تویتەکەی ترامپ و شکستی لۆبی و دیلۆماسیەتی شیعەی عێراق

1 کاتژمێر پێش ئێستا

ڕێبین ڕەحیم


* فەترەی ڕابردوو چوارچێوەی هەمەهانگی دوای بێنەوبەردەیەکی زۆر نوری مالیکی سەرۆکی دەوڵەتی یاساو سەرۆک وەزیرانی پێشوتری عێراقی بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆک وەزیران کاندیدکرد ،ئەم کاندید کردنە باشترین خوێندنەوەیەک کە هێزە شیعیەکان بۆیان کردبێت ئەوەبوو کە ناوچەکە بە بارودۆخێکی سەخت و دژواردا تێدەپەڕێت بۆ ئەوەی عێراق لەو بارگرژیەدا  کەمترین زیانی بەربکەوێت باشترە کەسایەتیەکی بەهێزو خاوەن بڕیار بکەن بە سەرۆک وەزیرانی داهاتوو

* بەهەرحاڵ لەکەمترین ماوەدا دۆناڵدترامپ ی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا ڕەفزێکی گەورەی بە چوارچێوەی هەماهەنگی دا لە ڕێگەی تویتێکەوە گورزێک هەرچی لەو ماوەیەدا شیعە ڕێسای بوو کردیەوە بەخوری، ئەگەر ترامپ نەبوایە ڕەنگە هیچ کەسێکی دیکە لەعێراقدا بە موقتەدا سەدریشەوە نەیدەتوانی ئاوا بەو خێراییە کۆتایی بە مالیکی بێنێت و فاتیحا لەسەر ڕوفاتی زیندوی بخوێنێت
لێ ئەمە ترامپەو هێزی دۆلاری لەدەستەو پارەی عێراقیشی لە گیرفانیدایە هەر دژ وەستانەوەیەکی بەڵایەکی ئابوری گەورە دێنێتە سەر هەموو گەلانی عێراق و ئەگەر داڕوخانێکی گەورە لەبەردەم عێراقی نوێدا واڵا دەکات

* ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە لەو ماوەیەدا دەوڵەتی عێراق و سەفیرەکەی کە (نزار خەیروڵا)یە یاخود ڕاستر بڵێم هەمووی شیعەی عێراق نەیانتوانی لۆبیەک بکەن بۆ لابردنی هێڵی سور لەسەر نوری مالیکی لای دۆناڵد ترامپ، تەنانەت گەر بە پێدانی بڕە پارەیەکیش بوایە چونکە دەمێکە ڕوونبوەتەوە ئەوەی کە دەتوانێت هاوکێشەکان لای ترامپ و ئیدارەکەی پێچەوانە بکاتەوە ماددەو بەرژەوەندی ئابوریە نەک بەهاو قیەم وشتی لەوجۆرە دەی عێراقی خاوەن وزەو نەوت بایی ئەوەندە دەسەڵاتی نەبوو پۆستی سەرۆک وەزیرانی ئایندەی عێراق لە دۆناڵدترامپ بکڕنەوە؟

* بەپێی سەرچاوەکانی میدیا بێت  ئیدارەی ترامپ هەڕەشەی توندترو قورستری کردوە دژی دانانی نوری مالیکی بە سەرۆک وەزیرانی عێراق کەوا بوو ئێستا پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە وەک عەرەب دەڵێت(أین ألمفر؟) چارە چیە؟ بەئێستاشەوە ئەگەر هێزی دیبلۆماسیەت و لۆبی عێراق و بەتایبەت شیعە لە ئەمریکاو لای ئیدارەی ترامپ هەر ئەوەیە لەم ماوەیەدا بینیمان باشترین بژاردە ئەوەیە هێزە سیاسیەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی جۆرێک لە سیناریۆی ناکۆکی زەق بکەنەوەو بەشێک لەم هێزانە پاشەکشە بکەن لە پاڵپشتی مالیکی و جۆرێک لە نمایشی ناتەبایی بکەن دواتر مالیکی بۆخۆی پاشەکشەبکات لە کاندیدبوونی بۆئەوەی وا دەربکەوێت کە مالیکی لەبەر نەبوونی یەکگرتووی ماڵی شیعی خۆی لە کاندیدبوون بکشێنێتەوە ئەگەر نا ڕەنگە زۆر شت لە عێراقد وەها تێکبچێت بەکەس چاک نەکرێتەوە جا باشتر وایە ئەو گرێیەی بەدەست دەکرێتەوە نەیخەنە ددان ئەوکاتە چونکە لە حاڵەتی توندتربونی دۆخەکەدا تەنانەت مەرجەعیەتش ناتوانێت عێراق ڕزگار بکات

*بۆ کورد زۆر گرنگە هاوڕاو هاوسەرەنجی ئەمریکاو ئیدارەی سەرۆکەکەی بێت نەک دژ وەستانەوە چونکە بابەتێکی ئاشکرایە بەشێکی زۆری هێزی مانەوەی هەرێمی کوردستان بەندە بەو دۆستایەتی و هاوپەیمانیەی لەگەڵ ئەمریکاو ئەورپیەکان هەیەتی هەرجۆرە دژ وەستانەوەیەک دژ بە ئەمریکا ئایندەی باش نابێت و هیچ ئیش و ئەرکی هەرێمی کوردستانیش نیە بەرگری لە نوری مالیکی بکات ئەو پیرۆزبایانەش ئاراستەی مالیکی کرا هی پێش هێڵی سورو تویتەکەی سەرۆک ترامپ بوو.


ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی