دەربارەی پشكی كورد لەسوپای عێراق

3 کاتژمێر پێش ئێستا

لەتیف فاتیح فەرەج

پارلەمانی عێراق دور لە هەر هاوبەشیەكی ڕاستەقینە ، عەبدولئەمیر یارەڵڵا ی كرد بە سوپا سالاری عێراق ،  وەك من بیستومە عەبدولئەمیر خۆی بە تەمای ئەوە بوو خانەنشین بكرێت ، تا دەنگدانی پارلەمانیش بە وەكالەت لەو پۆستەدا بوو، دوای دانانیشی سوپاسی سەرۆكی پارلەمان و سەرۆك وەزیران‌و ئەندامانی په‌رلەمانی كرد، هەیبەت حەلبوسی بەرامبەر فەرهاد ئەتروشی بەزمانێك زۆر بازاڕی قسەیكرد، هەڵبەت هەقیقەتی زۆربەی عەرەبی سونەی عێراق، دەسەڵاتداران بەرامبەر كورد ئەوەیە كە بینرا.

پێشتر تا 2015 ئەو پۆستە بە دەست بابەكر زێباریەوە بوو، بە گوێرەی قسەی بەرپرسانی كوردی ناو سوپای عێراقی بابەكر كەسێكی نەرم و نیان  بوەو جیاوازی لە نێوان ئەفسەرانی پارتی و یەكێتی و هەروەها عەرەبی و كوردیدا نەكردوە ، بەڵام كاتی خۆی ئێمە زانیاری ئەوەمان هەبو كەدەمانچەی زۆری بەخشاندبوەوە، ئەفسەرێك پێی وتم ئەوە ڕاست بوو ، بەڵام دواتر دەمانچەكان ئەوانەی درابووبە ئەفسەرانی عێراق لە سەرمان كرایە ماڵ، دوای خانەنشینبوونی بابەكر زێباری بڕیار بووە خورشید دۆسكی كە ئەویش ئەفسەرێكی كورد بووەو كەسێكی لە بەر دڵانیش بووە، دەبوو لە جێی بابەكر زێباری دەست بە كار بێت ، بە پێی زانیاری من ئەو كاتە زێباری داوای لە بارزانی كردوە جارێك دۆسكی مەخەنە ئەو شوێنە ئیتر ئەو پۆستە لە 2015 ەوە بە دەست كوردەوە نەما، گوایە لە 2017  دۆسیەی گەندەڵی لە سەر زێباری كرابێتەوە ، بەڵام وەك من بیستومە ئەوە زیاتر بانگەشەی سەردەمی عەبادی بوو، زێباریش شتێكی ئەوتۆی لەسەرنییە.

كورد نەك ناكرێت بەوە رازی بێت پۆستی سوپا سالاری لێبسەنرێت و دەبێت شەڕی لە سەر بكات ، بگرە دەبێت داوای پشكی راستەقینەی كورد بكاتەوە لە ناو سوپای عێراق ، پشكێك بە ڕێژەی كورد لە عێراقدا ، هەرچەندە لە سەردەمی شەڕی داعشدا لایەنی كوردی زۆربەی ئەفسەرو پلە دارەكانی خۆیان لە سوپای عێراق كشاندەوەو ئەفسەر هەیە لەو كاتەدا بە بڕیاری سەرۆكی هەرێم لەو پۆستەی كشاوەتەوەو ئەمە خۆی بۆی گێڕاومەتەوە، سەردەمێكیش زۆر بە ناشرینی سەیری ئەوانە دەكرا كە هێشتا لە سوپای عێراقدا ماون بە تایبەت دوای ڕیفراندۆم و ئەو ڕوداوانەی بە دوایدا هات، ساڵی 2003 بە دواوە هەموو دام و دەزگا هەستیارەكانی بە غدا پێشمەرگەو پاسەوانی كورد دەیپاراست، مام جەلال لەو بابەتەدا ڕۆڵی دیاری هەبوو ، لانی كەم هانی ئەفسەرانی كوردی دەدا لە سوپادا جێی خۆیان بگرن ، ئێستا ئەو سوپایە بە ڕێژەیەكی زۆر كەم كوردی تیایەو كاریگەریەكی ئەو تۆیان نیە ، ڕوداوی  جێگیركردنی یارەڵڵا بەو جۆرە پێمان دەڵێت پێویستە كورد لە سەر ئاستی باڵا پرسیاری ئەوە بكات بۆ كاتی خۆی ڕێگە نەدرا دۆسكی دابنرێت ، بۆ لە پارلەماندا هەوڵی سەپاندنی ڕای زۆرینە لە سەر پرسێكی بەو جۆرە درا ، بۆ سەرۆكی پارلەمان زۆر بازاڕیانە بە قسەی نەشیاو پەلاماری جێگرەكەی دا ؟. 

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی