پارتیو یەكێتیی داناوە بۆ ڕێككەوتن لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار، سهرچاوهیهكیش ڕایدهگهیهنێت، "سەردانی وهفدهكهى چوارچێوەی هەماهەنگی گرنگ بوە بۆ لێكنزیكردنەوەی دیدو بۆچونەكانی پارتیو یەكێتیی لهسهر ئهو پرسه"، دهشڵێت، "کۆبونەوهكان لهههولێرو سلێمانى، بوەتە هۆی دەركەوتنی ئاماژەی ئەرێنیو هەنگاونان بەرەو جێبەجێکردنی شایستە دەستورییەکان لەچوارچێوەی یاسایی خۆیاندا".
عەقیل ڕدەینی وتەبێژی هاوپەیمانی نەسر بهڕۆژنامەی (سهباح)ى ڕاگەیاندوە، وهفدى چوارچێوەی هەماهەنگی ڕۆڵێکی گرنگیان هەبوە لەنزیككردنەوەی دیدو بۆچونی نێوان هەردوو حزبە کوردییەكە سەبارەت بەهەڵبژاردنی سەرۆکایەتی كۆمار.
ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەو کۆبونەوانەی وهفدهكه ئەنجامیانداوە بوەتە هۆی دەركەوتنی ئاماژەی ئەرێنی لەلایەنی کوردییەوە سەبارەت بەکۆتاییهێنان بەبنبەستی سیاسییو هەنگاونان بەرەو جێبەجێکردنی شایستە دەستورییەکان لەچوارچێوەی یاسایی خۆیاندا.
ڕونیشیکردوەتەوە، چوارچێوەی هەماهەنگی دوو ڕۆژ مۆڵەتی داوەتە لایەنە کوردستانییەکان بۆ کۆتاییهێنان بەم چەقبەستوەو گەیشتن بەڕێککەوتن لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆکی كۆمار، ئەمەش ڕێگە خۆشدەکات بۆ تەواوکردنی ئەو شایستە دەستورییانەی کە ماون.
ئێوارەی دوێنێ وهفدى چوارچێوەی هەماهەنگی دوای زنجیرەیەک دیداری گرنگ لەگەڵ سەرکردەکانی هەردوو حزبی کوردی لەهەولێرو سلێمانی، گەڕاوەتە بەغدا.
ڕۆژنامەكە لەزاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە ئەوەشی بڵاوكردوهتهوه، کۆبونەوەکان ئەنجامی ئەرێنییان لێکەوتوەتەوە، لەگەڵ دانانی بنەمایەك بۆ کۆدەنگی نێوان هەردوو حزب سەبارەت بەمیکانیزمی هەڵبژاردنی سەرۆکی کۆمار، بەجۆرێك ڕێگریی لەهەر قەیرانێک لەپرۆسەی سیاسیی بكات، لەگەڵ زامنكردنی پابەندبون بەوادە دەستورییەكان.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی