ئایا جۆلانی لەگەڵ هەسەدە شەر دەستپێدەکاتەوە ؟

2 کاتژمێر پێش ئێستا

عمر قادر

ڕامان و بیرکردنەوە لە جوڵەی هێزەکان و گۆرانکاریەکانی ناوچەکە پێویستی بە خوێندنەوەی تازە هەیە.ئەگەر بەوردی نەشتەرگەری بۆ دۆخی ڕۆژئاوا بکەین لە چوارچێوەی بەرژەوەندی هێزەکانی هەرێمی و نێونەتەوەیی، رووندەبێتەوە بەرێوەبەرێتی خۆسەر تاوەکو ئێستا لە مەترسی جینۆساید رزگاریان نەبووە، دۆخەکە ترسناک و چاوەڕوانکراوە، هێزەکانی سوریا وگروپەکانی سەر  بە تورکیا بۆیان بڕەخسێ دەستنوێژی رێکەوتنەکە دەشکێنن. لەم روانگەیەوە گرتنە دەستی  سەرۆکایەتی سوریا لەلایەن ئەحمەد جۆلانی بە لەبەر چاوگرتنی باکگراوندی بێ هۆکار نیە.دەپرسین ئایا  بەرژەوەندی ئەو ئەجندایەی ئەمریکاو ئەوروپا دەیانەوێ لە رێگەی  ئەحمەد جۆلانی جێبەجێ بکەن  زیاترە یان کەمترە لە بەرژەوەندی پشتیوانیکردنی کورد لە رۆژ ئاوا ؟  سەرکردایەتی سیاسی کورد تاوەکو ئێستا لێکدانەوەی وردو قوڵی بۆ ڕەهەندەکانی ئەم پرسە نەکردووە، بزافی کورد تەنها لە دۆخی پەرچەکرداردا بووە لەرووی  سەربازی و سیاسی یان جەماوەری.دەبێ کورد ئەم راستیە بزانێ سەرۆکی سوریا لە بنەرەتدا کەرەستەی پڕۆژەیەکی ئابوری و سیاسی و ستراتیژیی ئەمریکاو ئیسرائیل و کەنداوی عەرەبی و ئەورپایە بەرامبەر روسیاو چین و ئێران و تەوژمی شیعەگەرا.  لە ئایندەی نزیک کۆمەڵێک پڕۆژەی ئابوری و سیاسی ستراتیژی بەهۆی دەستەڵاتی   ناوبراو جێبەجێ دەکەن، ئەم پڕۆژانە ڕەوتی چارەنوسی ململانی ناوچەیی و نێونەتەوەیی بە ئاراستەی بەرژەوەندی ئەوان دەگۆرێت. بۆیە لابردنی سزاکانی سەرسوریا
 وڵاکردنی دەرگا داخراوەکان بێ هۆ و مەبەست نەبووە! بەڵکو کارکردنە بە ئاراستەی ئامادەکاریەکان. سەرنج بدەن تاوکو ئێستا ئەوروپا پشت بە غازی ڕوسیا دەبەستێ. بەڵام ئەوروپاو ئەمریکا بەنیازن پڕۆژەی جێگرەوەی غازی ڕوسیا بە سوریادا تێبپەرێت، بەمەش کاریگەری بەهێزی دەبێت لەسەر ئابوری و پێگەی ڕوسیا، بەجێبەجێ بوونی ئەم پڕۆژەیە ئەوروپا دەستکراوەتر دەکات، بەدیوێکی تردا  وڵاتانی کەنداو مەبەستیانە بە هۆی کاریگەری سوننەگەرایی سەرۆکی سوریا هاوکار بێت بۆ دژایەتی دیاردەی تەشەیع و لاوازکردنی گروپەکانی سەربە ئێران.
هەروەها ئیسرائیل دەیەوێ لە چوارچێوەی پڕۆژەی رێگایی ئیبراهیمی رێکەوتنەکانی لەگەڵ (قوبرس و یۆنان) جۆلانی هاوکار بێت.
سەرەرای هەموو ئەوانە هەر چەند تورکیا بە هۆی فشاری نێونەتەوەیی لێکەوتەی کۆمەڵێک ئەگەر هەوڵیدا ئەزموون رابردوو وەربگرێ مامەڵەیەکی نەرمی کرد بەرامبەر ڕۆژ ئاوا. دەنگۆی ئەوەش هەیە جۆرێک گفتوگۆی نیمچە ناڕاستەوخۆ هەبێ لەگەڵ ڕۆژئاوا، لەلایەکی تر تورکیا وەک  خاوەن ماڵ لە سوریا مامەڵە دەکات، دەیەوێ پێشباری جێبەجێبوونی کۆی  ئەجنداکان دەستە گوڵی خۆی لە ناوچەکە بدات. ئەگەر هەلومەرجی بۆ گونجاو بوو بە هارینی هەسەدە دەست پێدەکات و دواتریش دەخالەت دەکات لە عیراق ئەمەش بە روونی لە قسەکانی ئەم دوایەی هاکان فیدان رەنگیدایەوە. بە ورد بوونەوە لە مشهەدی کۆی ئەجندای هێزەکان لە سوریا، دەردەکەوێ ئایندەی سیاسی سوریا پڕ پێشهات و ئەگەرە، هەسەدە لەفەزای ئەم جوگرافیا سەقەتە ئەرکی قورسەو ڕێگەی پڕ دڕک و داڵە. کەواتە ئامادەیی   ئەحمەد جۆلانی بۆ جێبەجێکردنی هەموو ئەجندایەک بەبێ هیچ پێوەرێک بەهۆی پاشخانی ئاینی و نەتەوەیی جێگەی تێڕامان و هەڵوێستەی جدیە
 دەپرسین ئەی ئەگەر ببێتە خاوەن هێزێکی پڕ چەک و ڕاهێنراو ؟ چ کارەساتێک دەکات ! لە تێروانینی  جۆلانی کورد مەترسی پلە یەکە لەسەر ئاسایشی سوریا،چونکە خاوەن هێزی ڕاهێنراو جوگرافیای خۆیەتی.بۆیە رێکەوتنەی کراوە لە نێوان (هەسەدەو دەوڵەتی سوریا ) بە فشاری ئەمریکاو فەرەنسا لەژێر کاریگەری لۆبی ئیسرائیل و هەڵوێستی یەکگرتووی کورد ئەنجام درا،بەڵام لە ئێستادا رێکەوتنەکە وەک خۆی جێبەجێ ناکرێت. ڕۆژانە خۆدزینەوەی سوریا لە برگەو ماددەکانی رێکەوتنەکە هەستی پێدەکرێت. لە کاتێکدا تا ئێستا چارەنوسی شەری ئۆکرانیاو روسیا، یەکلانەبۆتەوە، لەلایەکی تر ئێران پاڵپشت بەچین جیاواز دەردەکەوێ،هەروەها  تورکیا لە دۆخی بۆسەو دەرفەتدایە. لەلایەکی تر  بێباکی ترامپ بەرامبەر بەهای مرۆڤ و دیموکراسی  جێگەی گومان و مەترسیە! بەتایبەت لە ئێستادا دەنگۆی کشانەوەی یەکجاری ئەمریکا لەسوریا هەیە. پێشهاتەکان پێمان دەڵێ بەرێوەبەرێتی خۆسەر پێویستە بە وردی دۆخە لەبەرچاو بگرێت. کاتەکە وێست نەکات، پێش دەسپێکردنەوەی خولی دووەمی پەلاماردانی خۆسەر لەلایەن هێزەکانی جۆلانی و خێڵەعەرەبەکان و گروپەکانی سەربەتورکیا دابینکردنی پێداویستی خۆراک و لۆجستی و ماددی  ئەولەویەتی ئەرکەکانیان بێت. چالاکانەتر کار بۆ یەکگرتووی  شەقام و گوتاری  کوردی بکەن، شان بەشانی پڕۆژەی یەکگرتووی گوتارو کردار پێویستە رەوتی دبلۆماسی ئەکتیڤ تر بکرێت. خەڵکی رۆژ ئاوا پێویستە هاوشێوەی ئیسرائیلیەکان لە ماڵەکانیان بیر لە دروستکردنی شوێنی پارێزراو بۆ مناڵ و خێزان بکەنەوە، بۆ ئەگەری ڕوداوی شەرو بەریەکەوتن.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی