ئۆپۆزسیۆن لەدووڕیانی گۆڕینی حوکمڕانیی یاخود مانەوەی ئەم دەسەڵاتە

2 کاتژمێر پێش ئێستا

شاسوار عەبدولواحید

لەدوای ساڵی 2005وە، پارتیی‌و یەکێتیی رێکەوتنی دوولایەنەیان هەبووە و پێکەوە زۆرینە بوون، هەموو بڕیارێک لەلای ئەو دوو حیزبە بوو کە بێگومان لەم ڕێکەوتنەدا یەکێتیی زیانێکی گەورەی بەرکەوت و پارتیی ئەو دۆخەی ئێستای درووستکرد و خۆیشی تێیدابوو بە حیزبی ژمارە یەکی هەرێمی کوردستان، ئەگەر یەکێتیی لەبری هاوپەیمانێتیی لەگەڵ پارتیی، لەگەڵ هێزەکانیتردا هاوپەیمانێتیی درووست بکردایە، کارەساتی مەلەفی نەوت و دەست بەسەرداگرتن و بەبارمتەگرتنی مووچەی فەرمانبەران ڕووی نەدەدا، هەڵبژاردن و کۆمیسۆنی کۆنترۆڵکراوی پارتیی بوونی نەدەبوو، 11 کورسیی کەمینەکان بۆ پارتیی یەکلایی نەدەبۆوە، سولفەی زەواج و سولفەی عەقار دیزە بەدەرخۆنە نەدەکران، کارەبا گران نەدەکرا و بەمشێوەیەی ئێستا کەرتی تەندرووستیی تەسلیمی کۆمپانیا نەدەکرا (کە پارتیی سوومەندی سەرەکیی ئەو گۆرانکارییانە بووە).

ئێستاو دوای 21 ساڵ، پارتیی و یەکێتیی وەکو ژمارە پێکەوە 62 کورسییان هەیەو دەتوانن هەموو بڕیارێک پێکەوە بدەن، بەڵام ئەمجارە چیرۆکەکە جیاوازە، دۆخێک دروستبووە کە پارتیی و یەکێتیی ناتوانن وەک پێشتر پێکەوە حکومەت پێکبهێنن و ئەوە ساڵێک زیاترە حکومەت پێکنەهێندراوە.

لەئێستادا کەس نازانێ کێ حکومەت دروستدەکات و هیچ کەسێک بەتەنها ناتوانێت حکومەت پێکبهێنێت! بەڵام تۆ ئەم بەڕێزانە پێشئەوەی هیچ ڕویدابێت، دەڵێن من ئۆپۆزسیۆنم و من ئۆپۆزسیۆنم! باشە ئۆپۆزسیۆن بە، بەڵام ئۆپۆزسیۆنی کێیت؟! کێ ناڵێت تۆ حکومەت پێکهنابێنیت؟ وەک ئەوەی لەبەغدا هەموو هێزو لایەنە سەرەکییەکان نەیانتوانی حکومەت پێکبهێنن، کەسێکیان هێنا کردیان بەسەرۆکی حکومەت کە تەنها سێ کورسیی هەبوو.

لەم چرکەساتە هەستیارو گرنگەدایە پێویستە ئۆپۆزسیۆن ڕۆڵە مێژووییەکەی خۆی ببینێت و ئازیانە بڕیار بدات، ئەگینا ئەگەر ئەوان رێکبکەون لەنێوان خۆیانداو ئۆپۆزسیۆن بڵێ رێکەوتن و هاوپەیمانێتیی حەرامە بۆ ئێمەو تەنها بۆ پارتیی و یەکێتیی کراوەو ئەوان تەنها تەماشاکەربن، ئەی کەواتە بۆچی ئەم حزبانە بەشداریی هەڵبژاردن دەکەن و بەڵێن بەخەڵک دەدەن و خەونی ڕەنگاوڕەنگ نیشانی دەنگدەران دەدەن؟!

ئێ باشە! ئەگەر لەگەڵ یەکێتییدا رێکناوکەن، وەرن پێکەوە هاوپەیمانییەک دروستبکەن کە من پێشتر داوای ئەوەشم کردو وتم با ببنە هاوپەیمانییەک لەگەڵ نەوەی نوێ و یەکێتیی و هەموومان پێکەوە دەبینە زۆرینە، گوتیشم کە پۆستەکانی خۆشمان دەبەخشم بە ئێوە! بەمەرجێک وەرنە پێشەوە و لەدورەوە تەماشاکەر مەبن و با هەموومان ئەم هاوسەنگییە بگێڕینەوە بۆ ڕێڕەویی حوکمڕانیی و سەرۆک وەزیرانێک لە دەرەوەی پارتیی هەڵبژێرین و حکومەتێکی جیاواز و خزمەتگوزار درووست بکەین کە خزمەتی هاوڵاتییان بکات. بەڵام بەداخەوە نەهاتن و بیانووەکەیان ئەوەیە کە ئەوان ئۆپۆزسیۆنن «بەڵام ئاساییە لە پەرلەمان لەگەڵیاندا بن، لە لیژنەکان لەگەڵیاندا بن، لە کۆڕ و کۆبوونەوەکان لەگەڵیاندا دانیشن، لە بەغدادیش لەگەڵیاندا بن»، بەهەرحاڵ ئەم بیانووانە نە بۆ ئێستا و نە بۆ مێژووش نایخوات، ئەم هەڵوێستە لە مێژوودا دەنووسرێتەوە کە ئەم بەڕێزانە نەهاتنە پێشەوە بۆ درووستکردنی ئەم گۆڕانکارییە مێژووییە و گۆڕینی ڕێڕەویی حوکمڕانیی، ئەوسا بیانووەکان هەرچیەک بووبن، هەموو ئەو بیانووانە بەر نەفرەتی نەوەکانی داهاتوومان دەکەون.

لەم دۆخەدا کە هەموو میللەتەکە چاوەڕوانی گۆڕانکارییە و بەشداریی هەڵبژاردنی کردووە و دەنگی داوە، دەیەوێت تۆ باری لاری حوکمڕانیی بۆ ڕاست بکەیتەوە، کە نایکەیت، بیانوو دەهێنیتەوە، چیرۆک و حیکایەت دەخوێنیتەوە کە ناچێت بە گوێی فەرمانبەری بێ موووچە و کاسبکاری بێ پارە و گەنجی بێئیش و دانەمەزراو، کاتی هەڵبژاردنیش بەڵێنت پێدابن کە هەر دەرفەتێک بێتە پێشەوە تۆ ئەم حوکمڕانییە دەگۆڕیت! بەڵام نەخێر و نەهاتیتە دەست! چونکە ئاسانتریین ئیش ئەوەیە لە دورەوە تەماشاکەر بیت و بڵێی من حەقی سیاسەتم نیە و تەنها لە فەیسبوکەوە هاوار بکەیت، هاواری فەیسبوک دەبێت دوا هەمین بریاربێت کە هیچت بۆ نەکرا، هەموو ئامانجەکەت ئەوە بێت ببیت بە پەیامنێرێکی سیاسیی و لە فەیسبوکەکەتەوە بڵێی کارەبا گران بوو، نەوت وای لێهات، فڵان بار دزرا، مووچە نەهات. هەڵبەت بە تەوازووعەوە دەڵێم کە ئێن ئارتی زۆر باشتر لەو حزبانە ئەمە دەکات. 

ئێمە پێشتر بە خۆپیشاندان، بە تەنکەرە ئاو، بە دابەشکردنی نەوت و بەنزین و چاککردنەوەی تونێل و پرد و ڕێگاوبان، بە بە شەری ناو پەرلەمان، بە سکاڵا لە دادگای فیدراڵیی عێراق، بە پەیوەندیەکانمان لە بەغداد دۆخی کوردستانمان گۆریوە و ئەو یاسای هەڵبژاردنەمان گۆری. ئێستا برادەرانی یەکێتیی هاتوون دەڵێن با پێکەوە باڵانسی هێز و حوکمڕانیی راستبکەینەوە و ئەو داواکاریانە لە پەرلەمانەوە پێکەوە دەیچەسپێنین، بڵێم وەڵا نامانەوێت و هەر لە فەیسبوک هاوار دەکەم؟ ئاخر کەسێک کەمێک ئاقڵ بێت شتی وا دەڵێت؟

سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی