یەکگرتوو یان خواگرتوو!

2 کاتژمێر پێش ئێستا

رێبوار عەلی چەلەبی


یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، بەرواری 6/2/1994 لە دوای  چەندین ساڵ خەباتی نهێنی ساڵی حەفتاو هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، خۆی وەک حیزبێکی سیاسیی ئیسلامی ئیخوانی ڕاگەیاند. ئەوێ ڕۆژێ بۆ منێکی گەنج زۆر مایەی دڵخۆشی بوو، کە لە ساڵی 1980وە لە ناو ڕێکخستنەکانی دابووم بەناوی (برایانی موسوڵمان_ئيخوان مسلمين_خەتی یەک*) کارمان دەکرد، من لە ئوسرەی مامۆستا (جەزای حەمەڕەشیی جولکەکوژ)بووم. لەگەڵ نەسرەدین عومەر وێڵەیەری و جەمالی مەلا حەمەومینی کانی مانگیدا پێکەوە کاری ڕێکخستن و بانگەوازمان دەکرد و یەکێک بووم لە دامەزرێنەرانی ئەو حیزبە لە ناو شاری سلێمانیدا. ئەو سێ کەسەمان ناویان لێنا بووین سێکوچکەی سلێمانی "بزاوتی ئیسلامی /عەبدولڕەزاق عەبدولڕەحمان"
ئەوکاتە خەونەکانی گەنجایەتیمان ئەوەبوو، حیزبێک مان هەبێت  بەهاکانی دادپەری و ئاشتیخوازی لە ناو کۆمەڵگەی کوردیدا بەرپابکات. بەڕاستی ساڵی 1994 یەکگرتوو ڕێک وادەرچوو، لە ناو جەرگەی شەڕی ناوخۆدا بێ چەک و ئاشتیخواز بوو، نامۆبوو بە حیزبەکانی ئەو کاتە. لە ناو خۆشدا دادپەری و برایەتی ڕاستەقینە وەک یەک گیان پەیڕەودەکرا، تاکو ساڵی دووهەزارو  سەرەتای سەدەی تازە زۆر گونجاو ڕوو لە گەشەکردن بوو، بەڵام لەدوای گۆڕانکاریەکانی ناوچەکەو عێراق دەبوو ئەو حیزبە خۆی نوێ بکاتەوە و نەوەیەی دووەم بە هزرو بیرکردنەوەی نوێوە سەر لەنوێ دایبڕێژنەوە، سەرۆک و سەرکردایەتی ئەوکاتە نەیانکرد لە دژی وەستانەوە. ئەوانەی ئەوێ ڕۆژێ داوای ئەو چاکسازی نوێبوونەوەیان دەکرد، ئەمانە بوون(هادی عەلی، مەولود باوە مراد،
محمەد ڕەوف، ئەبوبەکر کاروانی، عەبدولڕەحمان سدیق، سەیدا خەلیل دۆسکی، موحسین عەلی، عەلی سێوکانی، ئەبوبەکر هەڵەدنی، عومەر عەلی، ڕێبوار چەلەبی) بەداخەوە ئەو چاکسازیەیان نەیانکردو سەرانی تەقلیدی حیزب دژی وەستان. کۆمەڵێک ڕۆشنبیری ناو یەکگرتوو هەرزوو دەرکیان بەمەترسی دۆگما بوون و چەقبەستنی یەکگرتوویان بۆ دەرکەت و هەریەکەو لە کاتێکی دیاریکراودا وازیان هێنا لەوانە (ئازاد قەزاز، عەبدولکەریم فەتاح، ئەحمەد میرە،هێمن باقر، یاسین ئافتاو، ئومێد قەرەداخی، عیرفان مستەفا، عەلی زەڵمی، سۆران سێوکانی، بەهمەن تاهیر، هێمن قەرەداخی،عەلی مستەفا، عەلی کوردستانی، فازڵ نەجیب، هۆشیار عەبدوڵا، عەبدوڵا ڕێشاوی، فەیسەڵ محمد،شێخ محمد سۆڵەیی، فەرمان عەبدولڕەحمان) ... هتد
 دواتر سەرکردەو کادرە پێشکەوتووە کانی بەدوایاندا دەستیان لە حیزبەکە کشاندەوە.
یەکگرتوو لەدوای هەموو ئەو وازهێنانە بێ منەت بوو، بەڵکو کەوتە ناو ئەم هەڵە گەورانەوە:
1. نەیانتوانی لە ئاستی جەمارەی کوردستاندا کاربکەن و لە پانتایەکی تەسکی ئایدۆلۆژیدا خۆیان قەتیس کرد، کە لە باشترین حاڵەتدا لە دە کورسی پەرلەمانی کوردستان و پێنج کورسی پەرلەمانی عێراق تێپەڕی نەدەکرد.
2. کرمۆڵبوون لە ناوخۆدا و نەمانی دادپەروەری و دروستبوونی جیاوازی گەرە لە ڕووی مادییەوە لە ناو سەرکردایەتی و کادرانی حیزبەکەدا، لەسەر حیسابی خودی حیزبەکە.
3. بڵاوبوونەوەی نەخۆشیەکانی ژیانی حیزبایەتی لە ناو جەرگەی یەکگرتووەکاندا، وەکو گەندەڵی و ناوچەگەری و بەرژەوەندیخوازی و هەڵخلیسکانی ڕەوشتی و....هتد زۆر شتی تر بە شێوەیەکی بەرفراوان " سەلەفیی سیاسی لەدیوی ناوەوە، یاداشتی 35 ساڵ ئەندامێتی لە ناو برایانی موسڵمان و یەکگرتوو ئیسلامی دا2016 /ڕێبوارچەلەبی /چاپ نەکراوە(
4. واز هێنانی لەشکرێک لە سەرکردەو کادری حیزبی لە یەکگرتوو بە نهێنی و ئاشکرا، لەسەر هەڵوێستیان لەو حیزبە" لیستێکی گەورەیە، هەندێکیان دیارن"
5. لەڕوی نەتەوەییەوە، ئەو حیزبە بەرەو دواوە گەڕاوەتەوە و بۆ پاراستنی خۆی و مانەوەی کورسیەکانی، توندڕەوی ئاینی پەیڕەو دەکات و مەسەلە ئیسلامیەکان دەقۆزێتەوەو هەزاران جار غەزە دەکاتە قوربانیی ڕۆژاڤا، چونکە خێر لەوەدایە، نەک بابەتە نەتەوەییەکان.
6.کەوتنە داوی هاوکێشەی سونە لە بەرەی تورکیاو ئیخوان و سونەی عەرەب و پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەو حیزبە هاوسەنگی سیاسی لەدەست داوەو وەکو پاشکۆی لێ هاتووە و ئەگەر خۆی وەکو هێزێکی  ئۆپۆزسیونیش نیشان بدات، لە ژێرەوە ئەو ڕێکەوتنە نهێنیەی لەتەک پارتیدا هەیە، هەرگیز ناچنە بەرەیەکەوە دژی دەسەڵات و هەمیشە تەرازووەکە وەکو حکومەتەکەی 31ی ئاب بەلای پارتیدا دەبەن و پارتیش لە ڕووی بانگەوازەوە چاوپۆشیان لێ دەکات. لە ژێرەریشەوە کۆمەکی لە یەکێتی وەردەگرن لە بەرامبەرئەوەدا، سەرانی حیزب لە سنورێکی دیاریکراودا هاوکاریان دەکەن.
لە کۆتایدا ئەوە دەخەمە ڕوو، مەبەستم لە خواگرتووەکان ئەو سەرکردانەن کە ئێستا یەکگرتوویان داگیرکردووەو هەر کەسێک داوای ڕیفۆرمی بنەڕەتی بکات، بەپاساوی سەیروسەمەرە دەکەینە دەرەوە، باشترین بەڵگەش ئەو شەش کەسایەتیە بوون، لە پێش کۆنگرەی هەشتەمدا لە بەشداری کردنی کۆنگرەکەدا کرانە دەرەوە!
 بۆ ڕۆشنبیرانیش بانەکەونە هەڵەوە، یەکگرتوو ئەو  فریشتەیە نەماوەتەوە، کۆمەڵێک ڕۆژنامەنووس و تاک تاکە هونەرمەندێک بە سادەیی لەو حیزبە تێگەیشتوون، یەکگرتوو ئێستا بووەتە حیزبێکی توندڕەوی نانەتەویی داخراوی هەلپەرست و بۆ تەماح و بەرژەوەندی دنیایی، دەست بە کونی ماریشدا دەکات. بە کوردی وکورتی ئێستا یەکگرتوو لە پرۆژەیەکی گەورەی گۆڕانکاریەوە، بووەتە دوکانێکی سیاسی بچکۆلانەو ئەوانەی لێی دەخۆن، تیایدا ماونەتەوەو دڵیان پێی خۆشە.
 خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا دەفەرموێت :"كل حزب بما لديهم فرحون"
ڕێبوار عەلی چەلەبی
* خەتی یەکی ئیخوان، هێڵی ڕێکخستنەکانی ئیخوان موسلمین بوون باڵی سەلاحەدین بەهائەدین خورماڵی. خەتی دووی ئیخوان هێڵی رێکخستنەکانی ئیخوان موسلمین بوون هێڵی سدیق عەبدولعەزیز هەڵەبجەیی .  لە نێوان ئەو دوو باڵە دا، کێشەو شەڕی گەورەی لێ کەوتەوە لە ناو مزگەوتەکانی کوردستاندا.


ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی