لەگەڵ هاتنی مانگی شوبات هەست و هزرمان دەگەڕێتەوە بۆ دەیان ساڵ پێشتر، بە دڵێکی پڕ حەزین و بە چاوی پڕ فرمێسک یادی ئەزیزانمان دەکەینەوە کە سەرانی بەعسی ڕوخاو و بەکرێ گرتەکانیان بوونە دڕندە و لاشەی پیرۆزی نزیکەی دوو سەد هەزار ژن ومناڵ و پیر و گەنجیان بە زیندویی خستە ژێر لمی گەرمی نوگرەسەلمان و بیابانی عەرعەر.
ئەمڕۆ ٢٠٢٦/٢/٢٢ یادی ۳٨ ساڵەی ئەو تاوانە گەورە دەکەینەوە کە سەددام و دارودەستەکەی بەهێزێکی سەربازی زۆر و بە تانک و تۆپ و تەیارە لە ۹ قۆڵەوە پەلاماری گوندەکانی دۆڵی جافایەتی و دەوروبەری دا و دەستی لە هیچ نەپاراست.
سەرەتای هێرشەکە بە چەکی کیمیایی و بۆردومانی گوندەکان دەستی پێکرد چەندین کەس شەهید و بریندار بوون، دوای ماوەیەک هاوڵاتیانی ناوچەکە بەرەو سنووری ئێران بەناو بەفرێکی زۆر کە زیاتر لە دوومەتر باریبوو بە شاخ و دۆڵی سەختی شێخ محمد شەو و ڕۆژیان خستە سەر یەک تاگەیشتنە سەر سنور.
هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە فرمانی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بەرگریەکی سەختیان کرد کە توانیان نزیکەی یەک مانگ وەکو قەڵغان لە ڕووی سوپا زەبەلاحەکەی ڕژێمدا وەستانەوە ئەوەش بووە هۆی ڕزگار بوونی دەیان هەزار هاوڵاتی سڤیلی ناوچەکە .
قەدەری ژیانی کورد وایە هەرکاتێک ئاوارە بووبێت بەفر و باران و سەرمایە، ئەگەر بەرگری هێزی پێشمەرگە نەبووایە دەربازبوونی هاوڵاتیان بەو سەرمایە ئەستەم بوو، هەرچەندە دەیان هاوڵاتی ژێر بەفر کەوتن و لە سەرما ڕەق بوونەوە.
ڕژێمی بەعس دەیزانی کە سەرکردایەتی شۆڕش وەکو داربەڕووەکانی شاخەکانی کوردستان ڕەگ و ڕیشەی داکوتاوە لەناو دۆڵ و شاخ و بن بەردی دۆڵی جافایەتی، دڵسۆزی و پاڵپشتی هاوڵاتیانی ئەو سنورە بۆ شۆڕش مەترسی خستبووە بەردەم پلانی ڕژێم هەر بۆیە بڕیاریدا چەكی كیمیایی بەكار بهێنێت و گوندەكانی " سەرگەڵو، بەرگەڵو، یاخسەمەر، چوخماخ، هەڵەدن، گوێزیلە، چاڵاوە" بەتۆپی دوور هاوێژ تێكەڵ بە كیمیایی بۆردومانی ناوەچەکەی كرد.
ئەنفالی یەك كە لە 22 شوبات تاكو ۱۹ئاداری ۱۹۸۸ی خایاند، پرۆسەكە بە درێژایی (۸۰)كم لە بنگردەوە بۆ لای ڕۆژهەڵاتی دەریاچەی دوكانو شارۆچكەی دوكان، لە وێشەوە بۆ نزیک شاری سلێمانی و شارۆچكەی ماوەت و چوارتای گرتەوە. ئامانجی ئەم هێرشە لەناوبردن و وێرانكردنی دەیان گوندی دۆڵی جافایەتی بوو.
هێرشێکی بەرنامە بۆدارێژراو
هێرشەكە زۆر بە بەرنامە و فراوان رێكخرا بوو، وەكو شەڕ لەگەڵ دەوڵەتێكی زلهێزی بەرامبەر خۆی بكات، سەرپەرشتیاری هێرشەكە لیوا ڕوكن سوڵتان هاشم ئەحمەد بوو ناوبراو زۆر شارەزای ناوچە كوردستانییەكان بوو، چونكە لەوکاتەوە کە لە پلەی ملازمدا بووە، راژەی سەربازی لە ناوچەكانی كوردستان جێبەجێ کردووە. فەرمانی سەرپەرشتی كردنەكەش لەلایەن سەرۆكی ئەركانی سوپا نزار خەزرەجی و یاریدەدەرەكەی حسێن رەشید ەوە پێی سپێردرا.
هێزەكان كە بەشداربوون لە ئەنفالی یەكدا بریتیبوون لە زیاتر لە ۲۰ لیوا ، ٦۰ فەوج و دەیان فەوجی سوکی جاش کە دەیان هەزار جاش و مەفرەزەی تایبەت بوو، جگە لە دەیان كەتیبەی تۆپخانەی ۱۳۰ملم و ۱٥۰ملم و دەیان فڕۆکەی جەنگی کە عەمید عەلی حسێن مزعەل فەرماندەی هێزەكانی بدر الكوبرا تەنها لە ئەنفالی یەكدا، شەش مەدالیای پێ بەخشرا.
هەرچەندە ئێمە ساڵانە ئەم یادە بەرز ڕادەگرین بەڵام بێ باکی و خەمساردی بەرپرسان تەواو جێی تێڕامانە بۆچی وەکو پێویست گرنگی پێ نادەن و کار لە سەر بەجینۆساید ناساندنی ناکەن؟
ماوەی چەند ساڵێکە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران و پەرلەمانتارەکانی هەرێم و عێراق و وەزیری شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێم و سەرکردایەتی حیزبەکان ئامادەی ڕێوڕەسمەکەش نابن.
هیوادارین بەرپرسانی کورد ئەو ڕاستیە بزانن کە بناغەی حکومڕانی کوردستان کاتێک پتەو دەبێت و دوور دەبێت لە کەوتن کە تاوانەکانی ئەنفال و کیمیاباران و ڕاگواستنی گوندەکان و کۆمەڵکوژی کورد بە ڕەسمی لەناو پەرلەمانی وڵاتانی جیهان و نەتەوە یەکگرتووەکان بە جینۆساید بناسرێت.
ڕوحی ئەنفالکراوان شادبێت
سەربەرزی بۆ کەسوکاریان
سەرشۆڕی بۆ سەرانی بەعس و ئەو سەرۆک جاشانەی سوری بەرلەشکری ڕژێم بوون.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی