لە ماوەی پێشوودا لە
بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان، پەتای زێر و زیو کڕین بڵابووەوە، پاش ماوەیەک بیستمان
کە خەڵکانێکی زۆر لەم بازرگانییەدا زیانیان کردووە، لەمەشدا لەلایەکەوە ئەو
خەڵکانە بەرپرسیارن کە تەنیا بە مەبەستی دەوڵەمەندبوون، خۆیان دەخەنە ناو
بازرگانییەکەوە کە هیچی لێ نازانن، دواجار خۆیان و ماڵ و منداڵیان تووشی
نابووتبوون و کارەسات دەبن، بەڵام لە لەلایەکی ترەوە بەرپرسیارێتی دەکەوێتە
سەرشانی حکومەت، چونکە حکومەت لە هەرێمی کوردستاندا، بە تەواوی بازاڕی ئازاد
کردووە و رادەستی کۆمەڵێک بازرگانی چاوچنۆکی کردووە کە ئەوانیش بە چەپ و راستدا
دەست دەبەن بۆ گیرفانی هاووڵاتییان و پارەکانیان دەبەن، هەر جارەو بە ناوێکەوە ئەم
کارە قێزەونە دەکرێت، دەمێک بەناوی سەرمایەگوزارییەوە، خەڵکانێک پارەیەکی زۆری
خۆیان دەدەنە دەستی بازرگانیك و ئەویش بەناوی قازانجەوە هەڵیاندەخەڵەتێنێت و
پارەکانیان دەبات، هەندێک جاریش بەناوی بازرگانی خانووبەرە، یان وەک ئەوەی ئێستا
زێڕ و زیو کە خەڵکێکی زۆر پارەیەکی زۆریان لەمەدا لەدەستداوە، ئەوەی جێگەی
سەرنجیشە حكومەت هیچ رێوشوێنێک بۆ دووبارە نەبوونەوەی ئەم دیاردانە ناگرێتەبەر.
خاوەنی
ژێرخانێکی ئابووریی بەهێز نین
لەلایەکەی
ترەوە بازاڕی دراوی بیانی لە هەموو وڵاتێکدا حکومەت چاودێریی دەکات، لە هەندێک
دەوڵەتیشدا هەر رێگە نادات بازاڕی دراو هەبێت، چونکە ترسی بۆسەر ئابووریی نیشتمانی
هەیە، ئێمە وەکو هەرێمی کوردستان خاوەنی ژێرخانێکی ئابووریی بەهێز نین، هەربۆیە
بەرگەی تەنگژەی گەورەی ئابووری ناگرین، هەروەها حکومەتیش خاوەنی ئابوورییەکی بەهێز
نییە، بە شێوەیەک کە ناتوانێت مووچەی مووچەخۆران بدات، لەم حاڵەتەدا زۆر گرنگە کە
حکومەت رێوشوێنی توند بگرێتەبەر، چونکە لەم رەوشە خراپەی ئابوورییدا کە بەشێکی
زۆری هاووڵاتییان پشت بە مووچە دەبەستن و ساڵیش نییە یەک دوو مووچەی هاووڵاتییان
نەفەوتێت، ئێستاش لە پڕێکدا خەڵکانێک نابووت دەبەن و هیچیان بەدەستەوە نامێنێت،
ئەمەش کارەساتێکی گەورەیە.
تا ئێستا هیچ
بازرگانێک سزا نەدراوە
لە ماوەی
پێشوودا بەهۆی کڕین و فرۆشتنی زێر و زیوەوە، خەڵکانێکی زۆر نابووت بوون، کەچی
حکومەت هیچ هەڵوێستێکی نەبوو، ئەو خەڵکانەی کە یاری بە چارەنووسی هاووڵاتییانەوە
دەکەن، لێپێچینەوەیان لەگەڵ نەکراوە و هیچ بازرگانێک سزا نەدراوە، چۆن دەبێت
حکومەت لەم کارەساتە گەورەیەدا هیچ هەڵوێستێکی نەبێت؟ ئەمە چ پەیوەندییەکی بە
بازاڕی ئازاد و سەرمایەدارییەوە هەیە؟ لەراستیدا ئەمەی لە بازاڕەکانی کوردستاندا
دەکرێت، بەهیچ شێوەیەک پەیوەندیی بە بازاڕی ئازاد و سەرمایەدارییەوە نییە، بگرە
دەچێتە قاڵبی مافیاگەرییەوە، هەربۆیە داواکارم حکومەت رێوشوێنی توند بەرامبەر بەو
کەسانە بگرێتە بەر، هەروەها سنوورێکیش بۆ بازاڕی دراوەکان دابنێت، چونکە ئەمە
چەندین جارە لەم بازاڕەوە، خەڵکانێکی زۆر تووشی نابووتبوون دەبن. دەبێت حکومەت خۆی
سەرپەرشتی نرخی دراوەکان بکات، نابێت ئاوا پشتگوێی بخات و رادەستی کۆمەڵێک
بازرگانی چاوچنۆکی بکات، چونکە ئەمە پەیوەندیی بە ئاسایشی ئابووریی نیشتمانییەوە
هەیە.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی