ئۆپەراسیۆنە نهێنییەکەی ئه‌مریكا و چەند سەرنجێک

2 کاتژمێر پێش ئێستا

هۆمەر محەمەد

ئەو ڕاپۆرتەی کە ماڵپەڕی شارپرێس لە ژێر ناونیشانی " ئۆپەراسیۆنە نهێنییەکەی ئه‌مریكا؛ چۆن ڕێگریكرا له‌گه‌وره‌ترین هه‌ڵاتنى مێژویى" بڵاوی کردووەتەوە، ئاماژەیە بەمەترسییەکی گەورە نەک بۆ عێراق بەڵکو بۆجیهانیش، هاوکات دەرخەری ڕاستییەکی تاڵ و ئاڵۆزی جیۆپۆلیتیکی لە ناوچەکەو شکستی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی نیشان دەدات. لێرەدا هەوڵدەدەم شیکارییەک بۆ ئەو خاڵانە دەکەم کە ڕاپۆرتەکەی شار پرێس خستوویەتیە ڕوو:
لە سەرەتای ڕاپۆرتەکەیدا شار پرێس کە لە فۆکەس نیوزی وەرگرتووە نوسیوێتی : لەئۆپەراسیۆنێکی هەواڵگریی نهێنیدا کە تەنها چەند هەفتەیەکی خایاند، ئەمریکا توانیی ڕێگریی لەکارەساتێکی جیهانی بکات، بەهەماهەنگی لەگەڵ بەغدا، شه‌ش هه‌زار لەمەترسیدارترین زیندانییانی داعش لەسوریاوە گواسترانەوە بۆ شوێنێکی پارێزراو لە عێراق؛ ئەمەش دوای ئەوەی واشنتۆن گەیشتە ئەو باوەڕەی کە دەسەڵاتی نوێی دیمەشق، توانای کۆنترۆڵکردنی ئەو سوپایە نادیارەی نییە کە لەپشت دیوارەکانه‌وه‌ چاوەڕێی دەرفەت بون." لەراستیدا کاتێک فۆکەس نیوز ئەم هەواڵە بڵاودەکاتەوە پەردە لەسەر بێ مۆراڵی ئەمریکا لادەبات کە بەهۆی نێردەکەیەوە توشی قەیران بووە، دەنا پاراستنی هەسەدەو رۆژهەڵاتی فورات بەدەست هەسەدەوە بەس بوو بۆئەوەی جیهان پارێزراوبێت لە هەڕەشەی تیرۆر. لەکاتێکدا ئەمریکاو ئەوروپا خۆشخەیاڵ بوون بەوەی دیمەشق کە ئێتسا لەدەستی تیرۆردایە، سوریا بکەن بەحکومەتێک تیایدا ئارام بن ئەوەتا خۆیان دانیپێدا دەنێن ئەگەر فریا نەکەوتنایە لەپشت پەردەوە مەترسییەکی ئەمنی گەورە لەئارادابوو، هەوڵی ڕاکردنی شه‌ش هه‌زار چەکداری داعش لەزیندانەکانی سوریا، ئاماژەیەکی ڕوونە کە حکومەتی ئێستای سوریا جێگەی متمانە نییە بەڵکو هاوکارو پشتیوانی تیرۆرە، دەنا حکومەتێک نەتوانێت هێندەی هێزێکی نادەوڵەتی وەک سوریای دیموکرات کۆنترۆڵی زیندانیانی داعش بکات، کەواتە نەک زیندانەکان بەڵکو خودی حکومەتەکە بۆمبێکی ته‌وقیتكراوەو پێش تەقینەوە باشترە پوچەڵبکرێتەوە.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە مەترسیدارەی فۆکەس نیوز بڵاوی کردووەتەوە، دۆخەکە مەترسیدارە نەک هەر بۆ عێراق بەڵکو بۆ تەواوی جیهان، ئەوانەی بەنیازی هەڵاتن بوون " له‌ خراپترینى خراپەکانن، واتە سەرکردە، داڕێژەرانی پیلان‌ و پسپۆڕانی تەقەمەنی گروپى تیرۆریستى داعش".بوون کەواتە دەبێت بپرسین، کەوایە بۆ دەستیان لەهەسەدە بەردا ؟ ئەمریکا بەنیازیی چییە ؟ هەوڵدەدەم لەخوارەوە لەچەند خاڵیکدا هەندێک سەرنج بخەمەڕوو:

١. گۆڕینی شوێنی بۆمبەکە، نەک پوچەڵکردنەوەی
ئەم ئۆپەراسیۆنە نیشانەی ئەوەیە کە ئەمریکا گەیشتووەتە بنبەست. هیچ متمانەیەکی بە جۆلانی نیە دەنا گواستنەوە وجێگۆڕکێ بە ٦٠٠٠ چەکداری مەترسیدار بۆ عێراق و "نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا" کارێکی ئاسان نییە ئەمە لە ڕووی ئەمنییەوە تەنها وەرگرتنی کاتە بۆ پلانێکی نادیار. وەک لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، ئەمە تەنها "گۆڕینی شوێنی بۆمبەکەیە". عێراق خۆی لە بارودۆخێکی سیاسی و ئەمنی ناسکدایە، و کۆکردنەوەی ئەم هەموو " جیهادییەی داعش" لە یەک شوێندا، مەترسییەکی گەورە لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی عێراق و ناوچەکەش دروست دەکات. ئێستا ئەوپرسیارە دیسان خۆی دەسەپێنێتەوە مادام ئەم بۆمبە لە دەستی ئەمیندا بوو بۆچی لێیان وەرگرتەوە ؟ مادام ئەوەندە مەترسیدارەو متمانەیان بەدیمەشق نییە بۆچی ئەمریکا نایانپارێزێ ؟ ئەمریکا کە خۆی بەسەرداری دونیا دەزانێ و لافی کۆنترۆڵکردنی دونیا لێدەدا چۆن زیندانەکانی پێکۆنترۆڵ ناکرێت ؟

٢. هەڵەی مێژوویی ئەمریکا و دەستبەرداربوون لە هەسەدە
هەسەدە بۆ ماوەی چەندین ساڵ دێوارێکی بەرزو بەهێز بوو لەبەردەم ئەو مەترسییەی ئەمریکای تۆقاندووە، بەڵام دەستبەرداربوون لە هەسەدە یان لاوازکردنی پێگەیان لەو ناوچانە، گەورەترین هەڵەی ستراتیژی و شکستی ئەخلاقی و سیاسی ئەمریکا بوو کاتێک پشت لە هاوپەیمانە هەرە دڵسۆز و کاریگەرەکەی (هەسەدە) کرد، کە لەسەر ئەرزی واقع شەڕی یەکلایی کەرەوەی کردووەو ئارامی ناوچەکەی راگرتبوو، بەڵام ئێستا نەک هەر متمانەی هەسەدە بەڵکو متمانەی نێودەوڵەتی لەدەست داوە.
کاریگەری لۆبی و پارە بەسەر خودی ترامپ و نێردەی ئەمریکا بۆ کاروباری تورکیا و سوریا لەکەس شاراوە نییە، روداوەکانی رۆژئاوا لەسوریا دەریانخست "تۆمبارک" هاوکاری تورکیابووەو کاریگەری ئەو وڵاتە و قەتەر لەسەری ئەگەری بازرگانی و بەرتیل وەرگرتن، شکستەکەی بۆ ئەمریکا کردووەتە ڕاستییەکی تاڵ؛ ئەوەی لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە دەرخەری بەرژەوەندییە بازرگانییەکان و فشارە دیپلۆماسییەکانی وڵاتانی ناوچەکەیە، وەک تورکیا کە هەسەدە بە مەترسی دەبینێت  ئەوەش دەرخەری ئەزمونێکی شکستخواردووی واشنتۆنە لەوەی چ بڕیارێکی هەڵەی داوە بەوەی متمانەی بەبازرگانێکی وەک تۆمباراک کردووەو چاوی لەجوڵە گوماناوییەکانی پێشووی پۆشیووە.

٣. ئایا هەسەدە باشترین بژاردە بوو؟
بێگومان، ئەگەر ڕۆژهەڵاتی فوڕات بە تەواوی لەژێر کۆنترۆڵی هەسەدەدا بمایە و پشتیوانی نێودەوڵەتی ڕاستەقینەیان لێ بکرایە (نەک تەنها لە کاتی شەڕدا)، ئەوا ئەم قەیرانە بەم شێوە مەترسیدارە خۆی نەدەخستەڕوو کێشەی بۆ عێراق و ئەمریکاو ناوچەکەش نەدەخوڵقاندو بەم شێوەیە نەدەگەییشتە بنبەست. ئاخر هەموو دونیا دەیانزانی کەوا بوونی هەسەدە چەندە پێویستە لەبەرئەوەی ئەزموونی چەندین ساڵەی لە بەڕێوەبردنی ئەم کەمپ و زیندانانەدا هەبوو، جگەلەوەی بە کەمترین ئیمکانیات و لەژێر هەڕەشەی بەردەوامی تورکیاو پوچەڵکردنەوەی چەندین هەوڵ وپلانی تورکیا بۆ رزگارکردنیان کەچی نەیانهێشت داعش سەرهەڵبداتەوە.
ئێستا ئەمریکیەکان و هاوپەیمانەکانی دەبێت پەنجەی پەشیمانی بگەزن کە بە دوورخستنەوەی هەسەدە ئەو سیستمە ئەمنییە توندوتۆڵەشیان تێکدا، کە چەند ساڵە دروستیان کردبوو.
٤. ئایا ئەمریکا بە مەمنونییەوە دەگەڕێتەوە بۆ لای هەسەدە؟
مێژوو ئەوەی سەلماندووە، کە ئەمریکا کاتێک دەکەوێتە تەنگانە، پەنا بۆ هێزە کاریگەرەکانی سەر زەوی دەباتەوە. ئەگەر بارودۆخی ئەمنی عێراق تێکبچێت یان زیندانییە گوازراوەکان ببنە هەڕەشە، ئەمریکا تێدەگات کە هیچ هێزێک وەک کورد و هەسەدە لە سوریا ناتوانێت ئەو ناوچەیە بپارێزێت. بەڵام کێشەکە ئەوەیە زۆرجار کاتێک دەگەڕێنەوە کە کارلەکار ترازاوەو زیانێکی زۆر گەورە کەوتووە.

٥. کەمپی هۆڵ و مافی مرۆڤ و نەوەی نوێی داعش !
ئەو مەترسیە گەورەی لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، دەرخەری ئەو خوێنساردی و بێباکییە کە جیهان دەبێت باجەکەی بدات چونکە بوونی هەزاران تیرۆرست و وەرنەگرتنەوە و دادگایی نەکردنیان تەنها خۆگێلکردن و چاو نوقاندن لەبەرپرسیارێتی نەبوو، بەڵکو بێ مۆراڵییەک بوو خەریکە باجەکەی دەدەن.
لەڕاپۆرتەکەدا هاتووە کەمپی هۆڵ (قەیرانی نەوەی نوێ)، ئەمە بەشە هەرە کاریگەرەکەی ڕاپۆرتەکەیە، باس لەوە دەکەن کە "منداڵانی داعش" گەیشتونەتە تەمەنی چەک هەڵگرتن، ئەوەیە دڵڕەقی و بێ مۆراڵی نیوللیبرالیزم کە گەورە بوونی منداڵان وەک کێشەیەکی ئەمنی ڕووت تەماشا دەکەن نەک وەک کێشەیەکی مرۆڤایەتی تاوانێکی گەورەیە کە جیهان لێی بێدەنگە .فەرامۆشکردنی منداڵانی ناو کەمپەکان گەورەترین بێ حورمەتی بوو بە ئینسان با منداڵانی داعشیش بن کەمنداڵن واتا بێتاوانن. جیهانێک کە پۆز بە دیموکراسی و پێشکەوتن و سەرمایەوە لێدەدات نەتوانێت ئەو مندالانە بخاتە ژینگەیەکەوە پەروەردەیان بکات بۆ داهاتووی مرۆڤایەتی شایانی ئەوەیە هەر داعشی تێبەردەی و لەترس ودڵەڕاوکێدا بژی لە ئێستادا کە ئەو منداڵانە گەورە بوون و بە ئایدۆلۆژیای تیرۆر پەروەردە کراون. هەرتاوانێک ئەنجامبدەن کێ لێیان بەرپرسیارە ؟ بە هەموو رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و نەتەوەیەکگرتووەکانیشەوە نەیانتوانی کاریگەرییان لەسەر دەسەڵاتی سیاسی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەبێت ئەو منداڵانە لەدۆزەخ دەربکەن و سەرلەنوێ بیانکەنەوە بەمرۆڤی ئاسایی و تەندروست ئێستاش گواستنەوەی زیندانییەکان بۆ عێراق چارەسەری "بیری داعش" ناکات. ئەمریکاو ئەوروپا دەبێت شەرمەزاربن کاتێک پشتیوانیان لەتورکیاو ئەبومحەمەد جۆلانی کرد بەوەی دەست بەسەر سوریادا بگرن وحکومەتێک دروست بکەن تیرۆر دۆستە نەک مرۆڤ دۆست. ئەگەر پێیانوایە دیمەشق نەیتوانیوە کۆنترۆڵی زیندانەکانی داعش بکات کەواتە گێل وبێئاگان لەوەی کە دیمەشق خۆی دەرگای زیندانەکانی بۆ تیرۆرستان کردەوە دەنا بۆ توانای ئەوەی هەیە بە لەشکری سەد هەزارکەسییەوە شەڕ لەگەڵ عەلەوی و دروز وکورد بکات و کۆمەڵکوژی ئەنجام بدات بۆ ناتوانێ زیندانیانی بێچەک کۆنترۆڵ بکات ؟!!   
ئەمریکا بەهۆی فشاری لۆبی وڵاتانی کەنداوو تەماحی دۆلارو بەرژەوەندییە کاتییەکانیەوە، خەریکە دەستکەوتەکانی شەڕی داعشیش لەبار دەبات. پشتگوێخستنی هەسەدە زیاتر لەوە دەچوو بۆنی نەوت گێژی کردبن و نەپەرژێنە سەرئەوەی بیر لەئاقیبەتەکەی بکەنەوە دەنا ئەوەی کردیان نەک هەر بێوەفاییە بەرامبەر هاوپەیمانێکی کاریگەر، بەڵکو مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر ئاسایشی جیهانیش. ئەگەر هەسەدە وەک هێزێکی سیاسی و سەربازی جێگیر لە ناوچەکەدا پشتیوانی بکرایە، ئێستا پێویست نەبوو ئەمریکا بە دزییەوە و بە ترسەوە ٦٠٠٠ بۆمبی تەوقیتکراو لەسوریاوە بگوازێتەوە بۆ عێراق و ترس ودوودڵی بخاتەوە.
بەڵام ئەفسوس جڵەوی مەرگ وژیانی مرۆڤایەتی بەدەست کەسانێکەوە کە ئەوەی بەهای نەبێت لەلایان مرۆڤە.
ئەوەی كه‌ناڵى فۆكس نیوزى ئه‌مریكى بڵاوی کردووەتەوە، ئابروچون و کەوتنی دەمامکەکانە کەناڵەکە نوسیویه‌تى " ئەمریکا متمانەی بەدەسەڵاتی نوێی دیمەشق نەبوو بۆ پاراستنی ئەو میراتە مەترسیدارە، بۆیە پەنای بۆ عێراق برد".

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی