مۆڵەتی هاوسەرگیریی بۆچی گرنگە؟

3 کاتژمێر پێش ئێستا

ئارام قادر حەمەسور

جیابوونەوەی هاوسەران یەکێکە لە کێشە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگە،  بەرزیی ڕێژەی جیابوونەوەی هاوسەران هۆکاری زۆری هەیە. خێزان بناغەی کۆمەڵگەیە، ئەگەر بناغە لاوازبێت، دواتر کۆمەڵگەیەکی لاواز درووست دەبێت. یەکێک لە چارەسەرەکان بۆ نزمکردنەوەی ڕێژەی جیابوونەوەی هاوسەران، بوونی مۆڵەتی هاوسەرگیرییە.

وەک چۆن مۆڵەت بۆ زۆرینەی چالاکییەکانی ژیان وەردەگیرێت، بۆچی گرنگترین پڕۆسەی ژیان کە هاوسەرگیرییە مۆڵەتی نەبێت؟

مۆڵەتی هاوسەرگیریی بریتییە لە بەشداری پێکردنی بەزۆری کچ و کوڕ لە خوولێکی تایبەت بەپڕۆسەی هاوسەرگیریی، پێش ئەوەی دادگا گرێبەستی هاوسەریان بۆ ئەنجام بدات. بۆ نمونە هاوسەران بەشداری خولێکی یەک مانگی دەکەن، خوولەکە لەلایەن توێژەرانی کۆمەڵایەتی و دەروونی و پارێزەر و دکتۆر و مامۆستای ئایینی، بەڕێوەدەچێت. تیایدا هۆشیاریی کۆمەڵایەتی و دەروونیی و یاسایی و پزیشکی و سێکسی و ئایینی دەدرێتە هاوسەران. دوای وەرگرتنی مۆڵەتی هاوسەرگیریی، دادگا گرێبەستی هاسەرگیرییان بۆ ئەنجام دەدات. 
ئەم پڕۆژە پێویستە ئەنجومەنی دادوەریی بیخاتە بەرنامەوە. چونکە زۆرینەی هۆکارەکانی جیابوونەوە لەبەر نزمی ئاستی هۆشیاریی ڕوودەدەن، یان هۆکاری بچووکن.

ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان، ئاماری هاوسەرگیری و جیابوونەوەی بڵاوكردۆتەوە بۆ ساڵی 2024، کەتیایدا ڕێژەی هاوسەرگیری 51،018 و ڕێژەی جیابوونەوە 12،384. واتا ڕێژەی جیابوونەوە 23% بووە.

بۆئەم مەبەستە وڵاتی مالیزیا بەنموونە وەردەگرین، ساڵانی 1980 و 1990 کان، ڕێژەی جیابوونەوە زیاتر بوو لە 32%. دواتر بەرپرسانی وڵات بەسەرکردایەتی مەهاتیر محمد بەدوای هۆکارەکانی جیابوونەوەدا گەڕان. بە پرسکردن بە توێژەرانی کۆمەڵایەتی دادگاکان و پارێزەران و دادوەران، گەیشتنە ئەنجامی ئەوەی کە هۆکارەکانی جیابوونەوە زۆرینەیان سادەن، پەیوەستن بەنزمی هۆشیاریی هاوسەران. بۆیە بڕیاریاندا پێش مارەبڕین لەدادگا، دەبێ کچ و کوڕ  مۆڵەتی هاوسەرگیریی وەرگرن لە خولە تایبەتییەکانی پەیوەست بە مۆڵەتی هاوسەرگیریی. لەساڵی 2000 ئەنجامی ئەم مۆڵەتی هاوسەرگیرییە دەرکەوت و ڕێژەی جیابوونەوە نزمبۆوە بۆ 8%. 

مۆڵەتی هاوسەرگیریی پێویستییەکی گرنگە بۆ هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی خێزان بەئاسانی هەڵنەوەشێت. ئەمەش ئەرکی ئەنجومەنی دادوەرییە.

توێژەری کۆمەڵایەتیی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە