چەند رۆژی رابردوو
ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ دیاریکردنی سوپاسالاری نوێی عێراق کوبووەوە، ئەو پشکە
بەپێی عورفە سیاسییەکە و مافە دەستوورییەکان پشکی کوردە و جۆرێکە لە گرەنتی سیاسیش
بۆ ئەوەی ئەو سوپایە هەروا ئاسان نەبێتەوە مەترسی لەسەر هەرێمی کوردستان و خەڵک و ئەزموونەکەی.
ئەوەی بینرا
لەناو پەرلەمانی عێراق جۆرێک لە گەلەکۆمەکێ و پیلانکردن بوو لە کورد، هەموو جۆرە رێککەوتن
و گتوگۆیەکی لۆژیکیانە رەتکرایەوە و هانا بۆ رێککەوتنی ژێربەژێری کوتلە عەرەبیەکان
برا و بەوەیش مەترسیی زیاتر لەسەر قۆناغە سیاسییەکە دروستکرا.
سوپاسالار، پۆستێکی
گرنگی سەربازییە و رۆڵی زۆری دەبێت لە هەڵگیرسان یان کۆتاییهێنان بە گرژییە سەربازییەکان،
هەروەها ئەگەر دادپەروەرانە کار بۆ بەهێزکردنی دامەزراوەی سەربازیی و بەرگریی عێراق
بەیەک پاکێج و بەرنامە بکات، ئەوا دەبێت ئەموو ئەوانەی بۆ سوپای عەرەبیی عێراق دەکرێت،
بۆ هێزەکانی پێشمەرگەیشی بکات و کار بۆ بەهێزکردنی بکرێت.
بەڵام ئەوەی
تێبینی دەکرێت، بەردەوام سوپای عێراق کار بۆ بەهێزکردنی بەشە عەرەبییەکەی و بێهێزکردنی
هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەکات، خواستی ئەوە بە ئەجێندای سەربازیی عێراقەوە دیارە هەرێمی
کوردستان خاوەن هێزێکی بەرگریی تۆکمە و پێشکەوتوو نەبێت، هەربۆیە دەبینین لە هەموو
رووکانەوە: مووچەیان دوادەکەوێ، بڕەکەی هاوتا ناکرێت لەگەڵ بڕی مووچەی سوپای عێراق،
چەکی پێشکەوتوویان پێ نادرێت، لە زۆر رووی دیکەیشەوە گەمارۆیان خراوەتە سەر.
جیاواز لە هەموو
ئەوانە، مەسەلەکە تەنها پەیوەست نییە بە دیاریکردنی سوپاسالاری عێراقەوە، بەڵکوو پەیوەستە
بە دەرکەوتنی ئاماژەکانی دژیاتەیکردنی زیاتری کورد و دەرکردنی پۆستە گرنگەکان لەدەستی
و دواتریش بەکارهێنانەوەی دژی بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان.
سەیربکەن: سوپاسالار،
دەزگاکانی هەواڵگری و ئاسایشی نیشتمانی، وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی بەرگری، فەرماندەی
باڵای هێزە چەکدارەکان کەوا لەهەمانکاتدا سەرۆک وەزیرانی عێراقیشە، هەموو لە بندەستی
عەرەبی سوننە و شیعەدایە، راستە ناکۆکن، بەڵام دەبینین بۆ پرسێکی وا گرنگ لە دژی کورد
بەشی زۆریان لەناو پەرلەمان دژی کورد و مافەکانی دەوەستنەوە.
هەموو ئەو دەزگایانە خاوەن سیاسەتێکی شۆڤێنیانەن دژی هەرێمی
کوردستان، بوودجەی گەورەیان خراوەتە بەردەست بۆ ئەوەی چەند دەتوانن بەهێزبن و لە هەر
دەرفەتێکدا گونجا، بیانووی زۆر بدۆزنەوە بۆ هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان، دەربازبوون
لەوەیش پێویستی بە یەکگرتوویی و بەهێزکردنەوەی پێگەی کورد لە بەغدا هەیە، چونکە هەر
لەئێستاوە ئاماژەکانی چوار ساڵی قورس بۆ کورد لە بەغدا دەرکەوتوون و مەترسییەکان گەورەتر
دەبن.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی